کۆدار: گەلەکەمان بە خاوەنداریکردن لە تەرمی شەهیدەکان درێژە بە ڕاپەڕینە سەرتاسەریەکەی بدات

کۆدار ڕایگەیاند، بە خاوەنداریکردن لە تەرمی شەهیدان داکۆکی لە ڕاپەڕینەکەتان بکەن و ئاستی داخوازییەکان گەشەی پێ بدرێت بۆ گۆڕینی ڕیشەیی و داواشی لە هەموو حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرد، تێکۆشانی هاوبەش بۆ ئەم قۆناغە بەڕێوەببەن.

کۆدار ڕایگەیاند، بە خاوەنداریکردن لە تەرمی شەهیدان داکۆکی لە ڕاپەڕینەکەتان بکەن و ئاستی داخوازییەکان گەشەی پێ بدرێت بۆ گۆڕینی ڕیشەیی و داواشی لە هەموو حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرد، تێکۆشانی هاوبەش بۆ ئەم قۆناغە بەڕێوەببەن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەى کۆدار

گەلەکەمان بە خاوەنداریکردن لە تەرمی شەهیدەکان درێژە بە ڕاپەڕینە سەرتاسەریەکەی بدات

ڕاگەیاندراوی کۆدار بە بۆنەى ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

زوڵمی سیستماتیک و پلان بۆ دانراوی رژێمی فاشیستیی ئێران، کە هەموو دام و دەزگاکانی دەسەڵات هێرشی دڕندانە بۆ سەر ژنان بە ڕەوا دەزانن، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕابوونێکی دیموکراتیکی جەماوەری و گەلی لە سەرتاسەری ئێران  و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا  بوونەتەوە، کە لەلایەن کۆمەڵگەى مەدەنییەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. لە دوای کوشتنی بە ئەنقەستی "ژینا ئەمینی" لە تاران، کە سوکی و نانەجیبیی  و دڕندەیی ئەو ڕژێمە تاریکبیرەی نیشان دا، بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد قۆناغێکی نوێ لە ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردووە، کە بواری شۆڕشێکی ڕیشەى گەلانی ڕەخساندووە. ڕسکانی گەلان لە ئاستی ریفراندۆمێکی سەرتاسەرییە، کە ناوەرۆکەکەی "نا بۆ بنەمای رژێمی فاشیست و دژە دیموکراسی" شکڵی گرتووە.

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و خاوەنداریکردن لە تەرمی شەهیدان

ناڕەزایەتیی ئازایانەى گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی ستەمی چەند هێندە لەسەر ژنان و کۆمەلگە هەڵگری مانای گەورەی ژیانی ڕاستەقینەیە. بەو بۆنەیەوە وەکو "گۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)" سپاس و رێزی بێ پایانی خۆمان پێشکەشی گەلی کورد و گەلانی ئێران دەکەین. ئێمە ئەم ڕاپەڕینەی گەلان بە ناوەرۆکی "نا بۆ بنەمای رژێمی فاشیست و دژە دیموکراسی" دەزانین. گەلان لە شەقامەکاندا قسەی خۆیان و مافی خۆیان خستەڕوو و لە دوای کوژرانی ژینا، ڕژێمی فاشیست و دیکتاتۆر دەیان کەسی لە ڕەوتی ناڕەزاییەکاندا شەهید کردووە. سەرەخۆشی لە هەموو بنەماڵەى شەهیدان و گەلانی ئێران دەکەین. پێویستە گەلەکەمان خاوەنداری لە تەرمی هەموو شەهیدەکان لە شارەکاندا بکات و بە پێداگرییەکی جوامێرانە و ئازایانە تاوەکو وەرگرتنەوەى تەرمی شەهیدەکان کۆڵ نەدەن. ئەوە کارێکی شایستە و شیاوە، کە گەلەکەمان خۆی تەرمی شەهیدەکان بە ئامادەبوونی جەماوەری بەرفراوان بە خاک بسپێرێت.

