دەوڵەتی تورک کەرەستەی سەربازی بە شەمەندەفەر بۆ ئێران دەگوێزێتەوە

سەدان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لە هێڵی تاتوان – وان،ەوە بە کەشتی هێنراون بۆ وان و لەوێیەوە بە هێڵی شەمەندەفەر دەگوازرێنەوە بۆ ئێران.

سەدان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لە هێڵی تاوان – وانەوە هێنران بۆ بەندەری وان و لەوێ ئۆتۆمبێلەکان بارکراون بۆ ناو شەمەندەفەرەکان و ڕەوانەی ئێران کران. ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانە داپۆشرابون و سەرەتا دیار نەبوو بۆ کوێ دەبرێن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان دەیان واگۆنی داخراوی پڕ لە چەکیش لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکان بارکراون و گواستراونەتەوە بۆ ئێران.

حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە، کە کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی شەڕ و لە شارەکانی باکوری کوردستان دا بە پێی یاساکانی باری نائاسایی مامەڵە دەکات، بە تایبەتی و لە پێش هەمووانەوە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی وان و جۆلەمێرگ و لە ناوەندی شار و گەڕەکەکاندا و لە هەموو شارەکانی تریی کوردستانیشدا سەدان زرێپۆشی جێگیر کردووە. سەرباری ئەوەش بە بەردەوامی هێزی سەربازیی لە کوردستان زیاد دەکات. لەگەڵ بەکارهێنانی رێگای ئاسمانی و زەمینی، ئێستاش کەلوپەلی سەربازی بە هێڵی شەمەندەفەر دەگوازێتەوە.

شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکان لە ئیستەنبوڵەوە بە ڕێدەکەون و بارەکانیان بە کەشتی لە ناوچەی تاتوانی پارێزگای بەدلیس لە دەریاچەی وان-ەوە دەگوێزنەوە بۆ وان. لە وانیش بارەکان لە کەشتییەکان دادەگیرێن و دەکرێنە واگۆنەکانی شەمەندەفەر و بە رێگای ئاسن دەیانگوێزنەوە. پێشتر ئەو ڕێگا ئاسنانە بە زۆری بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان و کاروباری مەدەنی و بازرگانی و گەشتیاری بەکار دەبران، بەڵام ئێستا ئاکەپە – مەهەپە ئەو رێگایانە بۆ کاروباری سەربازیش بەکار دەهێنن. دەوڵەتی ئاکەپە – مەهەپە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی قورس لە کوردستان دەستی بە گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی لە رێگەى هێڵەکانی شەمەندەفەریشەوە کرد.

جگە لە گواستنەوەى زرێپۆش و کەرەستەى سەربازی بۆ شارەکانی باکووری کوردستان و زیاتر بڵاوەکردن بە هێزی سەربازی، هاکات لەم ڕۆژانەی دواییدا سەدان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و کەلوپەلی دیکەی سەربازی هێنراونەتە بەندەری وان و لە واگنە داخراوەکان بارکراون و ڕەوانەی ئێران کراون و ئەو پرۆسەیە لە ژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا بە نهێنی بەردەوامە.

ژ.ت