فراکسیۆنی گۆڕان: هەرێمی کوردستان لەبەردەم داگیرکاری و جینۆسایدی سەربازیدایە

فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لەبەردەم داگیرکاری و جینۆسایدی سەربازیدایە و داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکات هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەو داگیرکاریە بخاتەگەڕ.

فراکسیۆنی گۆڕان، لە پەڕلەمانى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی ٥/٥/٢٠٢١یاداشتێکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد سەبارەت بە لەشکرکێشی و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و وێرانکردنی ٧٦ گوند و پچڕاندنی تەزوی کارەبای ئەو گوندانە و زیان گەیاندن بە ژینگە و دارستانی ئەو ناوچەیە، لە ئێستاشدا جارێکی تر جەخت لە یاداشتەکەمان دەکەینەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم داگیرکاری و جینۆسایدی سەربازی و ژینگەیداییە، بەتایبەتی دەڤەری بادینانی دەلال، هێزی سەربازی تورکیا بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لە خاکەکەماندایە ژینگەکەی دەسوتینێ و دەشێوێنی.

 

باسلەوەشکراوە، داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین بەجدی لە رێگەی گفتوگۆوە هەوڵ بدات بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەرپرسیار بکات کە بە گوشار دروستکردن کۆتایی بەو داگیرکارییە بهێنن و ئارامی بۆناوچەکە بگێڕنەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێویستە داواش لە تورکیا بکرێت سنوری خۆی لەناو خاکی خۆیەوە بپارێزێت و رێز لە سەروەری خاک و ژینگەی کوردستان و .ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بگرێت

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٢٣ی مانگی ٤ی ٢٠٢١وە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر هەرێمەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا جگە لە زیانی گیانی چەند گوندێکی ناوچەکەش چۆڵکراون و دارستان و ڕز وباخی هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرانەش سووتێنراون و لەناو چوونە.

ڕ.ح