ئاڵا و رەمزی ناڕەزایەتیی دیموکراتیکی گەلی

ئەو ئاڵایە، کە لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشم و رەمزی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکراوەتەوە، پێویستە هەموو رۆژێک بە ئامادەبونی پڕ لە پەرۆشییەوە لە شەقامەکاندا بشەکێنرێتەوە. بێگومان "ژن، ژیان، ئازادی" تەنها نەک دروشمێک، بەڵکو ئەندێشەیەک و تێڕامانێکی فەلسەفی بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازادە لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان. دەیان ساڵە ژنانی کورد بە پشتبەستوویی بەو ئەندێشە دەگمەنە لە تێکۆشاندان و لە هەر چواربەشی کوردستان قوربانیی زۆریان لەو پێناوەدا بەخت کردوە. بیر و ئەندێشەى ئازادیی ژن ئەمڕۆ بووە بە مانای تەواوەتیی ژیانێکی نوێ و گەلان لە ئەنجامدا ناچارن بە گەیشتن بەو ئازادییە. ژنانی کورد لە رژێمی فاشیستی زاڵ بەسەر کوردستانەوە تاوەکو تاریکبیرانی وەک داعش، بە پشتبەستن بە ئەندێشەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەهایان بە گەلان و کۆمەڵگەکان بەخشی. ئەمڕۆ ئەو ئەندێشەیە سنوورەکانی هەر چوار بەشی کوردستانی تێپەڕاندووە و بووە بە ئێرانی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی و جیهانی. ژنان و گەلان ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی دیموکراتیکیانەیان، مۆری ڕەتکردنەوەیان لە "ملهوڕی و ستەمی رژێمی فاشیست و سیستمی پیاوسالار دا". ئەم ناڕەزایەتییانە لە بنەڕەتدا ناوەرۆکی "بزووتنەوەیەکی گەورەی ژنان و کۆمەڵگە"ی لە خۆ گرتووە و لە مێژووی گەلاندا وێنەى نەبووە. بە دڵنیاییەوە پێش زەمینەى ئەم بزووتنەوەیە، تێکۆشانی دەیان ساڵەى گەلی کوردە، کە ئەمڕۆ ئەو دەستکەوتانەى لێ بەدیهاتووە. بزووتنەوەیەک بۆ هەموو کرێکاران، مامۆستایان، گەنجان، ژنان، خانەنشینان، چالاکانی مەدەنی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە، کە ساڵەهای ساڵە یەک لە دوای یەک ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە.

دروستکردنی کۆمیتەکانی بەڕێوەبردنی گەلیی ناڕەزایەتی

وەکو "گۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)"  دووبارە بانگەوازمان بۆ گەلان و گەلانی ئێران ئەوەیە، لە شەقامەکاندا یەکدڵ، هاوپشت و یەکگرتوویی بەهاداری ڕاپەڕینی ئەمڕۆ بپارێزن. پێویستە بە شێوەیەکی خۆڕسک و مەدەنی بە بەردەوامیی ناڕەزایەتییە دیموکراتیکەکان، ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبردنی گەلیی ناڕەزایەتییەکان لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن تاوەکو بەردەامیدانی درێژەی هەبێت. هەنگاوە دیموکراتیکە خۆجێیەکان بۆ دروستکردنی بەڕێوەبەریی گەلیی ناڕەزایەتیەکان لە هەموو گەڕەک و شارەکاندا پێویستیەکی گرنگ و حاشاهەڵنەگرە. بەم هەنگاوانە لە پێناو ئاڕاستەکردنی رێکخراو و بە پلان دا ناڕەزایەتییەکان ئاسانتر دەبن.

دەستوور و یاسای بنەڕەتیی دیموکراتیک

بێگومان داواکارییەکان و دروشمەکانی گەلان لە ناڕەزایەتییە دیموکراتیکەکانی ئەمدواییەدا پێویستە بە چەمکی حیجاب و لەچک و پەچەوە سنووردار نەکرێت، بەڵکو فراوانتر لەوە، گۆڕینی بونیادی رژێمی دیکتاتۆری و نووسینی "دەستووری بنەڕەتیی دیموکراتیکی گەلان بە ڕەچاوکردنی مافی تەواوی گەلان و نەتەوەکان" بە شێوەیەکی بە هێز بخەنەڕوو. داواکانی ناڕەزایەتیی شکۆمەند پێویستی بە ڕادیکاڵ بوون و لە ڕێگای نوێگەریی ڕیشەیی لە پێناو وەرچەرخانی گەورە لە دۆخی کۆمەڵگەکان و باشترکردنی ئاسودەیی و ئارامی و خۆشبەختیی ژیانە. ئەمە تاکە ڕێگای دیموکراتیزەکردنی ئێران و دانەوەی قەرزی سەرشان بە گەلان و نەتەوەکان.

تێکۆشانی هاوبەشی حیزبەکان و رێکخراوە کوردییەکان

ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان لە شەقامەکاندا هەمان سیستمی بەرگریی ڕەوای گەلییە بەرامبەر بە رژێمی دیکتاتور و دەزگا سەرکوتکارەکان. بۆیە داوا لە هەموو حیزب و ڕێکخراوە کوردیەکان دەکەین، کە بە "تێکۆشانێکی هاوبەش" قۆناغێکی نوێ لە ناڕەزایەتییەکان و ڕاپەڕینی گەلەکەمان هەڵبدەنەوە. "یەکێتیی دیموکراتیکی حیزبەکان و ریکخراوە کوردییەکان" شانبەشانی ڕاپەرینی جەماوەری و گەلی بنەمایەکی ناچارییە. بۆ سەرتاسەری ئێرانیش پێکهێنانی بەرەیەکی دیموکراتیک ڕەمزی سەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکان و ڕاپەڕینە، چونکا ئازادیی هەموو گەلێک بەبێ ئازادیی گەلانی دی بەدی نایەیت.

"ئەوەی تێکۆشێت ئازاد دەبێت، ئەوەی ئازاد بێت جوان دەبێت".

ژ.ت