فوئاد بێریتان: ئامانجەکە دیموکراتیککردنی ئێرانە، کەس ناتوانێت بەری پێبگرێت

هاوسەرۆکی کۆدار فوئاد بێریتان رایگەیاند، "گەلەکەمان بە چالاکیە دیموکراتیک، مرۆیی و ئەخلاقییەکانی داوای مافەکانی خۆی دەکات. کەس ناتوانێت ئەو مافە لەدەست گەلەکەمان دەربهێنێت. ئامانج دیموکراتیک کردنی ئێرانە".

لە سێیەمین مانگیدا، ڕاپەڕینی گەل لەگەڵ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بە به‌هێزی و خۆڕاگری لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. سەرهەڵدانەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ریشەی داکوتاوە، بەڵام به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بنچینەیی تر و ڕادیکاڵ تر لە شارەکانی ئێرانه‌. ئاراستەی ئەم ڕاپەڕینە و ئەو ئامانجانەی کە خەڵک لە ئاسۆی خەبات و تێكۆشانیان جێگیریان كردووه‌، له‌و بابەته‌ گرنگانه‌یه‌، كه‌ له‌ ئێستادا بوونەتە جێی نیگه‌رانی هەموو کۆمەڵگا و ئۆپۆزسیۆن. بەمەبەستی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌م پرسانه‌، بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) چاوپێکەوتنی لەگەڵ "فوئاد بێریتان"، هاوسه‌رۆكی کۆمەڵگەی دیموکراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) ئەنجامداوە، کەدەقەکەی بەم جۆرەیە:

وەک دەزانن ڕاپەڕینی گەل لە سێیه‌م مانگی دا بەردەوامە، بەڵام لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شنۆ و مەهابادەوە هه‌تاكوو سنه‌ و جوانڕۆ به‌رفراوانتر بووه‌، بەڵام کۆماری ئیسلامی كوشتاری زیاتر ئه‌نجام ده‌دات. به‌ بۆچوونی ئێوه‌ چون ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ بكرێت؟ ئایا کرانەوەیەک ڕووده‌دات؟

له‌ سه‌ره‌تادا سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌م و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم. جوڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی له‌ سێیه‌م مانگیدا به‌رده‌وامه‌ و ده‌بینین به‌هۆی رێکخراوبوون و ئه‌زمونی چه‌ندین ساڵه‌ی گه‌لی كورد له‌و بواره‌دا، ڕاپه‌ڕین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ به‌راورد به‌ شاره‌كانی ئێران به‌تارانیشه‌وه‌، قوڵتر و ڕیشه‌یی تره‌. له‌ ڕۆژی ١٥ی تشرینی دووه‌مه‌وه‌، كه‌ ڕابوونی فراوانتر به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕینی ٢٠١٩ ده‌ستیپێكرد، ناردنی هێز له‌لایه‌ن ڕژێمی فاشیستی ئێران بۆ شاره‌كانی وه‌ك مه‌هاباد، بۆكان، سنه‌، جوانڕۆ و شاره‌كانی تر، بەشێوەیەکی کەمتر بینرا بە گوێرەی ستراتیژی سەرکوتی رژێم رووی لە هەڵکشان کردووە، ته‌نانه‌ت بارودۆخ له‌ خوڕه‌مئاواش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌یه‌. كاتێك ڕژێم بینی ڕاپه‌ڕینی گه‌لان به‌ جۆڕێك له‌ سه‌قامگیری گه‌یشتووه‌ و پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له‌ گۆڕه‌پان و شه‌قامه‌كان به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌، زیاتر هه‌ستی به‌ مه‌ترسی كرد و پەنای بۆ‌ ناردنی هێز و كوشتار برد. پێویسته‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ دڕندانانه‌ی فاشیزمی ئێران به‌ توندی ئیدانه‌ بكه‌ین. هه‌مووان، چ گه‌لان، چ میدیاكان و چ وڵاتانیش به‌ ئاشكرا ده‌یبینن، كه‌ ڕژێم دوای شۆڕشی ١٩٧٩و تێپه‌ڕبوونی ٤٣ سال، جارێكی تر ده‌ستی به‌ گه‌وره‌ترین له‌شكركێشی سه‌ربازی مێژووی بۆ كۆردستان كردووه‌. بێ باكانه‌، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ قۆناغی سه‌ركوت بگۆڕێت بۆ سه‌ركوتی سه‌ربازی توندوتیژانه‌ تر، كه‌ بینیشمان له‌ مه‌هاباد و جوانڕۆ گۆڕی بۆ ئەو شێوازە لە سەرکوت. هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكدایه‌، له‌ هه‌رێمی باشووری كوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی، كه‌ پێشوه‌خته‌ پلانی بۆ داڕێژراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بیانوویه‌ك بۆ سه‌ركوتی سه‌ربازی بدۆزێته‌وه‌. ساڵانێكه‌ دوای دروستبوونی په‌ژاك، ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای داگیركه‌ری پاسدارانه‌وه‌ میلیتارێزه‌ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ زۆر جیاوازتره‌.

