گونای: وەرن با هەموومان کاروانی ئازادی بەرفراوان بکەین

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە بانگەوازیەکی ئاڕاستەی دیمۆکراتەکانی تورکیا کرد و وتی:"وەرن با هەموومان بە یەکەوە کاروانی ئازادی و یەکسانی بەرفراوان بکەین."

ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە لە ناوەندی گشتی پارتەکەی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی سازکرد و باسی لە رووداوە هەنۆکەییەکان کرد.

گونای لە سەرەتای قسەکانیدا پیرۆزبایی جەژنی سەری ساڵی کۆمەڵگای کرستیان و جەژنی یەلدوی خەڵکی سوریانی کرد.

بڕیاری دادگای مافی مرۆڤیە ئەوروپا

گونای تیشکی خستە سەر بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کە لە بارەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەری کردبوو و وتی:"دادگا بەو بڕیارەی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی تیشکی خستە سەر ئەو سزا سیاسیانەی لە تورکیا لە دژی گەلی کورد دەرێن. ئەم بڕیارە وەکو شەرمی تورکیا لە ئەرشیفی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا تۆمار دەکرێت. ئەو بڕیارە باس لە چی دەکات؟ دەوترێت، ئەو بەڵگانەی بۆ بەردەوامیدان بە زیندانیکردنی دەمیرتاش پێشکەشتان کردووە، بۆ شاردنەوەی ئامانجی جیاواز و سیاسیە. ئەم بڕیارەتان یەکێکە لەو بڕیارانەی کە ئامانجی سیاسی لە پشتە."

گونای راشیگەیاند، ئەم بڕیارە هێمای کوشتنی داد و یەکسانیە و داوای کرد بە تایبەت دەمیرتاش و هەموو سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەرانی تریان ئازاد بکرێن و وتی:"لەوانەیە ئەردۆغان ئەم بڕیارە قبوڵ نەکات، بەڵام ئەم بڕیار پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە. ئێمە پرسیار لە ئەردۆغان دەکەین کە دەڵێت، 'ئەم پرسە پەیوەندی بە منەوە نیە' ؛ ئەگەر ئەم بڕیارە پەیوەندی بە ئێوەوە نەبێت، کاتێک ئێوە بە هۆی هەڵبەست و شیعرەوە دادگایی دەکران، بۆچی سەردانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاتان دەکرد؟

ئەم بریارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تەنها لە چوارچێوەی بڕیارێکدا نیە، بەڵکو هاوکات بانگەوازیەکیە بۆ داد و یەکسانی."

بانگەوازیەک بۆ دیمۆکراتەکان

وتەبێژی هەدەپە هاوکات بانگەوازیەکی ئاڕاستەی دیمۆکراتەکانی تورکیا کرد و وتی:"ئەم بڕیارە هاوکات بانگەوازیە بۆ داد و یەکسانی کە ئاڕاستەی دیمۆکراتەکان دەکرێت، لە راستیدا ئەمە دەرفەتێکە. هاوڕێکانمان بە خۆڕاگری، بە تێکۆشان ئەم دەرفەتەیان خوڵقاندووە. وەرن با هەموومان ئەم دەرفەتە بە یەکەوە گەورە بکەین. ئەگەر ئەم دەسەڵاتە، ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکات، ئەوا دەبێت کەسانی دیمۆکرات و یەکسانخواز، داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەک داغ، لەیلا گوڤەن و هەموو سیاسەتمەدارانی تر بکەن. وەرن با کاروانی داد و یەکسانی و ئازادی بەرفراوان بکەین."

گونای لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر سەپاندنی سزای ٢٢ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەر لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و وتی:"ئەم سزایە هیچ حوکمێکی نیە، چونکە لەیلا گوڤەن ئیرادەیەکە."

ز.ش