هاوسەرۆکی پادێ: دەبێت لێپرسینەوە لەو هێزانە بکرێت کە بوونە هۆی کۆمەڵکوژی

هاوسەرۆکی پادێ حسێن حەجی رایگەیاند کە ئەڵمانیا لەلایەکەوە جینۆساید بە فەرمی دەناسێنێت، لەلایەکی دیکەوە بەو چەکە ئەڵمانیانەی دەدرێنە تورکیا شەنگال بۆردومان دەکرێت و وتی، " نامانەوێت بەفەرمی ناسینی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان وەک ئەوەی ئەرمەنییەکانی لێبێت".

بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی چەتەکانی داعش لە دژی ئێزدییەکان وەک جینۆساید بناسرێت، پارتەکانی حکومەت، پارتی سۆسیالیست دیموکرات (ئێس پی دی)، پارتی سەوز و پارتی دیموکراتی ئازاد(ئێف دی پی) و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، پارتی یەکێتی کریستیانەکان (سی دی یو/ سی ئێس یو) بەمەبەستی دەنگدان لەسەر پێشنیارە یاسایەک رۆژی ١٩ی کانونی دووەم لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا دانیشتنێکی تایبەتیان سازکرد و بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵکوژی سەر ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناسی.

هاوسەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان (پادێ) حسێن حەجی لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمانیاوە کە جینۆسایدی ئێزدییەکانی بە فەرمی ناسیوە و هەندێک لە خاڵەکانی پڕۆژەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) کرد.

هاوسەرۆکی پادێ حسێن حەجی بەناوی پارتەکەیان و کۆمەڵگای ئێزدی سپاسی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیای کرد کە جینۆسایدی سەر ئێزدییەکانیان بەفەرمی ناسیوە و رایگەیاند، لە هەر شوێنێک دەبێت با ببێت، ئەگەر پشتیوانی دۆسیەی ئێزدییەکان بکرێت ئێمە سپاسیان دەکەین.

'نامانەوێت بە فەرمی ناسینی جینۆسایدی ئێزدییەکان وەک ئەوەی ئەمرنییەکانی لێبێت، دەمانەوێت بە کردەوە هەنگاو لەو بارەوە بنرێت'

حەجی ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەر ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی وەک جینۆساید قەبوڵ دەکات، ئەوە دەستکەوتێکە و وتی، "هەرچەندە بریارەکە درەنگ وەختیش بوو، بەڵام دیسان باش بوو. وەک ئێزدییەکان چاوەڕوانیمان لە دەوڵەتانی دیکە ئەوەیە کە جینۆسایدەکە بە فەرمی بناسێنن. با جینۆسایدی ئێزدییەکان وەک ئەوەی ئەرمەنییەکان نەبێت و دوای سەد ساڵ پەسەند بکرێت، دەمانەوێت لە زوترین کاتدا پەسەند بکرێت. ئێزدییەکان داوادەکەن ئێستا پەسەند بکرێت و بە کردەوە هەنگاوی بۆ بنرێت".

'کۆمەڵگا خۆی بەڕێوەببات و لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران بکرێت'

هاوسەرۆکی پادێ حەجی باسی لەوەکرد کە دەبێت کۆمەڵگاکە لە هێرشە دەرەکییەکان بپارێزرێت و وتی، "رێگە بدرێت کە ئەو کۆمەڵگایە خۆی بەڕێوەببات. ئەو مرۆڤانەی بوونە هۆکاری جینۆسایدیش، ئەو مرۆڤانەشی پشتیوانیان کردوون چ لە روی مادی و چ رێگەی تر، بەشداربوون تیایدا، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

'ئێمە قەبوڵی ناکەین کە ئێوە کارێک لەسەر کۆمەڵگای ئێزدی بکەن کە رێگە بۆ پشێوی و ئاژاوە بکاتەوە'

هاوسەرۆکی پادێ حسێن حەجی باسی دیداری خۆی لەگەڵ باڵیۆزەکان کرد و وتی، کە لە سەر رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم گفتوگۆکرا و باس لەوەکرا کە گوایە لە بەرژەوەندی ئێزدییەکاندایە، بەڵام ئەوەیان رەتکردووەتەوە و رایگەیاند، "ئەوە رێککەوتنێکی سیاسیە، کێ لەو بارەوە رێککەوتنی کردبێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندی سیاسیدا کردوویەتی. بە بێ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی تیایدا بەشدار بێت بەسەریاندا سەپێندراوە. ئەو هاوپەیمانیە قەبوڵ ناکرێت. خاڵەکانی کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگای ئێزدیدابێت، ئێمە قەبوڵیان دەکەین، بەڵام لەدەرەوەی بەرژەوەندی و بە پێچەوانەی ئیرادەی ئێزدییەکانەوە بێت قەبوڵی ناکەین. قەبوڵی ناکەین کە ئێوە کارێک بکەن و بەسەر شەنگالیدا بسەپێنن و پشێوی و حاڵۆزی روبدات. هەندێک بڕیار هەبوون کە کۆمەڵگای ئێزدی هەرگیز قەبوڵی ناکات، ئەوە لەلایەن ئەوانەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت و کاتێک گەیشتنە بڕیارێک بە تەواوەتی هەڵیدەوەشێننەوە، یان سەرلە نوێ هەمواری دەکەنەوە".

'دەوڵەت بەرژەوەندییەکانی خۆی بە بنەما دەگرێت، بەڵام رەنگە سبەینێ تورکیا دادگایی بکرێت'

حەجی سەرنجی راکێشا بۆ سەر بڕیارەکەی ئەڵمانیا کە لەلایەکەوە جینۆساید لە سەر کۆمەڵگای ئێزدی بەفەرمی ناسیوە و لە لایەکی دیکەوە یەک لەو دەوڵەتانەیە کە زیاترین پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک دەکات کە رۆژانە هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و شەنگال تا مەخمور. حەجی بەم جۆرە درێژەی پێدا: "زۆر چەکی ئەڵمانی بەدەست تورکیاوەیە لە هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا. ئەو بابەتە لەو کۆبوونەوەدا باسی لێکرا کە فڕۆکەکانی شەڕی تورک لە شەنگال دەدەن. راگەیەندرا کە هێزەکانی پێسمەرگە شەنگالیان جێهێشت و یەپەگە هاتن ئەوانیان پاراست. دەوڵەتانی ناتۆ پەیوەندی خۆیان لە نێوان دوو دەوڵەتدا لەسەر کۆمەڵگایەکی وەک ئێزدی، تورکمان، شەبەک و ئەوانەی دیکە تێکنادەن. پەیوەندییان هەیە، لە رێککەوتندان. ئەمڕۆ کە جینۆساید بە فەرمی ناسێنرا سبەینێ دادگایەک پێکبێت و دەستی تورکیای تێدا ئاشکرا بکرێت ئەوەی زۆرترین زیانی بەردەکەوێت تورک دەبێت. جیهان هەر هەموو دەزانێت تیرۆریستەکان لە ئەوروپاوە هاتن و لە رێگەی تورکیاوە پەڕێنەوە بۆ عێراق و سوریا. دەوڵەتانی ئەوروپا لە ژێر ناوی یاسای مافەکانی مرۆڤدا بەرژەوەندی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی خۆیان دەپارێزن و چاویان دەنوقێنن".

هـ . ب