له‌م بارودۆخه‌دا پێویسته‌ چی بكرێت و گه‌لی كورد چ ڕێگه‌یه‌كی له‌به‌رده‌مه‌؟

دۆخه‌كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه‌ خراپتر و ئاڵۆزتر بووه‌. گه‌لی ئێمه‌ به‌ شێوه‌ی دیموكراسی، مرۆیی و ئه‌خلاقیانه‌ داوای مافه‌كانیان ده‌كه‌ن. هیچ كه‌سێك ناتوانێك ئه‌م مافه‌ له‌ گه‌له‌كه‌مان زه‌وت بكات. ئامانج، به‌ دیموكراتیزه‌كردنی ئێرانه‌. كاتێك باسە لەسەر‌ دروستبوونی ڕاپه‌ڕینێكی ڕیشه‌یی و ڕوودانی شۆڕشێكی گه‌وره‌یه‌، كه‌واته‌ پێویستی به‌ تێچووی ماددیی و ڕۆحی هه‌یه‌. گه‌له‌كه‌مان بوێرانه‌ تێچووی مرۆییشی، به‌ پێشكه‌شكردنی ده‌یان شه‌هید داوه‌. به‌ پێشكه‌شكردنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ و گیانبازی ژنان و گه‌نجان، به‌ شه‌و و به‌ رۆژ له‌ سێیه‌مین مانگدا ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان خوڵقاندووه‌، كه‌ ڕێگه‌ی ڕاپه‌ڕینی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ كردووه‌. دره‌نگ بێت یان زوو، دواجار گه‌له‌كه‌مان پاداشتی ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وتی ڕژێمی فاشیست تا ڕاده‌ی كوشتنی گه‌نجانی مه‌هاباد و جوانڕۆ، له‌لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه‌ قبوڵ ناكرێت. ئێمه‌ بۆ شۆڕش ڕوومان له‌ چیاكان كردووه‌ و گیانباز و فیدایی گه‌له‌كه‌مانین، بۆیه‌ ڕاشكاوانه‌ به‌ دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان ده‌ڵێین كه‌ دان به‌خۆداگرتن و هێزی گه‌لی كورد و بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی له‌وه‌ زیاتر تاقی مه‌كه‌نه‌وه‌. ئێمه‌ گه‌لێك نین، ده‌سته‌وه‌ستان بین و له‌وپه‌ری داماوی و بێ ده‌ره‌تانیدا، سه‌یری له‌ناوچوونمان بكه‌ین. دواجار زوڵم و زۆریش سنورێكی هه‌یه‌. گه‌له‌كه‌مان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ستەم و زۆرداری له‌ ئاماده‌ باشیدایه‌. كه‌واته‌ دوژمن له‌و ڕۆژه‌ بترسێت كه‌ كارته‌كه‌ له‌ دژی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و گه‌لان زیاتر له‌ دژی خۆی ڕابپه‌ڕێنێت.

ئێمە بۆ گۆڕانکاری ریشەیی بڕوایەکی قوڵمان بە هێزی گەلان هەیە. بزوتنەوەیەکین کە هەرشتێک بڵێین، دەیکەین بەکردار. سویندمان خواردووە کە وەک گیانبازانی گەلەکەمان ئازادی بکەینە دیاری بۆ سەرجەم گەلانی کوردستان. ئاستەنگ و بەربەستەکان چەندەش گەورەبن تێیاندەپەڕێنین و رۆژێک دادێت ئەم شۆڕشە دەگەیەنینە دوامەنزڵی خۆی. ئەمڕۆ پێشەنگانی ئەم راپەڕینە گەلەکەمانن بەڵام بەم نزیکانە هەمووان دەبنە بەشێک لەو راپەڕینە.

