کۆدار: تورکیا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ هەبوونی گەلەکەمان لە هەرچوار پارچەی کوردستان

كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (كۆدار) رایگەیاند، تورکیا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ هەبوونی گەلەکەمان لە هەرچوار پارچەی کوردستان.

كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (كۆدار) راگەیاندراوێکی لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ناوچەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵوگۆڕەکان بڵاوکردەوە. لەو راگەیاندراوەدا شیکاریی ورد بۆ زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە کورد و دۆزی کورد و دۆخی داگیرکەرانی کوردستان و پیلانەکانیان کراوە.

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆدار

تورکیا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ هەبوونی گەلەکەمان لە هەرچوار پارچەی کوردستان

هەبوونی فەزایەکی تێکەڵ لە کێبەرکێ و رەکەبەری کە وەک قۆناغی سێیەمی سەرمایەداری، نئولیبڕاڵ بەناو دەکرێ لە تەشەنەسەندن ‌دایە و ئاستێکی گشتی بەخۆوە گرتووە. ئەو مژارە لە سیمای شەڕێکی بەرفراوانی جیهانیدا بەڕێوەدەچێت کە وەک شەڕێ جیهانی سییەم بەناومان کردووە. چەند خاڵ وەک تایبەتمەندی ئەو قۆناغە لە بەر چاوە کە دەکرێ بەم جۆرە دەست‌نیشانیان بکەین؛ داڕوخان یا بێ‌بنەمابوونی رێساکان و نەریتەکان(هەنجارەکان)، ئەو یاسایانەی کە هەڵقوڵاوی ململانێ و شەڕەکانی جیهانین و ریشەیان لە دەریای خوێندا هەیە، هەلپەرەستی و بەکارهێنانی هاوسەنگییەکان، نەهێنی‌کاری و وەلانانی رێوڕەسمی بروکراتیک و داماڵینی بازنەکانی ڕەوایی‌پێدان و رەوایی‌وەرگرتن. هەڵبەت ئەوە نە بەو واتایەیە کە ئامانجەکانی پەرگالی سەرمایەداری جیهانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە یان دووچاری داشکان بووە، بەڵکوو لێرەدا بەگشتی پێوانەی سیاست ئەوەیە کە ئامانج، رێباز و ئامێری گەیشتن بە ئامانج، دیار دەکا. پراگماتیسم و ئامانج‌گەرایی بووە بە هۆی پەرەگرتنی رەفتاری قازانج‌گەرایانە و بەرژەوەندی ‌تەوەر. بۆیە لە روانگەی هێزەکانی جیهانیەوە هەبوون و مانەوە، پەیوەست و گرێدراوی ئەوەیە کە چیت هەیە و دەتوانن چ نرخێک لەسەر هەبوونی لایەنێک دابنێن. لێرەدا وشەکان و رەفتارەکانی باوی سیاسی ، لەناو دەچن و رەنگ‌بزر دەبن. وەک چۆن زۆر جار دەبیستین و دەگوترێ “هەموو بژاردەکان لەسەر مێزە” و خێرئامێزترینیان دەکرێ وەک پێش‌گریمانە لەبەرچاو بگیرێ. لە دۆخێکی وەهادا زیاتر ئەوانە دەکرێنە ئامانج، کە لە لاوازترین پێگەدان، شپرزەیی ناوماڵیان پێوەدیارە، واتە رێکخستنکراو نین و مانەوەیان کەمترین خێر و بەرژەوەندی بۆ هێزەکانی هەرێمی و جیهانی تێدایە. ئەگەر سەرنج بدەین، بە شێوازێکی بەردەوام، ئاستی بەرپرسی و وەڵامدەرەوەیی دادەبەزێ. بۆیەش ئه‌و رێکخراوانه‌ی کە لەسەر بنەمای خێری‌گشتی دامەزراون، توانستی هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نییە. نەمانی بەرپرسیارێتی، نەمانی متمانە بە شوێن خۆیدا دەهێنێ. دیارە لە هەل‌ومەرجێکی وەهادا، ئەوەی کە روودەدا هەڵایسانی ئاگری شەڕە و لەناوچوونی دیمۆکراسی و گفت‌وگۆیە. بە جێی ئەو مژارانە ترسێکی بەردەوام بە هۆی نەبوونی وێنەیەکی راستەقینە لە داهاتوو یان رەوەک‌بوون و خزۆک‌بوونی ئایندە، دروست دەبێت. لە کاتی ئاوادا رەوتی رووداوەکان لەدەست دەردەچێت و مرۆڤەکان لە ناو ڕووداو و قەوماوەکاندا دەمێنەوە. جۆرێک لە مانەوە لە کاتی ئێستادا و بێ توانایی و لەناوچوونی هێزی بڕیاردان. هەبوونی دۆخی بەو شێوەیە کۆمەڵگا بۆ بەڕیوەبردن ئامادە دەکات و دەسەڵات دەتوانی لە رێی راگەیاندنەکانەوە “کۆمەڵانی خەڵک” بۆ ئامانجی خوازراو دروست بکات. ئەو مژارە دەکرێ وەک “سەقامگیری دۆخی ناسەقامگیر” بە‌ناو بکرێ. ئامانجی پەرگالی جیهانی ئەوەیە کە دەرفەت نەدا بە هیچ هێزێک کە خۆی بەڕێکخستن بکا و دامەزراوە دروست بکات. واتە نابێ  هیچ هێزێک، یەکێتی لە فکر و کرداردا پێک‌بهێنێت. لێرەدا نەبوونی رێکخراو و بێ‌دامەزراوەیی دەرئەنجامەکەی نەمانی توانای بڕیار وەرگرتنی بە شوێنەوەیە و ئەوەش دەبێتە هۆی پەڕتەوازەیی هەمیشەیی و دروست‌بوونی دەرفەت و کەشی دەست‌تێوەردان بۆ هێزەکانی جیهانی بە مەبەستی وەدەست‌خستنی بەرژەوەندییەکانیان. بەردەوامی پەتای کۆڕۆنا گەورەترین دەرفەتی بۆ سەرلەنوێ خۆبەڕێکخستن‌کردنەوەی دەوڵەتان خوڵقاند. دیارە کە خۆبەڕێکخستن کردنی دەوڵەت و لاواز‌مانەوەی خەڵک بە مانای گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەت دێت کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدی‌دەکرێ.

