هاوسەرۆکی کەنەکە: تا ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە چارەسەر نەکەین لە باشوور ناڕۆین

زیاتر لە ١٥ ڕۆژە هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و شاندێکی یاوەری لە باشووری کوردستانن و دەڵێن: "تا  ئاڵۆزییەکانی نێوان پەکەکە و پارتی چارەسەر نەکەین لە باشوور ناڕۆین".

 دوای ئاڵۆزییەکانی ناحیەی چەمانكێ لە ناوچەی گارە و هەوڵە شەڕخوازانەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) دژی پەکەکە،  شاندێکی باڵای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کۆنگرە نەتەوەیی کوردستان هاتونەتە باشووری کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵۆزیانە و دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووە.

"لە شەڕدا خەڵکی وڵاتەکەمان زەرەر دەکەن"

دەربارەی کار و خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورستان و ئامانجەکانیان هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەحمەد قەرەمووس بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد  و وتی: "نزیکئی حەفتەیەکە شاندی کەنەکە لە باشووری کوردستانە، هۆکاری سەردانی شاندی کەنەکەش بۆ باشووری کوردستان ئەوەیە کە ئاڵۆزییەک و مەترسییەک لە نێوای هێزی کوردا ڕویداوە، ئەو دوو هێزەیش هێزی گەریلا و هێزی پێشمەرگەیە لە ناوچەی گارێ و چەند ناوچەیەکی دیکە، ئەم ڕووداوە ڕووداوێکی مەترسیدارە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئاڵۆزیی فراوانتر و ئەنجامی خراپتری لێ بکەوێتەوە، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بڕیارمان دا بە خێراترین کات لەم ڕەوشە ناخۆشە و هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە جیهانی هەراسان کردووە، شاندەکەمان بێتە باشووری کوردستان و دەس بە چاوپێکەوتنەکانی خۆیان بکەن. لە هەموو کات و ساتێکدا ئەم ڕوداوە نەخوازراوە ڕەنگە ببێتە هۆکاری شەڕێکی ناوخۆیی لە باشووری کوردستان کە جیاواز بێت لەو شەڕانەی لە نێوان کوردان ڕوویداوە لە ڕابردودا. بۆ ئێمە ئاشکرایە کە چەند زەرەر و زیانمان لە رابردوودا بەسەردا هاتووە، پێویست ناکا بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٠ تاکو ئێستا چەندینجار لە ناو هێزی کوردیدا شەڕی ناوخۆیی پێکهاتوە، خەڵک و وڵاتمان زەرەر و زیانێکی زۆریان بینی لەو شەڕانەدا".

"دەوڵەتی تورک هۆکاری ئاڵۆزیی نێوان لایەنە کوردییەکانە"

قەرەمووس ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی کورد لە قۆناغێکی نوێدایە و وتی: "ئەم دۆخەی ئەمڕۆ لە دۆخی پێشووتر جیاوازترە ئەگەر باسی چەند بابەتێک بکەم کە لەم ماوەیەدا ڕوویانداوە، ئێمە بێگومان تێدەگەین، کە ئەمە پرۆژەی دەوڵەتی تورکیایە و پلانی داگیرکردنی باشووری کوردستانە، هەروەها پاکتاوکردنی هێزی کوردە لە ناو خۆیاندا. ئەگەر بگەڕێینەوە ڕابردوو بۆ مانگی نیسان و ڕوداوی زینی وەرتێ، ڕووداوێکی لەم شێوەیە هاتە پێشەوە، بەڵام بە دەستێوەردانی کەنەکە و هێزە سیاسییەکان و کەسی وڵاتپارێز و ڕەوشنبیر تا ئاستێک چارەسەری بۆ ئەو ئاڵۆزییە دروستبوو. ئەمە هۆکارێکە، هۆکاری دووەم دەوڵەتی تورکیا لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک کرد لە ناوچەی حەفتانین و چەندین ناوچەی دیکە، لەو شەڕەدا دەوڵەتی تورکیا چەکی مۆدێرن و چەکی سەردەمی بەرامبەر شەڕڤانی ئازادی کورد بەکارهێنا.

"ئەگەر تورکیا لە دروستکردنی شەڕی نێوان کوردان سەرکەتووبێت، ئەوە ئێمە دەرفەتێکی مێژووی دەدەینە دەست دووژمنی خۆمان"

هاوسەرۆکی کەنەکە وتیشی، دروستکردنی ئەو ئاڵۆزییە لە گارێ لە بنەڕەتدا  بەشێک بوو لە هێرشەکانی تورکیا بۆ حەفتانین، هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا، بەرخۆدانی گەریلا لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییە تا ئاستێک پلانی دەوڵەتی تورکیایان تێکشکاند. یەک دەرفەت لە دەستی دەوڵەتی تورکیادا ماوە، دەیانەوێت بە شاردنەوەی شکستەکانیان و شاردنەوەی تێکشکاندنیان لە بەرامبەر شەڕڤانی ئازادی پلانێکی نوێ ئامادە بکەن، ئەو پلانە نوێیەش ئەوەیە، کە هێزی کوردی بێنێتە بەرامبەر یەک و شەڕی ناوخۆیی ئەنجام بدەن. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەم پلان و ستراتیژیەی خۆی سەرکەوتوبێت بێگومان ئێمە دەرفەتێکیی مێژووی دەدەینە دەست دوژمنی خۆمان. ئەگەر ئێمە ئەم پلان و تاکتیکەی دەوڵەتی تورکیا نەڕوخێنین ئەوە دەرفەتێکی گەورە دەدەینە تورکیا و شەڕێکی ناوخۆیی گەورە لە نێوانمان دروست دەبێت، ئەم شەڕەش تەنها بۆ باشووری کوردستان نا، بەڵکو ڕۆژئاوا و باکوریش زەرەرمەند دەبن بە هۆی ئەم شەڕەوەـ بۆیە دەوڵەتی تورکیا ڕووی کردوەتە ئەم پلانە.