پێتان وایە چەند رەوت گروپی جیاواز لەم راپەڕینەدا رۆڵیان هەیە؟

بە گشتی سێ دەستە و گروپ بە شێوەی باڵادەست و رەوت تیایدا رۆڵ دەگێڕن. یەکەم؛ گەلان و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخواز کە راستگۆیانە بەدوای مافە سروشتییەکانیانەوەن. دووەم؛ هەندێک رەوت کە سواری شەپۆلەکان دەبن و بەشێوەی بەرژەوەندیخوازانە و دەسەڵات خوازانە هەوڵ دەدەن شۆڕشەکە بقۆزنەوە و سێهەم، رژێمی فاشیست کە لە هەوڵی سەرکوتی راپەڕینەکەدایە. ئەم سێ گروپە لە قوڵایی راپەڕینەکەدا لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوەدان. ئەم تایبەتمەندی هەموو شۆڕشە مرۆییەکانە. لەناو جەرگەی رابوونەکانی ئەمڕۆدا، راپەڕین، ناسنامەی هێزەکان لە یەکتر دەپاڵێوێت هەم لەسەر ئاستی ئێران و هەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان. شۆڕشی راستەقینە لەسەر دەستی هێزە راستەقینە و راستگۆکان بەدی دێت. ئەوەی لەگەڵ خەڵک و خاکەڕا بێت، مایەی پەسەندی خەڵکە، بە پێچەوانەوە لە ململانێکە دەکرێتە دەرەوە. لە سێیەم مانگی راپەڕینەکەدا روخساری هەندێک رەوت ئاشکرا بووە و ریزەکان تاڕادەیەک روون بوونەتەوە. تەنانەت ئاستی تواناکانیش هەڵسەنگێنراوە. لە سبەی رۆژدا ئاسانتر دەبێت و هەموو کێشەکان بۆ دوارۆژی پاش ئازادی کەڵەکە نابێت. ستراتیژی ئێمە وەک کۆدار بریتییە لەوەی کە سازش لەگەڵ بەرژەوەندیخوازاندا ناکەین، بەڵام رێکاری دیموکراتیک بەرامبەر بەو حزب، رێکخراو و کەسایەتیانەی کە بیرکردنەوەیان لە ئێمە جیاوازە و دوژمنمان نین پەیڕەو دەکەین. رێز لە سیاسەت، ئایدۆلۆژیا و ئەندێشەی جیاواز دەگرین، بەڵام سیاسەتی دوژمنکارانە کە لە هەوڵی سڕینەوەی ئەو هێزە راستەقینانەی جێی پەسەند و متمانەی خەڵکن، رەتدەکەینەوە و لەگەڵیدا هەڵناکەین. خۆڕسک بوونی راپەڕینەکە لەلایەن خەڵکەوە گەورەترین یارمەتیدەربوو بۆ ئێمە کە لە ریزبەندی و پۆلێنکردنی رەوت و هێزە هەنوکەییەکان بە ئاسانی هەنگاو بنێین.  

گەنجان لە شەقامدا لە تێکۆشان و رووبەڕووبوونەوەدان، بازاری شارەکانیش لەم رۆژانەدا دەستیان بە مانگرتنی تەواوەتی کردبوو. هەنگاوێکی خۆڕسکیش بۆ مامۆستایانی ئایینی دەگەڕێتەوە. راگەیەندراوی ئەو پۆلە مامۆستا ئایینیانەی لە شارە جیاجیاکان بە شێوەی گروپی دەیان کەسی بڵاوی دەکەنەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بازاڕی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک هەفتەی دواییدا بەراستی هەڵوێستیان دیار و بەرچاوبوو و ئەرکەکانیان بەجێگەیاند. زانکۆکانیش چالاکتر بوون. لەشارەکانی موکریان، سنە، دێوڵان و مەریوان کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی ئازا و بوێری کورد وەک نوێنەرانی ئیسلامی گەل، کە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیی رژێمی فاشیست هێڵیکی جیاوازی تایبەت بە خۆی هەیە، راگەیەندراوی بەنرخیان بڵاوکردەوە. بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی سنە داوای کۆتاییهێنان بە ستەم و بەڕێوەچوونی ریفراندۆمیان کرد. ئەم هەوڵانە زۆر پڕبایەخ و تەواوکاری راپەڕینی جەماوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانن. رۆژێک دادێت ئەم راپەڕینە نەتەوەیی-دیموکراتیکە و ئەم هەنگاوە بەنرخەی مامۆستایانی ئایینی کورد لەگەڵ گەلانی سەرتاسەری ئێران زیاتر و زیاتر یەکگرتوو دەبێت. داواکارییەکانی مامۆستایانی ئایینی کورد بە تەواوەتی داواکاری خەڵکە.