لاوازبوون یان هەڵپەساردنی یاساکان و پەیمانەکان وەک لاچوونی لەمپەر و کۆسپ لە هەمبەر دەرکەوتنی دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی ستاتۆ(قەوارە) و پێگەی هەیی‌، خۆی دەنوێنێ. دەرکەوتن لە ستاتۆ و تێپەڕاندنی موحافیزەکاری، واتە تێکدانی هاوسەنگی و دەنگە، هەڵوێستی شەڕە. هەر دەوڵەتێک کە لە ستاتۆی خۆی دەردەکەوێ بەو مانایەیە کە لە سنوورەکان و پشکی خۆی رازی نییە و بە تەمای دەستێوەردانە لە سنووری دراوسێ و ستاتۆکانی دیکە. دیارە لە یەکەم هەنگاودا هێرش دەکرێتە سەر لاوازترین پێگەکان و هەوڵدان دەکرێ بۆ لەناوبردنیان. لاوازترین پێگەکان زیاترین خەسار هەڵدەگرن و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. ئەو بابەتە سیاسەتی چەند جەمسەری لە جیهاندا دروست دەکات. پێک‌هاتن لە چوارچێوەی جەمسەرێکی نوێی کاتی بۆ مامەلەکردن لەسەر لاوازترین پێگەکان بە مەبەستی قووتدانی دیاردەیەکی بەرچاوە. وڵاتان هەوڵدان دەکەن کە شەڕ و ململانێ بە مەبەستی پاراستنی ئەو پێگەیەی کە هەیانە، لە سنوورەکانیان بەرنە دەرەوە. لێردا دەتوانین وڵاتان بە دوو دەستە دابەش بکەین، ئەوانەی کە سەنگەرەکانی شەڕیان دەبەنە ناو وڵاتانی دیکە و ئەوانەی کە دەبنە گۆڕەپانی شەڕی نێوان وڵاتانەوە. ئەو خاڵە لە سیاسەتی وڵاتانی هەژمۆنی جیهانی و هەرێمیدا دەبینین. هەموو هێزکان لە هەموو کارت، ئیمکان و دەرفەتەکانیان بۆ شکاندن یا پاشەکشەکردن بە یەکتری کەڵک وەدەگرن. ئەو دۆخە ئەگەری گۆڕانگاری لە جوغرافیای سیاسیدا هێناوەتە ئاراوە. لەوانەیە کە ‌هێندێ وڵات بەرەو چەند ستاتۆیی ببردرێن و ئەوەش بە هۆی زۆر بوونی هێزەکانی دەستێوەردەرە. لە شەڕی جیهانی سێیەمدا زۆرترین رۆڵ، هێزی پاڕامیلیتەر و ئەڕتەشی بەکرێ‌گیراو دەیگێرێ. وەک ئەو شەڕانەی کە بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانبینین. بە گشتی ئەوەی کە پێکهاتە و دامەزراوەکانی جیهانی و هەرێمی ناکارامەن و دەبێ بگۆڕدرێن قسەی لەسەر نییە. بەڵام چۆن و لەسەر چ پێوان و بەرنامەیەک جارێ شەڕی لەسەر دەکرێ. ناوەندەکانی بڕیار وەرگرتن وەک جاران بە شێوەیەکی بەردەوام لە برووکسێل، لاهە، نیۆیۆرک، ژێنێو یا شارەکانی‌تر نییە. دیارە هەوڵدان دەکرێ بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی جیهانی و کارامەکردنیان و ئەوە زەمانبەرە.

هەڵبەت لە هەڵ‌ومەرجێکی وەهادا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بەتایبەت، بووەتە ناوچەق و ناوەندی شەڕی جیهانی سێیەم و هێرشێکی بەرفراوان لەسەر گەڵی کورد دەکرێ کە بە ئامانجی پاکتاوکردن و لەناوبردنێتی. لەهەر دوو شەڕی پێشووی جیهانیدا، دیزاین و هەندەسەی نوێی هەرێمەکە لەسەر خاکی کوردستان ئەنجامدرا. هەڵبەت دۆخی ئەو کاتە و ئێستا دەبێ لە هێندی بواردا وێک‌چوونی هەبێ، بەڵام دۆخی گەڵی کورد بە هیچ شێوازێک ناشوبهێتە ئەو سەردەمە. لە ساڵی زایینی رابردوودا بەرخۆدان و خۆڕاگرییەکی کەم وێنە لە کوردستاندا بەڕێوەچوو. لەبیر نەکەین کە بڕیاری لەناوبردنی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دراوە و بەدەر لەوە بیرکردنەوە خۆ خەڵەتاندن و خۆ گێلكردنە. ئێستاکە، هێرش دەکرێتە سەر هێڵی بەرخۆدان و هەوڵدەدرێ کە بە چۆکی‌دا بێنن. بەڵام نەمانی هێڵی بەرخۆدان لە کوردستاندا کە داکۆکی لەسەر ناسنامەی کورد دەکا و لە گەشەپێدانی دایە، لەناوچوونی ژێرخان و بنەمای کۆمەڵگای کوردییە و لە ئەنجامدا کۆتایی‌ پێهاتنی گەلی کوردی بەشوێنەوەیە. لەو بڕوایەداین کە تەڤگەری ئاپۆیی لە هەر چوارپارچەی کوردستان، دەرکێکی دروست و هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنەی لەسەر پرسی کورد و لەمپەرەکانی هەیە و بەرخۆدانەکەشی سەرچاوە لەو تێڕوانینەی دەگرێ. چڕبوونەوەی شەڕ لە کوردستاندا بە ئامانجی بەتاڵانبردنی سامان و سەرچاوەکانێتی. جا ئەوە سامانی مرۆیی دەبێ یان سامانە سروشتیەکانی، ئامانج بەتاڵ هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردە. هەوڵدان دەکرێ کە کۆمەڵگای کورد لە ئاستێکی رووکەشیانەدا بهێڵدرێتەوە و دەرەتانەکانی گەشەکردنی لێ‌زەوت بکرێ. بێ‌گومان گەلی کورد وەک تاکانە گەلی بێ‌ستاتۆی هەرێمەکە و یەکێک لە چوار نەتەوەی مەزنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە سیاسەتی رەسمی جیهانی دەرخراوە و بە هەموو جۆرێک پێشی لە سەقام‌گرتنی دەگیردرێ. بەوجۆرە دەیانهەوێ گەلی کورد لە ئاستی گەلێکی نابەرهەم‌هێنەر و مەسرەفگەرادا بهێڵنەوە و بیکەنە بەستێن و زەوی سیاسەتەکانی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و لەناوی ببەن. کاریگەری بەرخۆدانی تەڤگەری ئاپۆیی لە هەر چوارپارچەی کوردستان لە هەمبەری هەژمۆنگەرایی و پاوەنخوازی و قۆرغکاری پەرگالی جیهانی و دەست‌و‌پێوەندەکانی لەو چەند ساڵەی دوایی و بە تایبەت ساڵی رابردوودا کاریگەریەکی یەکجار بەرین و بەرفراوانی لە سەر چەپی جیهانی و تێکۆشانی دژی فاشیسم و شۆوێنیسم دانا. تەڤگەری ئاپۆیی بە باشی لەو خاڵە تێدەگا کە تەنیا رێگای پێشگرتن لە هەژمۆنگەرایی و توانەوە لە ناو ئاشی نەتەوەگەرایی لە هەرێمەکەدا، زیندوو راگرتن و کێشانە ناو جەرگەی سیاسەتە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەناوچوونی هەر پێکهاتە و جیاوازییەکی ئەتنیکی، ئایینی و فەرهەنگی، لاوازی هێڵی بەرخۆدان لەتەک خۆیدا دەهێنێ و بازنەی خۆڕاگران تەنگ‌تر دەکاتەوە. هێزەکانی جیهانی و لەپێش هەموویانەوە، ئامریکا و ناتۆ بە هەردوو بواری سەربازی و شەڕێ تایبەت، هەوڵی پاکتاوکاری گەلی کورد دەدەن. کاتێک دەڵێین گەڵی کورد مەبەستمان ئەو بەشەیە کە بەرخۆدان دەکا و کۆڵ نادا. ئەگەرنا ئەو بەشەی کە ئاڵاهەڵگر و رەچەشکێنی هێزە جیهانییەکانە، لەمێژە کە فاتیحەی خوێندراوە و مانەوەی بە مانەوەی هێڵی بەرخۆدانەوە بەستراوەتەوە. بەداخەوە هێڵی بەکرێگیراوی لە کوردستاندا، دوورە لە تێگەیشتن لەو بابەتە و بە خەیاڵی ئەوەی کە سیاسەت دەکا و لە سیاسەتی جیهانیدا بەشداری پێدەکەن، مینیماڵ‌بوون و تفەنگچێتی داگیرکەرانی قەبووڵکردووە و خۆی کردۆتە گاڵتەجاری مەیدانەکانی سیاسەتی جیهانی.

