فەرماندەی چیا یاخی و سەرکەشەکەى جودی؛ سۆرخوین ئەکین

جەواهیر ئەنجو ناسراو بە سۆرخوین ئەکین لە ساڵی ١٩٩٠ لە گوندی رۆبۆسکی سەر بە ناوچەی بۆتان چاوی بە دونیا هەڵێنا.

جەواهیر ئەنجو ناسراو بە  سۆرخوین ئەکین لە ساڵی ١٩٩٠ لە گوندی رۆبۆسکی سەر بە ناوچەی بۆتان چاوی بە دونیا هەڵێنا. لە ساڵی ٢٠١٠ بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو. ساڵی ٢٠١٧ دەچێتە ناوچەی جودی و لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی دەوڵەتی فاشیستیی تورک دا بریندار دەبێت، بەڵام بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست دوژمن نارنجۆکەکەی بە خۆیدا دەتەقێنێتەوە و پەیوەستی کاروانی نەمران دەبێت.

"هەڤاڵ سۆرخوین لە هەر شوێنێک بووایە لەوێ ژیانی بە جۆش و زیندوو دەکرد"

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی پەکەکە سەبارەت بە کەسایەتی شەهید سۆرخوین دەڵێت: "بە رێزداری، خۆشەویستی و منەتدارییەوە یادی شەهید سۆرخوین دەکەینەوە. ئەو کچە بوێر، فیداکار، شەڕڤان و میلیتانی سەرکەوتنی رۆبۆسکی بوو، کە بە درووستی لە جودی تێگەیشت. ئێمە دەرفەتی ئەوەمان دەست کەوت کە لە قۆناخی پەروەردەدا هەڤاڵ سۆرخوین بناسین. بەڕاستی هەڤاڵێکی زۆر بە جۆش بوو، بە زەردەخەنەکانییەوە ژیانی زیندوو دەکرد. بەشدار بوونی لە پەروەردەدا زۆر بە  دڵخواز بوو. لێکۆڵینی دەکرد و لە هەوڵی ئەوە دابوو، کە لە قووڵاییەوە فێری بابەتەکان ببێت. دەیتوانی لەگەڵ مرۆڤەکان زۆر بە گەرمی و بە هاسانی پەیوەندی بگرێت. هەم لە دەوروبەری فێر دەبوو و هەم شتی فێری هەڤاڵانی دەوروبەری دەکرد. لە هەر شوێنێک بووایە لەوێ ژیانی بە جۆش و زیندوو دەکرد. هەڤاڵ سۆرخوین هێندێکیش هونەرمەند بوو. دەنگێکی زۆر خۆشی هەبوو. لەسەر گەریلا و تێکۆشانی ئازاد هۆنراوەی دەنووسی. بە زمانی هونەرەوە باسی لە تێکۆشان دەکرد. بەڕاستیش شاعیرێکی بەهێز بوو. درێژەپێدەری رێگاکەى شەهید مزگین و دەلیلا-کان بوو. هەڤاڵ سۆرخوینیش وەک ئەوان بە ئەندازەیەک، کە هونەرمەند بوو بەو ئەندازەیەش عەسکەر و شەڕڤانێکی بەهێز بوو. لە زانستی سەربازی‌دا، لە پێشخستنی زانستی تەکنیکی‌دا هەستیار، دڵخواز و لێکۆڵەر بوو."

"هەڤاڵ سۆرخوین پێشەنگایەتییەکی گەورەی بۆ گوندی رۆبۆسکی کرد"

نیشتمان سۆرخوین هاوڕێی تێکۆشانی شەهید سۆرخوین، بەمشێوەیە باس لە کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی شەهید سۆرخوین دەکات: "شەهید سۆرخوین یەکەمین ژنی گوندی رۆبۆسکی بوو، کە بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. دەوڵەتی فاشیستیی تورک سیاسەتێکی تایبەت لەسەر شار و گوندەکانی باکووری کوردستان بەڕێوە دەبات و لە نێو گەل دا بۆ تواندنەوەی گەنجان و دورخستنەوەیان لە کلتووری خۆیان، سیستمی جاشایەتی پێش دەخات. هەڤاڵ سۆرخوین راستیی دوژمنی لە نزیکەوە دەبینێت و ئاستی وڵاتپارێزیی زۆر لە پێش دەبێت؛ لەسەر ئەو بنەمایەش هەبوونی خۆی لە نێو پەکەکە دا دەبینێتەوە. بەشداربوونی هەڤاڵ سۆرخوین بۆ نێو رێکخستن و پشتیوانی و دەرکەوتنی لەو سیستەمە، لە بنەمادا پشتیوانی و دەرکەوتنی هەموو رۆبۆسکی بوو لەو سیستەمە؛ لەم سۆنگەیەشەوە هەڤاڵ سۆرخوین پێشەنگایەتییەکی گەورەی بۆ گوندی رۆبۆسکی کرد."