لەم رۆژانەدا سوپای تورکیا دەستی بە هێرشی ئاسمانی لە دژی رۆژئاوا و باشوری کوردستان کرد. لە ٢٠ی مانگی تشرینی دووەمیشدا ناوچەکانی گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵات کرایە لە چیاکانی ئاسۆسی بۆردومان کرد. ئەم دەوڵەتانە چ پلانێکیان بۆ شکستپێهێنان بە بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد داڕشتووە؟ بەتایبەتی کە ئێرانیش هەم موشەکباران دەکات و هەمیش بەردەوام هەڕەشەی هێرشی زەمینی دەکات؟

رژێمی ئێران شەڕانگێزی و هەڵگیرساندنی شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی بە یەکێک لە رێگەکانی رزگاربوونی لە راپەڕینی جەماوەری لەناوخۆ دادەنێت.  لەکاتی دەستپێکردنی شەڕ لە سوریا هەم تورکیا و هەم ئێران چەندین جار پەنایان بۆ ئەو شێوازە بردووە. رەنگە هەندێک ئەنجامیسی هەبووبێت، بەڵام سەرکەوتنی بنچینەییان بەدەست نەهێناوە. لەبەرامبەر گەلی کورددا هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٧ پەنایان بۆ هاوپەیمانێتییەکی نوێ بردووە. یەکجار پێویستیان بە هەبوون و مانەوەی یەکترە، بەڵام ناکۆکیەکانیان هێندە قووڵە کە ئامانجەکانیان نایاتەدی. لە ئێستادا ئێران هەم لە تاران، هەم لە بەغدا و هەم لە دیمەشق رووبەڕووی گرێکوێرەی گەورەبووەتەوە. ئەوەی بیەوێت ناتوانێت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات. بابەتە سەرەکیەکە پرسی هێرش بۆ سەر هەندێک حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکوو ئەوەیە کە رژێم پێویستی بە سەرلەنوێ داگیرکردنەوەی کوردستان هەیە. دەوڵەتی تورکیش زۆر پێویستی بە وەها بابەتێک هەیە. هەردوو وڵات ئەگەر شەڕ لەدەرەوەی سنوورەکانیان رابگرن تووشی هەڵوەشانەوە و داڕووخانی گەورە دەبن. تاران ئەگەر بەردەوام هەڕەشەی داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان دەکات، بەڵام لە دەرەنجامە ترسناکەکانی لە داهاتوو دەترسێت. تورکیا لە ٢٠١٤ەوە بە شێوەی گشتی و بەتایبەتی لە ٢٠١٥ەوە شەڕی دەرەوەی سنوورەکانی لە دژی پارچەکانی کوردستان درێژە پێدەدات، بەڵام ئەگەر ئێرانیش هاوشێوەی دەوڵەتی تورک خۆی لە شەڕی ئێستای دژی کوردەوە تێوەبگلێنێت، هاوکێشەکە بۆ ئەو زۆر دژوار دەبێت.

چ پەیام و راسپاردەیەکتان بۆ خەڵک هەیە؟

ئەم شۆڕشە لەلایەن خەڵک دەستیپێکراوە. دەبێت لەسەرتاسەری ئێران دریژەی پێبدرێت. لە قۆناغی ئێستادا کە پێی ناوەتە سێیەم مانگەوە، ئەرکی سەرەکی هەر لە سەر شانی گەلە، کەواتە گەل لە ٧ ساڵ بۆ ٧٠ ساڵەوە دەبێت دریژە بە شۆڕشەکە بدات. تەنیا درێژەدان بە شۆڕش دەتوانێت سەرجەم توێژە بەشدارەکانی شۆڕش لە مەترسی ستەمی چری رژێم رزگار بکات. راگرتنی تەنیا بە واتای سەرکوت نییە، بەڵکوو مەترسی گەورەتری لە پشتەوەیە. ئێمە وەک کۆدار لە سەروو پشتیوانی، ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقییەکانی خۆمان بەرامبەر بە شەهیدان و گەلەکەمان جێبەجی دەکەین. رێگە و رێبازی تێکۆشانی بزوتنەوەی ئاپۆیی ئێمەش لەخۆبوردوویی و تێکۆشانی کردارییە نەک تەنیا سەیرکردن. هەمووان رۆژێک دەیبینن کە شایەنی خزمەت بە گەلەکەمانین.

هـ . ب