گەلی کورد و هێزەکانی پاراستنی گەل لە ساڵی رابردوودا توانیان بەرپەرچی هەموو هێرشەکانی داگیرکەران بدەنەوە. ناکامی دەوڵەتی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە یەک لەدوای یەکەکانی، بە تایبەت لە هەرێمی حەفتانین، بوو بە هۆی تێکشکانی هەیمەنەی ئەرتەشی تورک. لەوانەیە لە لایەن زۆر کەسەوە بە دروستی و باشی دەرک بە بەرخۆدانی گریلا لە خواکورک و حەفتانین و زاپ نەکرابێ. بەڵام ئەگەر سەرنج بدرێتە هێندێ لە شەڕەکانی هەرێمەکە، وەک جەنگی قەرەباغ کە لەناوبەری دوو دەوڵەتدا بەڕێوەچوو، وێڕای هەمووە ئیمکان و دەرفەت و رەسمیەت و چەک‌وچۆلەوە، بە ئەندازەی بەرخۆدانی “سەردەم” لە عەفرین درێژەی نەکێشا و سێ شار و هەرێمێک رادەست کران؛ بەرخۆدانی گریلای سەدەی بیست‌ویەکەم بۆ هەموو کەسێک روون‌دەبێتەوە. بێگومان ئەو خۆڕاگرییە هەمان شتە کە سەرمایەداری جیهانی و داگیرکەرانی کوردستان لێی ‌دەترسن. هەرەوەها دەبێ ئاماژە بە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد بکەین کە لە گۆشەگیرییەکی دژواردایە و وێنەی ئەو دۆخە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەرهەق بە رێبەری نەتەوەیەک نەبینراوە. بێدەنگی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی پێوەندیدار، نیشان لە پشت‌گیری و دەنەدانی تورکیا دەکا بۆ گۆشەگیری زیاتر لەسەر رێبەر ئاپۆ. دیارە بە هۆی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کورد و هێزەکانی پاراستنی گەڵ، پیلانگێڕی بە ئەنجام نەگەیشتووە، بەڵام بە شێوازی جودا و قیزەون بەردەوام دەکا. بۆ کۆتایی‌هێنان بە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد و لە هەمان کاتدا گۆشەگیری سەر نەتەوەکەمان ، پێویستی بە هۆشیاری جددی هەموو لایەنەکان هەیە. هەموو پەراوێزێکی ئەمن بۆ دەوڵەتی تورک لە لایەن ناتۆوە ئامادەکراوە، تاکوو بێ دڵنیگەرانی لە هەرجۆرە حیساب‌خوازییەک، بەسەر گەلی کورددا بێت. هەموو لایەنەکان بە مەبەستی مینیماڵکردنی تەڤگەری ئاپۆیی و سنووردارکردنی لە چیادا، بەشدارن. بەڵام تەڤگەری ئاپۆیی لەناو گەڵدایە و بە تەواوی تێکەڵاوی کۆمەڵگای کورد بووە. لەو قۆناغەدا رۆڵی سەرەکی دراوە بە خەتی خیانەت تا بتوانێ ناکامی هێزە داگیرکەرەکان، قەرەبوو بکاتەوە. لە راستیدا تورکیا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ هەبوونی گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان و بە روونی دەردەکەوێ کە لە ئەگەری هەرجۆرە ئاڵۆزییەک لە ئێراندا، گەورەترین مەترسییە بۆ ئەو هەرێمە کوردیانەی کە دەکەونە سەر سنوورەکانی تورکیە و ئێستاش ئەو وڵاتە بە پەرەپێدانی نەتەوەگەرایی ئازەری لە هەوڵی دەست‌تێوەردان دایە. لەبەر ئەوەش هەر کەسێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ لە بەرامبەری ئەو جۆرە رەفتار و کردارانەی ئەردۆغان هەستیار بێ. بە تایبەت پارتە سیاسییەکان و رۆشەنبیران و چالاکانی مافی مرۆڤ و هەڵسووڕاوانی مەدەنی، دەبێ هەستیار بن و دەرفەت بە گێرە‌شێوێنی نەدەن.