"هەڤاڵ سۆرخوین بە بیر و رامانی رێبەر ئاپۆوە خۆی ئاوا کردبوو"

سەرحەد ژێهات پاتنۆس یەکێکی‌تر لە هاوڕێیانی شەهید سۆرخوین وەها باس لە شەهید سۆرخوین دەکات: "تایبەتمەندییەکی سەرەکیی هەڤاڵ سۆرخوین لە بواری پێشکەوتن دا بوو. لە ماوەیەکی کورت‌دا هەم لە بواری ئایدیۆلۆژیا و هەم لە بواری سەربازی دا خۆی قووڵ دەکات و پێشکەوتنی مەزن تۆمار دەکات و لە تەمەنێکی گەنج دا باری رێکخستن دەخاتە سەر شانی. هەڤاڵ سۆرخوین چ کارێک کەوتبا پێشی بێ دوودڵی ئەوەی، کە قورسە یان نا بە باشترین شێواز پێکی دەهێنا. هەڤاڵ سۆرخوین لە بوارەکانی فەلسەفە، ئایدیۆلۆژیا، هاوڕێیەتی، پێوەرەکاندا و ...هتد بە بیر و رامانی رێبەر ئاپۆوە کەسایەتیی خۆی بونیاتنابوو."

"کاتێک هەڤاڵ سۆرخوین لە شیوەڕێیەکی جودی دا رێوەدەچوو؛ بە خۆشەویستییەوە لێی دەڕوانی"

لالەشین جودی سەبارەت بە خۆشەویستیی شەهید سۆرخوین بۆ جودی وتی: "هەڤاڵ سۆرخوین پێش ئەوەی بەشداری ریزەکانی گەریلاش ببێت خولیا و حەزێکی تایبەتی بۆ جودی هەبوو. ئەمەش داخوازیی ئەوەی تێدا درووست کردبوو، کە بێتە جودی. کاتێک هەڤاڵ سۆرخوین لە شیوەڕێیەکی جودی دا رێوەدەچوو؛ بە خۆشەویستییەوە لێی دەڕوانی. هەر هەنگاوێک کە هەڵیدێنا بە نرخەوە تەماشای دەکرد و وەک ئەوەیکە هەر شتێک زیندووە لەگەڵیان قسەی دەکرد. هەڤاڵ سۆرخوین لە فەرماندارێتی خۆیشیدا وەها پێداگر بوو. لە بەرامبەر هەڵە و کەموکوڕییان رادەوەستا و رەخنەی دەکرد. لەم بوارەدا هەڤاڵ سۆرخوین دەیتوانی دەوروبەری بەڕێوە ببات و رێنیشاندەر بێت."

"هەڤاڵ سۆرخوین دەیویست هەم خۆی بخاتە نێو دڵی جودی و هەم جودی بخاتە نێو دڵی خۆیەوە"

هاوڕێیەکی‌تری شەهید سۆرخوین ئاسرین سەمسورە و باس لە خۆشەویستیی هەڤاڵ سۆرخوین بۆ جودی و بوێریی ئەو دەکات و دەڵێت:" لێگەڕینی هەڤاڵ سۆرخوین بۆ ئازادیی ژن و تێکۆشانی ژن زۆر لە پێش بوو. بە تایبەتی لە بەرامبەر سروشت زۆر بە پەرۆش و تامەزرۆ بوو. لە روانینەکانی دا بۆ گەڵایەک و بۆ دارێک شتێکی جیاوازت تێدا دەدیت. هەڤاڵ سۆرخوین عاشقی جودی بوو. بەردەوام ئەم دەیگووت:"ئەگەر ژیان بکەم لە جودی ژیان دەکەم و ئەگەر بشمرم با لە جودی بمرم." بەمشێوەیە خۆی ئاوێتەی جودی کردبوو. دەیویست هەنگاو بە  هەنگاوی جودی بناسێت و هەم خۆی بخاتە نێو دڵی جودی و هەم جودی بخاتە نێو دڵی خۆیەوە. تایبەتیمەندییەکی هەرە بەهێزی هەڤاڵ سۆرخوین ئەوە بوو، کە لە بەرامبەر دوژمن دا زۆر بوێر بوو. بە ئەندازەیەک کە پەیوەستی ژیان بوو بەو ئەندازەیەش بەرامبەر بە دوژمن توڕە بوو. بۆ هەڤاڵ سۆرخوین ترس لە مردن بوونی نەبوو. ئێمەش لەو بوێرییەی هەڤاڵ سۆرخوینەوە، بوێریمان وەردەگرت."