"کەنەکە بۆ چارەسەری هاتوە"

ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە لە درێژەی نرخاندنەکانیدا وتیشی: "ئێمە وەکوو کەنەکە بە پێویستمان زانی و ئەم مەترسیەمان بینی کە ئێمە وەکو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە پشتگیری ڕێکخستن، لایەنی سیاسی و کەسایەتی جیاواز هاتوین بۆ ئێرە، هەم سەردانی لایەنەکان بکەین هەمیش سەردانی کەسایەتی ئاینی و سەرۆک عەشێرەتەکان بکەین، ئێمە باسی ئامانجەکانی کەنەکەیان بۆ دەکەین و ئێمە وەک کەنەکە دەمانەوێ ڕەوشەکە چارەسەر بکەین و بکەوینە نێوان لایەنەکان و بتوانین زەمینەیەکی چاوپێکەوتن، گفتوگۆ و چارەسەری پێش بخەین، هەتا ئاڵۆزیەکانیش چارەسەر نەکەین لە باشووری کوردستان ناڕۆین".

"پەرلەمان پشتگیری لە هەوڵەکانمان دەکات"

دەربارەی شێوازی کارکردنیان بۆ چارەسەربی دۆخەکە ناوبراو وتی: "پلانی ئێمە ئەوە بوو، کە پێش  لایەنی سیاسی و حکومی  چاومان بە  ئیرادەی گەل، کە پەرلەمانی کوردستانە بکەوێت، کە نوێنەرانی ئیرادەی گەلەکەمان دەکات و ڕێزی ئەگرین، ئێمە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان چاوپێکەوتنمان کرد و چاوپێکەوتنەکەش ئەرێنی بوو و ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئێمەش ڕون و ئاشکرایە و ئەوان پشتگیری هەوڵی کەنەکە دەکەن و بە هەوڵێکی زۆر پیرۆز دەیبینن. بێ شک و بێگومان پشتگیری سەدی سەدیان داپێمان و خۆشیان لە ڕاگەیەندراوی چاپەمەنیدا ئاماژەیان بەوەکرد، کە پشتگیری هەوڵی کەنەکە دەکەن و لەگەڵ داخوازی ئێمەن. ئێمە یەکێتی پەرلەمانی کوردستانیشمان بینی هەڵوێست و نزیکایەتی ئەوان هاوشێوەی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێز دکتۆر ڕێواز فایق بوو، پشتگیری و باوەڕیان بە ئێمە بەخشی".

"داوای دیدارمان لە مەسعود بارزانی کردووە"

دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ دانیشتن لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وتی: "لە دوای ئەوەی پشتگیریی  یەکێتیی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانمان بەدەست هێنا ئێمە هەوڵماندا لایەنەکان و لایەنی سیاسی ببینین و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی ببینین، ئێمە هەوڵماندا هەر یەکە لە مەسعوود بارزانی، نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ببینین بۆ ئەوەی داوا بکەین، کە ئێمە ئامانجێکمان هەیە و دەمانەوێت ئەم ڕەوشە چارەسەر بکەین. هەروەها ئێمە لەگەڵ زۆر لایەن و کەسایەتی چاوپێکەوتنی ئەرێنیمان پێکهێناوە، دەمانەوێت هەڵوێستێکی فەرمیی هەمو باشووری کوردستان هەبێت، کە نامانەوێت شەڕ دروست ببێت و لە دژی شەڕی ناوخۆیین و دەیانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانیشتن ئەم کێشانە چارەسەر بکرێت. ئێمە دەمانەوێت ئەم پشتگیرییەی خەڵکی باشوور نیشان بدەین کە هەوڵی کەنەکە بۆ ئەم مژارە پیرۆز دەبینن".

"بە زمانێکی ئاشکرا دەڵێین، شەڕی ناوخۆی کوردمان ناوێت"

لە کۆتای قسەکانیشدا هاو سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وتی: "ئێمە دەمانەوێت بە زمانێکی ئاشکرا ئەوە بڵێین، کە نە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و نە گەلی کوردستان و نە هیچ کەسێکی وڵاتپارێز و خەمخۆری بەرژەوەندیی کورد شەڕێکی بەم شێوەیەیان ناوێت، چونکە ئێمە دەزانین زەرەری ئەم شەڕە، کە لەگەڵ خۆیا دەیهێنێت ئامانج و دەسکەوتی بۆ هیچ لایەنێک نییە. بەرژەوەندیی کورد لە شەڕی ناوخۆییدا نییە، لەبەر ئەم هۆکارەش ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین و هەتاکو ئیمکان و هێزی ئێمە هەبێت داوا لە هەردو لایەن دەکەین بۆ چارەسەری، لە هەمان کاتدا ناوبەری ئێمە بۆ هەردولایەن دەپارێزین لە پێناو ئەوەی چارەسەرییەک بۆ ئەم ڕەوشە ببینین و نێوانی هەر دوو لایەن دەپارێزین. بەڵام ئەگەر شەڕ لە نێوان کورد ڕوو بدات ئێمە بە ئاشکرا لە دژی شەڕ ڕادەوەستین و هەوڵی خۆمان بەردەوام دەکەین. ئێمە بە هیواین، بەپێی ئەو چاودێرییەی ئێمە دەیبینین، کە گەل تێگەشتووە ئاڵۆزییەکی بەم شێوەیە و ناکۆکییەکی بەمشێوەیە، کە ببێتە هۆکاری شەڕێکی ناوخۆیی بەرژەوەندیی کوردی تێدا نییە."

ژ.ت