هاوتەرێب لەتەک ئەو هێرشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەر لەسەرەتای بەهارەوە، کۆماری داگیرکەری ئیسلامی لە هێرش و بۆسەنانەوە لە هەمبەر یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بووە. ئامانج لەو هێرشانە کە لە چیاکانی چل‌‌چەمەوە دەستی پێکرد و لە هەموو پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبۆوە، بە گوتەی کاربەدەستان رژێمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران، لەناوبردنی هێزەکانی گەریلا و دابڕاندنیان لە گەلەکەمان لەو بەشەی کوردستاندا بوو. دیارە ئێران بە بەردەوامی دەیهەوێ ئەوە بسەلمێنی کە هێچ هێزێکی بەرهەڵستکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بوونی نییە و کەس ناتوانێ لەژێر چاوەدێری تۆڕەکانی ئەمنی ئەو وڵاتە دەرکەوێ. یا ئەوەی کە هێچ هێزێک ناتوانی سنوورەکانی ئەو وڵاتە تێپەڕێنێ و بەزاندنی سنوور لەگەڵ مەرگ و کۆژران هاوسانە. لە ساڵی رابردوودا، وێڕای بەرپەرچدانەوەی هەموو هێرشەکانی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی، هێزەکانمان پێگەی خۆیان لە قووڵایی ستراتژیکی ئێراندا هێشتەوە و لە خەبات و تێکۆشانیاندا بەردەوام بوون. سوپای پاسدارنی رژێم، هەوڵدانێتی لە رێی بە سەربازگەکردنی هەرێمەکانی رۆژهەڵات و زیاتر کردنی مۆڵگەکانی سەربازی و بەکرێگیراوی، بە تایبەت لەو چیایانەی کە هێزەکانی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتی تێدایە، تەنگ‌وچەڵەمە بۆ هات‌وچۆ و کاروخەباتی گەریلاکانمان دروست بکات. بەڵام هێزەکانمان لە هەموو شوێنێک بە رێبازی نوێ و تاکتیکی سەردەمیانە، ئەو هەوڵانە پووچەڵ دەکەنەوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی کۆنسێپتێکی هاوبەش لەتەک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە و خەتی ئیخانەت لە کوردستاندا پێک‌‌هات و بەردەوام دەکا. سەلمێنەری ئەو بابەتەش هێرشی بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تۆرکە بۆ ئەو هەرێمانەی کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە و بەکار هێنانی هێلی خیانەت و بەکرێگیراوی، بەو مەبەستە بوون. هێرشی بەردەوام هەبوو بۆسەر هەرێمەکانی ئاسۆس، پێنجوێن و قەندیل و لە ئەنجامی ئەو پەلامارانەدا کۆمەڵێ لە هەڤاڵانمان شەهید و برینداربوون. دەبێ کە ئێران بە شێوازی تورکیە بواری هێرشی دەرەوەی سنووری بۆ نەڕەخسابێ، بەڵام بە پێدانی زانیاری و بەربەست‌سازکردن و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە سەر سنوورەکانی نێوانیان بەردەوام بووە لە هێرش بۆ سەر پژاک و کۆدار و بە تایبەت لە رێبازی پیلانگێڕانە کەڵکی وەرگرتووە. وەک لە رووداوی شەهادەتی هەڤاڵانمان ئارام ئاویەر و جەنگاوەر باهۆز، ئەندامی رێوەبەری کۆدار بینیمان. پێویستە کە لێرەدا ئاماژە بەو خاڵەش بکەین کە ئەو هێرشانە هەم لەسەر گریلا و هەم لەسەر گەل و وڵاتپارێزان بەردەوامە و بۆ ساتێکیش رانەوەستاوە. لە ئیلامەوە هەتا ماکۆ، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و ژێنگەیی دەستبەسەر و زیندانی دەکرێن. ئێران دەیهەوێ بە دەست‌داگرتن بەسەر شوێنە ستراتژیکەکان هێزی گریلا کە پێشەنگی کۆمەڵگایە، بێ‌کاریگەر بکا و گەڵی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، هیوابڕاو بهێڵێتەوە، کە هەتا ئێستا بە تێکۆشانی هەڤاڵانمان بێ‌کاریگەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە هیچ شێوازێک و تەنانەت لە لاوازترین دۆخیاندا، دەست‌بەرداری هێرش و سەرەڕۆیی و دوژمنکارییەکانیان لەگەڵ گەلی کورد نەبوون و نابن. وتەکانی بەشار ئەسەد سەبارەت بەوەی کە تەنیا نەتەوەی عەرەب لە سووریەدا دەژی، هەروەها پێپەست‌کردنی هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان لە لایەن تاریک‌ترین دەوڵەتی فاشیستی جیهان، واتە ئەردۆغانەوە ئەو راستیەمان بۆ روون‌دەکاتەوە. هەروەها سیاسەتەکانی بە عەرەب‌کردنی هەرێمەکانی گەرمیان لە باشووری کوردستان کە لە رۆژی رووندا بەڕێوەدەچێ، نیشانەگەلێکن لە هاودەنگی داگیرکەران و شەفاف‌بوونی زیاتری سیاسەتەکانیان سەبارەت بە گەلی کورد. ئیعدام و کوشتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە وەک دیاردەیەکی ئاسایی لێهاتووە و کۆماری داگیرکەری ئیسلامی هەم لەئاستی ناوخۆ و هەمیش بە شێوازی پاڵپشتی بۆ هەر سێ داگیرکەری کوردستان بە ئەرێ ‌کردن، رەوایی‌بەخشین و بەشداری راستەوخۆی پێشی لە بەئاکام گەیشتنی تێکۆشانەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەگرێ. ئەو شەڕە نەرمەی کە پەرگالی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی بەڕێوەی دەبا، دەمامکێکە کە بەسەر رواڵەتی فاشیستیانەی خۆی کێشاوێتی و ئاماری کوشت‌وبڕی رۆژانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە جەنگێکی بەرەیی زۆر زیاترە و ئەنفاڵێکی خامۆش و بێ‌دەنگ رابەر دەکا. لەوانەیە هێندێ کەس ئەو راوبۆچوونەیان لەلا پەسەندنەبێ کە ئیزن بە پاکتاوکاری گەلی کورد دراوە، بەڵام تەنیا سەرنج بدەن کە هیچ یەک لەو مژارانەی کە باسمان کرد بە شاراوەیی ناکرێ و لەبەرچاوی کامێرا و راگەیاندن و بە رۆژی روون پێکدێ و جیهانیش لەهەمبەری بێدەنگە. وەک سەدەی بیستەم نییە کە کورد راگەیاندنی نەبێ و دەنگی بە هیچ شوێن و رێکخراوێک نەگات. تەنانەت نادەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان کە لەگەڵ هیچ مەنتقێکی حوکمڕانی لە جیهاندا ناگونجێ، وەهای کەرامەتی مرۆڤی کوردی پێپەست کردووە کە نەتوانێ لە هیچ شوێنێکی جیهان بە شانازییەوە سەری بەرزکاتەوە. لەو بڕوایەداین کە ئەو جورە رەفتارە بێزارییەکی قووڵ لە حکومەتی کورد ‌سازدەکا و ئەوەی کە دەسکەوتی گەلەکەمان لە باشورە، دەخاتە مەترسییەوە. هەر ئەو چەشنە کردارەیە کە دەبێ کۆتایی پێ بێ. واتە مەترسی هەری مەزن بۆ سەر دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە باشور حوکمرانی هەڵەیە و بەس. یەکێک لە ئامانجەکانی پەرگالی جیهانی لەو سەردەمە قەیرانیەدا، ئەوەیە کە پێکهاتەی دەوڵەت‌‌ ـ نەتەوە لە نوێ وە بونیادبنێتەوە یا نۆژەنی بکاتەوە. واتە دەیهەوێ کە پێکهاتەکەی نەرم‌‌تر و کراوەتر بکاتەوە. بەمەبەستی ئەوەی لەتەک سەرمایەداری جیهانی سەردەمی “فینانس ‌گڵۆباڵ” باشتر هەڵبکات. دیارە لەو سەردەمەدا، سەرمایە، کرێکار و کەرەستەکانی بەرهەم‌هێنان نابێت لە سنووری وڵاتاندا قەتیس بمێنن. هەموو هێمانەکانی پەیوەست بە سەرمایەوە دەبێ وەک خودی سەرمایە خزۆک و خۆڕێن بن و بە ئاسانی لە هەموو لەمپەرێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و یاسایی تێپەڕ بن. لەبەر ئەوە پەرگالی جیهانی زیاتر هەوڵدەدا کە پێکهاتەکانی هەیی، لەبواری کاربەریدا بگۆڕێ، نە ئەوەی کە دیمۆکڕاتیزەیان بکا. چینی رۆشنبیری کورد پێویستە لەو خاڵە بە باشی تێبگا و بەرهەڵستی بێتەوە. دیارە لە سەردەمی ئۆباماوە سیاسەتی رۆژئاوا و ئەورووپا، پشتگیری هێزە میانەڕەوەکانە و بە هیچ شێوازێک دەرفەت بە هێزی شۆڕشگێڕ نادەن کە دەست تێوەردانی دۆخەکە بکا. ئەوان دژی هەرجۆرە پرۆژەیەکی جیاوازن کە بۆنی ئاڵترناتیو بوونی لێوە بێت. واتە ئامانج وەدیهێنانی چارەسەری نییە، بەڵکوو کەم‌کردنەوەی ئاستی تاقەت‌بڕی(تحمل‌پذیری) سیستەمە، تا گەل و کۆمەڵگا بە گشتی دووچاری پڕووکان و سواوی نەبنەوە. لێرەدا گرینگی خەتی سێیەم وەک ئاڵترناتیو و جێگرەوەی پەرگالی جیهانی دەردەکەوێ کە مەبەست و ئامانجی چارەسەری یەکجارەکی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نەک “دیزە بە دەرخۆنە کردنیان”.

ئەو شێوازەی کە باسکرا بۆ وڵاتی ئێرانیش مسۆگەرە و پەیڕەو دەکرێ. ساڵی زایینی ٢٠٢٠ کە بۆ ئێران بە کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی باڵای سوپای قودس دەستی پێکرد، وەک سەرەتایەکی نوێی بەربەرەکانێ لەگەڵ رۆژئاوا بوو. دەتوانین رەوتێکی بەردەوام ببینین لە کەم‌بوونەوەی قووڵایی ستراتژیکی ئێران و پاشەکشێ پێکردنی بەرەو سنوورەکانی. ئەو سیاسەتانەی کە بە گوشاری زۆرینەیی(حداکثری) دەناسرێن و لە لایەن ئامریکا و رۆژئاوەوە، بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێ، بە گوتەی خۆیان ئامانجی گۆڕینی رەفتار و کرداری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. واتە دەست لە سەرەڕۆییەکانی و هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا هەڵگرێ و دەرگاکانی بۆ سەرمایەی دەرکی بکاتەوە و بهێڵێ کە ئەوانیش لە داهات و سەرچاوەکانی ناوخۆی ئێران بەهرەمەند بن. واتە بە کوردی و کورتی “هەموو ئەو گێرە و کێشەیە بۆ کەوڵی رێوییە”. بەڵام بێگومان بەوجۆرە شتێک بە ناوی کۆماری ئیسلامی کە خۆی وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووانە لە دەسەڵاتداری ئیسلامی نیشان دەدا، نامێنێ. لە ساڵی رابردوودا هەردوو لایەن واتە هەم رۆژئاوا و هەم رژێم، باری گوشارەکەیان خستبوە سەر گەلانی داماوی ئێران و سیاسەتیان لەسەر دەکرد و دەیکەن. لە لایەک ئامریکا دەیهەوێ کە گەلانی برسی و هەژاری  ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی راپەڕێنێ و ئێرانیش دەیهەوێ بە نانەوەی گەرای ترس و نائارامی لە ناخی هەر تاکێکدا، هەرجۆرە جم‌وجۆڵێک پەک‌بخات و تاوانی ناکارامەیی پەرگالەکەی بخاتە سەر گەمارۆکانی ئامریکا. گوشار بە مەبەستی گۆڕینی کردار و رەفتاری کۆماری ئیسلامی ئێران هاوتەریب گۆڕانی رەفتاری کۆمەڵگا و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیشی لەگەڵدایە. ئەو بابەتەمان لە ساڵی رابردوودا و لەمەسەلەی گرێبەستی ئابووری ٢٥ ساڵە، لەتەک وڵاتی چیندا بینی. ئەو مژارە هەڕەشە بێت یا کردارێکی ستراتێژیک، شڵەژانێکی دروست کرد. کاردانەوەکانی ئەو بابەتە لە لای ئەوانەی کە هەموو هیوای خۆیان بە رۆژئاوەوە گرێدابوو، بەرچاو بوو. ترس لە رووکرد و گەڕانەوە بەرەو رۆژهەڵات لە سیاسەتی ئێراندا و نزیک‌بوونەوەی لە پەیمانی شانگهای بەرچاو بوو. بەو جۆرەی کە دیتمان، تەنیا وەک هەڕەشەیەک بەکار هات و لەناو خۆی ئێرانیشدا زۆر لایەنگری نەبوو.

