دەوڵەتی تورک کاغەزێکی بە هاووڵاتییەکی نابینا پەنجەمۆر کردووە تاوەکو ٣٥ ئەندامی هەدەپەی پێ دەستگیر بکات!

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەزۆ پیلانگێڕییەکیان بەرامبەر بە هاووڵاتییەکی نابینا ئەنجامداوە و لەو پیلانگێڕییەیاندا کاغەزێکیان پێ پەنجەمۆر کردووە، کە سکاڵا و دانپیادانانە بە ئەنجامدانی تاوانی ٣٥ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە!.

پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى هەزۆی پارێزگای ئێلح لە باکووری کوردستان هەڕەشەیان لە کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی س.ی کردووە تاوەکو وتە و دانپیادانان لە دژی باوکی بە پۆلیس بدات. لە ئەنجامی هەڕەشەکانی پۆلیس دا س.ی لە ئابی ٢٠٢٠دا لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی هەزۆ وتە و دانپیادانان لە دژی باوکی بە پۆلیس دەدا. دوای ئەوەش پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر حەسەن یاڵچینی باوکی و دەستگیریان کرد.  

لەو کاتەدا یاڵچین ٤ رۆژ خرایە ژێر لێکۆڵینەوە و سەرباری ئەوەى حەسەن یاڵچین یەکەمجاری بوو، کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر بکرێت، بەڵام پۆلیس مافەکانی بۆ روون نەکردووەتەوە و پارێزەرشی بۆ نەگیراوە. دوای دەستگیرکردنی و لێکۆڵینەوەکان هەندێک کاغەز براوەتە بەردەم حەسەن یاسینی نابینا و پێیان وتوە، ئەوانە پەنجە مۆر بکات. ئەو هاووڵاتییەش بە زانینی ئەوەى، کە ئەو کاغەزانە وتەکانی خۆیەتی، کاغەزەکانی پەنجەمۆر کردووە. دوای ئەو کارانە لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەزۆ حەسەن یاسین برایە بەردەم دادگا و لە دادگاش بە تۆمەتی "پشتیوانیکردن لە رێکخستن" و "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخستن" سزای زیندانیکردنی لە ماڵ بەسەردا سەپێنرا.  

دوای ماوەیەک هێدی هێدی دەرکەوت، کاغەزە مۆرکراوەکان بەو هاووڵاتییە نابینایە سکاڵا و دانپیادانانە لە دژی ٣٥ ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە، کە ناوی نازیمە ئاڤجی هاسەرۆک شارەوانیی هەزۆیشی لە ناودایە. دەوڵەتی تورک دەستیکردووە بە دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" و "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" و کاتێک ئەو کەسانە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، پۆلیسی پێی وتون، حەسەن یاسین دانپیادانانی لە دژتان تۆمار کردووە!.

حەسەن یاڵچین لەبارەی ئەوەى بەسەریهاتووە رایگەیاند، بەبێ ئەوەى ئەو کاغەزانەم بۆ بخوێننەوە کاغەزەکانیان پێ پەنجەمۆر کردم و وتی، "ئەوان کچە بچووکەى منیان فریوداوە و هەڕەشەیان لێکردووە تاوەکو لەسەر من دانپیادانان ئەنجام بدات. لەبەر ئەوەى کچەکەم تەمەنی بۆ ئەو دانپیادانانە کەمبووە، پۆلیس هاتووە و خزمێکی تری منی بەکارهێناوە و بۆ ئەوەى لە دژی ٣٥ کەس دانپیادانان ئەنجام بدەن و ئەو یارییەیان رێکخستووە. باشە بۆ ئەوە بەرامبەر بە ئێمە دەکەن. ئێمەى هەژار لە بری ئەوەى هاوکاریی بکرێین بۆ ئەوەمان بەسەردا دەهێنن. من لە هەموو ژیانمدا ئەوە یەکەمجارم بوو دەستگیر بکرێم، ئەو کاغەزانەیان هێنا و پێیان پەنجەمۆر کردم. دواتر چوون و کەسی تریان دەستگیرکردووە و پێیان وتون، 'حەسەن یاسین لەسەر تۆ دانپیادانانی کردووە'. منیان کردووەتە ئامانج، بەڵام من لەسەر هیچ کەسێک  دانپیادانانم نەکردووە".

ژ.ت