"ئەگەر ژیان بکەم لە جودی ژیان دەکەم و ئەگەر بشمرم با لە جودی بمرم"

شەهید سۆرخوین کاتێک لە جودی گەریلایەتی دەکات بەمشێوەیە باس لە جودی دەکات: "باس کردن لە جودی، نە تەنیا بۆ جودی، بەڵکو بە گشتی لە پەکەکەدا پێناسەکردن وەها ئاسان نییە. پەکەکە بۆ هەر شتەی خۆی وەهایە. بە ئاسانی پێناسە ناکرێت. وێڕای هەر شتێکی خۆی، هەر ساتێک، ژیان، بە هەر راستییەکی خۆییەوە، بە هەستی خۆییەوە وەهایە. جودیش شتێکی وەهایە. تەنیا ئەگەر تۆ لە جودی دا ژیان بکەی دەتوانیت لێی تێبگەیت. ئێستاکە من چەندەش باسی بکەم، ئەوەی کە قەت نەیدیتووە و تێیدا نەژیاوە؛ رەنگە ئەو شتانەی من باسیان دەکەم بۆی بێ واتا بێت. بۆ ئەمەش دەبێت تێیدا بژیت. لە جودی ژیان ئەوەندە هاسان نییە، بە ئەندازەیەک کە زەحمەتە بەو ئەندازەیەش بەواتایە. مرۆڤە ئاساییەکان ئێستا بیر لەوە دەکەنەوە، کە ژیان لێرە زۆر زەحمەتە و دەرفەتی ژیان کردن بوونی نییە، بەڵام جودی شتێکی وەهایە، کە دەڵێی پێشتر لە کاتی درووست بوونی دا بۆ گەریلا ئامادە کراوە. "

"بە شەهادەتی خۆی ئەوەی بە ئێمە گەیاند کە قۆناغ چ هەڵوێستێکی لە ئێمە دەوێت"

سڵاو نەواڵ ئامەد باس لە تایبەتمەندیی وڵاتپارێزی و هەڤاڵێتیی شەهید سۆرخوین دەکات و دەڵێت:" زۆر یەک لە ئێمە وەکوو گەنجانی کورد گرێدراوی کلتوورەکەمانین، بەڵام مرۆڤ لە کەسایەتیی هەڤاڵ سۆرخوین دا ئەمەی راستەوخۆ دەدیت. لە ئاستێکی بەرز دا گرێدراوی کلتووری کوردایەتی بوو، لەگەڵی ژیانی دەکرد و ئەمەی لە هەڤاڵانی بەرامبەریشی دا دەڕواند. راوەستەیەکی زۆر سروشتی و گونجاوی هەبوو. بەم راوەستەیەی خۆی بۆ ئێمە دەبووە نمونەیەکی ژیان. ئاستی لێوردبوونەوەی هەڤاڵ سۆرخوین زۆر بەهێز بوو. ئامانجی یەکەمینی هەڤاڵ سۆرخوین ئەوە بوو، کە لە نێو رێکخستن دا لە ئاستی پێشەنگایەتی دا ببێتە سیمبول؛ کە وەهاش بوو. لە دوای شەهادەتی هەڤاڵ سۆرخوین هەڤاڵانێک، کە دەیانناسی زۆر پێی کاریگەر بوون. هەڤاڵ سۆرخوین هەڤاڵانی دەوروبەری فێری ئەوە کرد، کە هەڤاڵتییەکی راستەقینە چۆنە. بە شەهادەتی خۆی ئەوەی بە ئێمە گەیاند، کە قۆناغ چ هەڵوێستێکی لە ئێمە دەوێت."

ژ.ت