لە ساڵی رابردوودا بە هۆی گەمارۆی ئابووری و گوشارەکانی سەر ئەو وڵاتە و دابەزینی نرخی دراوەکەی، هەبوونی پەتای کۆڕۆنا، گەندەڵی لەڕادەبەدەر و سیستەماتیک، جێگای بەتاڵ بۆ هێچ رۆژەڤێکی دیکە نەمابوو. بەجۆرێک کە زۆر لە کارناس و زانایانی ئەو وڵاتە لە بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسییەوە، باسیان لە تێکچوون و داڕامانی کۆمەڵایەتی دەکرد. دیارە ئەو مژارە مشت‌ومڕێکی یەکجار زۆری لەسەرکرا و لە لایەن زۆر کەسەوە دۆخی کۆماری ئیسلامی، نەوەک قەیران، بەڵکوو وەک کارەسات بەناو کرا. رۆژ لەدوای رۆژ جەستەی کرمۆڵی کۆماری ئیسلامی زیاتر وەدەر دەکەوت. ناکارامەیی دام‌ودەزگاکانی لە ئاستی سەربازی، ئابووری، پزشکی، دادوەری، پەروەردەیی، ماڵی، بەرهەم‌هێنان، ئەمنی و دیپڵۆماتیک بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا بوو و لە گەڵێک شوێن ریسوایی گەورەی لێکەوتەوە. بۆ وێنە لە خستنە‌خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، پێکاندنی گەمییەکی سەربازی خۆی لە مەشقی سەربازی، بێ‌وەڵامی لەهەمبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی لە سووریا، ژێر فەرشکردن و پەردەپۆش کردنی نەزانکاری و گەندەکارییەکانی لە مەسەلەی کۆرۆنادا، هەروەها فەساد و گەندەڵی لە دەستگای دادی ئەو وڵاتەدا و هەری دوایی کوژرانی فەخری‌‌زادە یەکێک لەبەرپرسانی باڵای ناوەکی ئێران، سەراسەری ساڵی رابردووی پڕ کردبۆوە و فەشەلی و داڕزانی پێوە دیار بوو. واتە رۆژەڤی تاڵ و بەتاڵی ناوخۆیی مەجالی بە دروست‌کردنی رۆژەڤێکی دیکە نەدەدا. دەتوانین بێژین کە ئێران لە پاڵ هەڵاوەسانی ئابووری، هەڵاوەسانی رۆژەڤی هەبوو. لە کەناری ئەوانەدا پێویستە ناتەبایی و ناکۆکی نێوان دەوڵەت و حاکمییەتی بەسەرەوە زیاد بکەین. بە بەردەوامی شایەدی راوبۆچوونی جیاواز و دوور لە یەکی دەوڵەت و کاربەدەستانی حاکمییەتی بووین. ئەوانە کەلەبەر و درزەکانی نێوان دەزگا و پێکهاتەکانی کۆماری ئیسلامی نیشاندەدا. بێ‌گومان چەندە سفرەی دەسەڵات بچووکتر دەبێتەوە، بە هەمان رادە بازنەی دەسەڵات تەنگتر دەبێ و پشکی کەمتر وەبەر رانتخۆر و بنەماڵەکانی نێو دەسەڵات دەکەوێ. هەمووی ئەو بابەتانە ئەگەر لە لای یەک دانرێن، وێنایەک لە بێ‌متمانەیی و لەدەست‌چوونی ڕەوایی کۆماری سێدارەی ئیسلامی نیشان دەدا. بۆ سەلماندی ئەو بابەتەش دەبێ لە هەڵبژاردنەکانی دەورەی یازدەهەمی مەجلیسی ئەو وڵاتە بڕوانین. رادەی بەشداری لە هەڵبژاردن‌دا، سەدی ٤٢ی تۆمار کرد. هەڵبەت بە هەموو گەندەڵی و دزی و ساختەکارییەک کە کرا. پارلەمانێک کە بە موهەندسی کردنی هەڵبژاردنەکان، بە گشتی رەنگی ئوسووڵگەرایی پۆشیوە و سەرهەنگێکی وەک قالیبافی کردووەتە فەرماندەی ئەو هێزە، هەتا چوار ساڵی دیکە دەور دەگێڕێ و هیچ نوێنەرایەتێک بۆ گەل ناکا. دەستبەسەرداگرتنی پارلەمان کە وەک رێکخراوێکی هاوبەشی نێوان گەل و دەسەڵاتە، لە ئێستادا کردوویەتی بە دامەزراوەیەکی دەسەڵات و لە جەوهەری خۆی دەرکەوتووە. بەڵام ئەوەی کە گرینگە، رەوایی سەدی ٤٢یە، کە بە بڕوای ئێمە دەبێ لەژێرەوەی ئەو هەژمارەش بێ و ئەوەش ئەنجامی سڕینەوەی متمانەی کۆمەڵایەتیە.

