گەنجانی کەرکوک هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک-یان شەرمەزار کرد

گەنجانی شاری کەرکوک، هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر هەرێمەکانی زاپ، مەتینا ‌و ئاڤاشین ئیدانەکرد و پشتگیریی خۆیان بۆ بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دووپات کردەوە.

لە شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی نیساندا دەوڵەتی تورکی فاشیست لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستی بە هێرشێکی نوێی داگیرکەری کرد. گەنجانی شاری کەرکوک-یش لە باشوری کوردستان بەتوندی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکی فاشستیان سەرکۆنە کرد و ئەو هێرشەیان بە هەوڵێک بۆ داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستان ناونا، هەروەها گەنجانی کەرکوک پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی ڕاگەیاند.

سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، کارزان قادر کە گەنجێکی شاری کەرکوکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "ئەو داگیرکارییەی لە باشوری کوردستان روودەدات درێژە پێدەری قڕکردنی کلتور و لەنێوبردنی زمان و نەتەوەیی کوردە، ئەو هێرشەی تورکیا هێرشێک نییە تەنها بۆ سەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بەڵکو هێرشێکە بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان، لەم هێرشە داگیرکراییەدا تورکیا هەوڵدەدات ویلایەتی موسڵی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە."

هەروەها کارزان قادر ووتیشی: "پیویستە هەموو تاکێکی ئازادیخواز لەبەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییەی دەوڵەتی فاشستی تورک بوەستێتەوە و ڕێگربێت لەسەر درێژە پێدەریی داگیرکارییەکانی تورکیا لەنێو خاکی باشوری کوردستان."

سۆران سەردار گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوکە، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ووتی: "ئێمە وەکو گەنجانی شاری کەرکوک ئەو هێرشە دوژمنکارانەیەی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، داواش لە تەواوی ئازادیخوازان دەکەین لە کەرکوک و تەواوی باشوری کوردستان کە هەڵوێستیان هەبێت لەدژی ئەو داگیرکارییانەی دەوڵەتی فاشستی تورک."

هەروەها سۆران سەردار سەبارەت بە بێدەنگی و بێهەڵوێستی دەسەڵاتی باشوری کوردستان لەبەرامبەر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان ووتی: "بێدەنگبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییان هەیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، ئەگەر ئەو بێ هەڵوێستی و بێ دەنگییە مەترسیدارە بەردەوامیی هەبێت ئەوە لەداهاتوودا دەوڵەتی فاشیستی تورک تەواوی خاکی باشوری کوردستان و کەرکوک داگیر دەکات، کە دەبینین لە ئیستاوە دەوڵەتی تورک شاری کەرکوک بەخاکی خۆی ناوزەند دەکات."

هەروەها ئارین حوسێن کە گەنجێکی تری شاری کەرکوکە سەبارەت بە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک لەم هێرشانەی ئەنجامی دەدات لەسەر خاکی باشوری کوردستان ووتی: "ئامانج لە هێرشەکانی تورکیا گەڕانەوەی (پەیماننامەی میلی)یە، کە ئامانج لەم پەیماننامەیە ئەوەیە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بندەست بکەن، لەم هێرشەی دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە هەوڵی سرینەوە کلتور و زمانی کوردی دەدرێت، چونکە تورک هەمیشە هەوڵی داوە بوونی خۆی لەسەر سڕینەوەی گەلانی ناوچەکە بنیادبنێت."

لەکۆتاید ئارین حوسێن بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئێمە وەکو گەنجانی کەرکوک دژی ئەو هێرشە داگیرکارییەی دەوڵەتی فاشیستی تورکین و ئەو هێرشانە بەتوندی ئیدانە و شەرمەزار دەکەین. جێگای خۆشحاڵییە بۆ ئێمەی گەنجانی کەرکوک کە لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا لەو هێرشانەی سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەوڵەتی تورک تووشی شکستهاتووە و گورزی گەورەی لێدراوە لەلایەن گەریلاوە، وەکو گەنجانی کەرکوک بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیخوازی کوردستان بەرز دەنرخێنین و سەرکۆنەی تەواوی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک دەکەین."

ژ.ت