پێشتر دەزگای داد لە لایەن رەییسیەوە قۆڕغکرابوو و هەموو ئەوانەی کە ناکۆکن لەتەک دەسەڵات لەسەر ناوی هەبوونی فەساد لە دەزگای دادی ئەو وڵاتەدا، لە کار دەرخرابوون. مەجلسیش بە گشتی لەدەستی بەرەی ستاتۆپارێز دایە و تەنیا دەوڵەت ماوە کە بکەوێتە بەرەی ئوسوولگەراوە. لەراستیدا هەبوون و نەبوونی دەوڵەتی رۆحانی و رۆڵی لە ساڵی رابردوودا، جێگای گومان بوو. تەنانەت هێندێ کەسی شارەزا باس لە مانەوەی شکڵی دەوڵەت دەکەن. ئەو باسە لە هاوینی ئەمساڵەوە زۆرتر پەرەی سەندووە. لەراستیدا ئەگەر بەشی خزمەت‌گوزاری و پێڕاگەیشتن لە دەوڵەت دەربخەی، تەنیا جەماوەرێکی دز و جەردەی لێ‌دەمێنێتەوە. لەکارکەوتوویی، پووکان و تەمبەڵی، بڕستی لە دەوڵەت بڕیوە. رۆحانی بە بەردەوامی باسی لە چالاک‌کردن و بچووک‌کردنەوەی دەوڵەت و نەشتەرگەری ئابووری دەکرد. بە زمانێکی ساکار پیادەکردنی بەرنامەکانی بانکی جیهانی و سندووقی دراوی ناونەتەوەیی مەبەست بوو. هەموو هێزی خۆی خستە‌گەڕ هەتا دەوڵەتی ئێلێکتڕۆنیک دامەزرێنی. بۆ ئەوەی کە تەمبەڵی دەوڵەت وەلاوەنێ و کارای بکا و لە پاڵ ئەوەشدا بتوانی شەفافیەت پێک‌بهێنێ. بۆ ئەو مەبەستە پێویست بوو کە بەرنامە ماڵییەکانی جیهانی دژی گەندەڵی و پارە‌سپی‌کردنەوە و شەفافیەتی ماڵی و هاوکاری نەکردنی ماڵی تیرۆریسم کە بە FATF ناسراوە پەسەند بکا. بەڵام بە لەدەست‌چوونی پارلەمان ئەو بابەتە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە. پەیوەست‌کردنی ئێران بە بازاری جیهانی، ئامانجێکی دەوڵەتی رۆحانی بوو کە نەیتوانی لەساڵی رابردوودا بیپێکێ. ماوەیەکی کەمی ماوە هەتا کۆتایی دەوڵەتی رۆحانی و رژێم خۆی بۆ هەڵبژادنەکانی جۆزەدانی ساڵی داهاتوو ئامادە دەکا. شیمانەی ئەوە دەکرێ کە لە ساڵی ١٤٠٠ دا هەر سێ دەزگای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، رەنگی ئوسوولگەرایی بەخۆوە بگرێ. ئەو بابەتە واتە تەنگ‌تر کردنەوەی بازنەی دەسەڵات، هەم نەمانی متمانە لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی رژێمدا دەگەیەنێ و هەمیش خۆئامادەکردن بۆ بەربەرەکانێ. هەوڵدان بۆ یەکڕیزی و کۆدەنگی و لەناوبردن یا وەدەرنانی لایەنە جوداخوازەکان، بە شێوەیەک پێشی‌گرتنە لە پارچەبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و یەکدەست و یەکپارچە هێشتنەوەی.

نابێ لەبیر بکرێ کە گوشارەکانی سەر کۆماری ئیسلامی بەشێکیان بە شێوازی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن و بریتین لە بەستنی رێگا و دەرفەتەکانی دەستێوەردانی ئێران لە هەرێمەکەدا. لەهەموویان گرینگتر، رەوتی پێوەندی گرتنی دەوڵەتان و وڵاتانی عەرەبیە لەتەک ئیسرائیل و پڕچەک کردنیان لە هەمبەری ئێران. ئەو بابەتە لە سیاسەتی عەرەب‌ـ ئیسرائیل‌دا وەرچەرخانێکە. هەرچەند دەکرێ کە خوێندنەوەیەکی وەهاشی بۆ بکرێ کە بە شێوەیەک دژبەرانی ئەو رەوتە و لایەنگرانی پرسی فەلەستین دەخاتە ئامێزی ئێرانەوە و دەرفەتێکی دەستێوەردانی تازەی بۆ دروست دەکا. بەڵام بە گشتی ئەوەندەی کە پرسی فەلەستین دەکاتە پرسێکی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە هەمان ئەندازەش دەبێتە هۆی تەریک‌کەوتنەوەی ئێران لە هەرێمەکەدا. لە هەمان کاتدا و لە ناوخۆی ئێراندا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بابەتی ئانتی‌سیمیتیسم روو لە زیادبوون بکا و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەشێکی نەتەوەگەرایی، پەرەبستێنی. لە تەواوی ساڵی رابردوودا ئەو رەوتە لە هەڵکشاندا بووە. مەسەلەی گرینگ ئەوەیە کە کەسایەتی ئێرانی لە ئێستادا لە بواری بەخۆباوەڕی، یەکجار لاوازە و دووچاری سەرشکستەییە و کەرامەتی بن‌پێکراوە. بۆیەش بابەتی شوناس، وەک دیاردەیەکی پرساوی دەردەکەوێ. ئەوە دەتوانێ دەفەتی رێکخستن بۆ هێندێ لایەن وەک نەتەوەگەراکان بخوڵقێنێ. دەسپێکردنی کەشی کراوەی کۆمەڵایەتی لە هێندێ وڵاتی عەرەبی، وەک عەرەبستان و چەند وڵاتێکی دیکەی ستاتۆ‌پارێز، ناڕاستەوخۆ لەسەر گەرمتربوونی رکەبەرایەتی نێوان ئێران و ئەو وڵاتانە کاریگەری دادەنێ. ئەو مژارە کەسایەتی بچووک‌خراوی ئێرانی دنەدەدا و دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا دووچاری جەمسەربەندی نوێ ببێ. تەواوی ئەو دژواری و ناسازییانە، لە کەسایەتی مرۆڤی ئێرانیدا کۆبووەتەوە و کردوویەتی بە کۆگایەکی باڕووت، کە کەی و لە کوێ بتەقێتەوە نادیارە. بابەتێکی دیکە کە بە بڕوای ئێمە گرینگە، کۆچی سەرمایە و سەرمایەدارانی ناوخۆی وڵاتە بۆ وڵاتانی دراوسێ، وەک تورکیە و هەروەها وڵاتانی عەرەبی، هەڵبەت سەرمایە وڵاتی نییە و شوناسیشی لەلا گرینگ نییە و ئەوەش دەرفەت و هەلی کار و کارسازی لەناو بردووە و بێکاری و بەرشکست‌بوونی ئابووری لە ساڵی رابردوودا زۆرتر کرد. هەموو کەرتەکانی ئابووری لەدەستی سوپای پاسداران دایە و لە پاڵاوگەکانی نەوت و پیشەسازی پاراستنی و هەواـ فەزا و رێگاوبانەوە بگرە هەتا کلووبەکانی وەرزش و یانەکانی فووتباڵ و بەڕێوەبردنی ماڵپەڕەکانی قومار لە هەمووشتێکدا دەستی هەیە. گەورەترین ناوەندی سپی‌کردنەوەی پارەیە بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان. لەناوبردنی چینی ناوینی نەریتی و پەرەسەندنی سەرمایەداری سوپای پاسداران و مەیدانداری هۆڵدینگە خانەدانیەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە حەوت دەهەکی خەڵکانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین. لەگەڵ ئەوەش کارتێلەکانی قاچاغ و مافیای سەربە سوپا، بێ هێچ گیروگرفتێک خەریکی راوڕووت و رفاندنی مرۆڤ و کوشتن و لەناوبردنی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانین. کۆماری ئیسلامی لە بووجەی ساڵی داهاتوویدا، پشکی سوپای پاسدارانی لە بووجەی گشتی زیاتر کردووە و هەموو درگاکانی بەڕووی ئەو هێزەدا کردووەتەوە، ئەو هێزەی کە هیچ چاوەدێرییەکی بەسەرەوە نییە و سەرچاوەی هەموو جۆرە گەندەڵی و دزییەکە. ئەو رەهاکردنە و بێ‌هەوسارییەی سوپا بۆ ئەوەیە کە سوپا بتوانێ پڕۆژەکانی بۆ بەسەربازگەکردنی ئێران بەڕێوەبەرێت. بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەموو شوێنێکی وەک سەربازگە لێکردووە. لە ئەنجامی ئەو رەوتەدا، کەرتی تایبەت و کارگە بچووکەکان و بازاڕییەکان لە بازنەی ئابووری دەرکەوتوون و پەیوەست بوون بە ئەرتەشی بێکاران و چاوەڕوانانەوە. بە جۆرێک دەسەڵاتی ئێران دەیهەوێ کە هەرکەس مەجبوور بکا کە لەگەڵ سوپای پاسداران کاربکا و بۆ بژێوی ژیانی خۆی لە درگای سوپای پاسداران بدا. بەوجۆرە هەموو کۆمەڵگا لە گەندەڵییەکانی سوپادا بەشدار بکا و کەس نەتوانێ بەرهەڵست بێتەوە.

برەوپێدانی ئەو روانگەیە “کە ئێران دوورگەیەکی ئەمن و ئارامییە و مەترسی ئەوەی کە ببێتە سووریە یان لیبی، لەسەری دا ئەوەی کە پارێزوانی لەو دوورگەیە دەکا سوپایە”، بەرچاوە. رژێم دەیهەوێ هەرکەسێک لەو دۆخە رازی و سوپاس‌گوزار بێ. هەرجۆرە دژبەری و ناڕەزایی، تێکدانی ئەو ئارامی و هێمنیە دەنرخێندرێ. کۆماری ئیسلامی خۆی وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووی حوکمڕانی و حوکمڕەوایی دەبینێ و پێی‌وایە کە ئەوە مژارێکی سەلمێنراوە. جا ئەگەر کەسێک یا لایەنێک دژی ئەو بجووڵێتەوە، بەکرێگیراو، دەستی دەرەکی، تێکدەری ئەمنییەتی نەتەوەیی و گەندەڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەناسرێ و دەبێ لەناو ببردرێ. ساڵی ٩٩ی هەتاوی کە بەرەو کۆتایی دەچێ، پڕاوپڕ بوو لە کوشتن و لە سێدارەدان و ئەشکەنجە و سەزای گران بۆ چالاکانی مەدەنی، سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری، ژنان و ژینگەیی کە هەموویان بە شێوازی نایاسایی سزایان بەسەردا سەپا. لە راستیدا هەرجۆرە کردارێک یا کاردانەوەیەک کە هەبوون، کارامەیی، سڵامەت و رەوایی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر پرسیار، تاوان دەبیندرێ و لێپرسینەوەی لێ دەکرێ. گەڵ لە مەنتقی دەسەڵاتی ئێرانیدا، پەیڕەو و شوین‌کەوتووە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا تەنیا پەیمانی خۆی لەتەک دەسەڵات و حاکمدا نوێ دەکاتەوە و هەرگیز لە هەمبەری دەسەڵاتی ئیسلامی سەرهەڵنادا. رژێم، بە لەناوبردنی هەرجۆرە ناڕەزایی، لە راستیدا دەیهەوێ هێزی پێشەنگی کۆمەڵگا و کەسانی بزوێنەر و رێکخەر لەناو بەرێت و ئیمکان و دەرفەتی کاری گشتی و هاوفکری نەهێڵێ. بەوجۆرە ورە، بوێری و وزەی کۆمەڵگا لاواز دەکا و ترس و تۆقاندن دروست دەکات. دیارە گەلانی ئێران لەبەرامبەری ئەو دۆخە رێبازی نوێ و دەرەتانی تازە پەیدا دەکەن و بە هەر چەشنێک بێ خاوەندارێتی لە نرخەکانیان دەکەن. لەوانەیە کە زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا شایەدی کاردانەوە بین، بەڵام ئەوە نیشان لە هەبوونی عەقڵانییەت و زهنییەتێک دەدا کە لەسەر وێژدانی ‌گشتی کۆمەڵگا زاڵە. ژنان وەک هەمیشە لە ساڵی رابردوودا لە مەیدانەکانی تێکۆشان لە هەمبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەبوون. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشداری ژنانی ئێرانی لە چالاکی سیاسی‌دا بێ‌وێنەیە و لە ئاستێکدایە کە هەبوون و پێکهاتەی دەسەڵات و پەرگالی کۆماری ئیسلامی، لێپرسین دەکا و لەبەرامبەریدا مەیدانداری دەکا و تەنانەت رەدی دەکاتەوە. لە هەموو گۆڕەپانەکاندا خۆڕاگری دەکا و ئێستاکەش لە زیندان‌دا و لە کەسایەتی زەینەب جەلالیان، نەسرین ستوودە، سوهەیلا حیجاب و … دا پێشەنگایەتی خۆیان بەردەوام دەکەن. دیارە لەو قۆناغەدا ژنانی ئێرانی تێکۆشەر، هێمای بەرخۆدان و نوێنەری ئاشتی و ئازادین. ئەو مژارە دەبی بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لێبکرێ. کاتێک دەسەڵاتی ئێرانی دەبێژێ کە بێ‌حیجابی ژنان لە گەمارۆکانی ئابووری مەترسیدارترە، نیشان لە روانگەی ئایدۆلۆژیک و زیاترکردنی تەنگ‌وچەڵەمەکانی سەر رێگای ژنان لە داهاتوودایە، بۆیەش خۆ بەڕێکخستن وەک پێویستییەک خۆی دەنوێنێ.

مژارێکی دیکەی کە بە بڕوای ئێمە زۆر گرینگە و ریسواییەکی ناونەتەوەیی دروست کردووە، مەسەلەی بارمتەگرتنی کەسانێکە کە هاوکات هاووڵاتی ئێران و وڵاتێکی دیکەن. ئەو مژارە یەکجار قیزەونە و دیمەنی وڵاتێکی چەتە و رێگر، لە ئێران دروست کردووە. بەشێک لەوە بۆ وەدەست‌خستنی پارەیە کە ئاشکرا رێگرییە و بەشێکی دیکەشی بۆ ئاڵ‌وگۆڕ پێکردن لەتەک ئەو تیرۆریستانەیە کە لە وڵاتانی دیکە دەستگیر کراوان. هەڵبەت ئەو مژارە وەرگەڕاوەتە مکانیزمێکی گوشار بۆ سەر ئێران. لەوانەیە کە ئێران بتوانێ هێندێ پێداویستی ماڵی پێ دابین بکا، بەڵام لەبەرامبەردا ئەوپەڕی خەساری لەبەر بێ‌متمانەیی وڵاتانی دیکە لێدەکەوێ. ئەو بابەتە وەک هەڕەشەیەکی گەورەی لێهاتووە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە شاروەندی دوو وڵاتیان هەیە و وەک گومانلێکراو، چاویان لێدەکرێ. هەڵبەت ئەوە رەوتێکە کە لە سەردەمی دەوڵەتی کاتی بازرگان و بە بارمتە‌گرتنی ئامریکاییەکان، وەک رێبازێک لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا رەچاو دەکرێ. رژێم دەزانی کە هەبوونی ناڕەزایی لەناوخۆدا دەستی ئەو وڵاتە لە دان‌وستاندن لەتەک رۆژئاوا و ئەورووپادا لاواز دەکات، لەبەر ئەوەش دەنگی هەرجۆرە ناڕەزایی و دژبەری کپ دەکا تا هیچ دەنگێک بەرزتر لە دەنگی دیکتاتۆری نەبێت و بە گوێی جیهان نەگا.

یەک ساڵە کە رژێم چاوەڕوانی هەڵبژاردنەکانی ئامریکایە تا بتوانی تەرمی نیوەگیانی بەرجام زیندوو بکاتەوە. هەموو هەوڵدانە دیپڵۆماتیکەکان و سەردانەکانی ئەورووپا و رووسیا و تاقیکردنەوەکانی مووشەکی بۆ ئەوە بوو کە بڵێ بەرجام دەسکەوتێکی ناونەتەوەییە و دەبێ بپارێزرێ. بێ‌گومان هەڵبژاردنەکانی ئامریکا دەبێ کە کۆتایی بە قۆناغێك بهێنێ، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نایە کە قۆناغێکی نوێ لە بەرژەوەندی ئێراندا دەسپێدەکا. ئەگەر گریمانەیەکی وەها هەیە کە مێزی دان‌وستاندن و گفت‌وگۆ لەسەر گەمارۆ رووخێنراوەکان دادەنرێ، هەڵەیەکی گەورەیە. گەمارۆکان دەبێ بۆ کۆماری ئیسلامی خەسار بێ، بەڵام بۆ رۆژئاوا و ئەوروپا دەسکەوتە و تێچوویەکی زۆری هەبووە. زۆر ساویلکانە دەبێ ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە ئامریکاییەکان پشت لە چوارساڵی رابردوویان دەکەن و داوای لێبوردن لە ئێران دەکەن. ئامریکا چەندە بۆ کۆدەتای بیست‌و‌هەشتی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢(١٩٥٤)، لێبووردنی خواست بۆ ئێستاش بە هەمان شێوەیە. سەرۆک‌کۆماری نوێی ئامریکا جۆو بایدێن هەوڵدانی سەرەکی ئەوە دەبێ کە لەتەک ئەوروپا و دامەزراوەکانی جیهانی کە سەرچاوەی بڕیار و ژێدەری هێزن، پەیوەندی بونیادبنێتەوە و گوشارەکانی سەر ئێران، یاسایی‌تر بکاتەوە. بایدێن بەڵێنی‌دا کە بگەڕێتەوە بۆ بەرجام، بەڵام هیچ شەرت و مەرجێکی دانەنا. وەک ئێرانیەکان خۆشیان پێشبینیان کردبوو، دەبێ لە فکری بەرجامی دوو و سێ‌دا بن. خامنەیی لە دوایین وتاریدا گلۆپی کەسکی بۆ دان‌وستاندن هەڵکرد و ئیزنی ئەوەی بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دا کە ئەگەر بکرێ گەمارۆکان چارەسەر بکەن یان لایانبەرن. ئێران پێی ناخۆش نییە کە گەلانی ئێران، هەموو هیوایان بە دان‌وستاندنی نێوان ئێران و رۆژئاوا ببەستنەوە. چونکە ئەوە فەرهەنگی چاوەڕوانی کە پەرگال گەورەترین کەڵکی لێوەردەگرێ تۆکمە‌تر دەکات. وەک لە سەرەتای ئەو وتارەدا باسمان‌کرد، ئامانجەکانی پەرگالی جیهانی دیارە، تەنیا چۆنێتی جێبەجێ‌کردنی، گۆڕانی بەسەردا دێت. ئێران بە پێی ئەوەی کە بەرەو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٤٠٠ دەڕوا و بە پڕوپاگەندە و فڕوفیشاڵێکی زۆرەوە، باسی دەسپێکردنی سەدەیەکی نوێ دەکا. دەبێ کە بۆ بازارگەرمی هەڵبژاردن مەسەلەی دان‌وستاندن لەتەک ئامریکا بەکار بهێنێ. وەک هەڵبژاردنەکانی رابردوو کە رۆحانی زۆر بە باشی کەڵکی لێوەرگرت. بەڵام هەر ئەگەرێک کە رووبدا لە گفت‌وگۆ هەتا جێبەجێ‌کردن، ماوەیەکی زۆر دەبا. بە تایبەت مژاری مووشەکی باڵستیک و دوورهاوێژ “هەویرێکە کە ئاو زۆر دەبا”. سەبارەت بە ساڵی ١٤٠٠ دەبێ ئاماژە بە خاڵێک بکەین کە گرینگە، ئەو سەدەیە کۆماری ئیسلامی دەستی‌پێنەکردووە، بەڵام سەدەیەک بوو کە بە دیکتاتۆری رەزاخان دەستی پێکرد، کۆماری ئیسلامیش بە دیکتاتۆری خامنەیی کۆتایی پێ‌دەهێنێ. واتە سەد ساڵ چەوسانەوە بۆ گەلانی ئێران و گەلی کورد و هاوکات سەد ساڵ بەرخۆدان و خۆڕاگری لە پێناو ئازادی و دیمۆکراسیدا.

هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو نابێ بە شێوازێکی تاک‌لایەنە و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا بنرخێندرێ. ئێمە پێمان‌وایە کە نابێ و ناکرێ بە هیچ شێوازێک هێزی دژایەتی ناو کۆمەڵگا بچووک ببینرێ. بەتایبەت کە گۆڕانکاریەکی زۆر لە ئاست و چۆنێتی داخوازییەکانی کۆمەڵگادا وەدیهاتووە و شێوازەکانی ژیان و گوزەرانی گەل، گۆڕانی بەسەرداهاتووە. رژێم ناتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەو داخوازییە نوێیانە بێت و دەبێ کە وەرگەڕێنە ویستی سیاسی و بەردەنگی خۆیان پەیدا بکەن. بۆیە هێزی گەلانی ئێرانە کە دەتوانێ ئەنجام دیار بکا. دروست‌کردنی وێنایەکی وەها، کە داهاتووی کۆماری ئیسلامی هەمان داهاتووی گەلانی ئێرانە، راست نییە و دەبێ لە شوێنێکدا ئەو دوانە رێگایان لەیەک جیابکەنەوە. ئەوە دەتوانێ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک‌کۆماری بێ. ئەوەی کە مایندەیە گەلانی ئێران و پێکەوەژیانی ئەوانە، نەک کۆماری سێدارە. بەڵام ئەوەی کە وەک مەزەندەی هەڵبژاردن دەکرێ باسی لێوە بکردرێت، ئەوەیە کە رژێم هەموو شتێکی بە گوێرەی شەڕ، ئامادە دەکا. واتە کاتێک بووجەی بەشی سەربازی و ناوەندەکانی ئایدۆلۆژیکی و ئەمنی خۆی زیاد دەکا، ناکرێ چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێ کە رەوتی دیمۆکراتیزاسیون دەست‌‌پێبکا. لەهەمان کاتدا ئەگەر ئامانجی گفت‌وگۆی لەتەک رۆژئاواش هەبێ، دەیهەوێ کە بە ناوماڵێکی رێکخستنکراو لەسەر مێزی دان‌وستاندن دابنیشێ. دەزانین کە ناوماڵی رێکخستنکراو لە کۆماری ئیسلامیدا بەجێی وتووێژ، بە هێمۆژنکردن پێک‌دێ. ئەو شەش مانگەی کە هەتا هەڵبژاردن ماوە زۆر گرینگە و بە بڕوای ئێمە نابێ پەلەی لێ بکرێ. مەبەستمان ئەوەیە کە زۆر بابەت ئاڵ‌وگۆڕی بەسەردا دێت. بۆ نموونە ئیزنی پێداچوونەوە بە کۆنوانسیۆنی FATF  لە لایەن خامنەییەوە، پێویستە وەک کرانەوەیەک بە رووی رۆژئاوادا، چاوی‌ لێبکرێت. شاڵاوی کوشتن و ئیعدام و زیندانی کردنیش، دەتوانێ وەک ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێ‌کێشە لە لایەن رژێمەوە، هەڵسەنگێندرێ. واتە وەک ئەنووشیروانی ساسانی، کپکردنی دەنگی ناڕەزایی بە مانای دادوەری و رەزامەندی لەقەڵەم دەدا. بە هەر شێوازێک کە چاوی لێبکەین، ئاکامی هەڵبژاردن شتێک نییە بێجگە لە فریو یان ساختەکاری و بەدوور لە چوارچێوەی یاسا و پێوانەکانی دیمۆکڕاسی کە لە جیهاندا هەیە. ئیمکان و دەرفەتی ریسک‌کردن بۆ رژێم زۆر کەمە. بەرئاوەژووی ئەوەی کە رژێم خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکا، گەڵانی ئێران هەتا ئێستاش بە بڕیارن کە دەکرێ لە رێبازی دیمۆکراتیانە کەڵک وەرگێرێ. ئەوەشیان بە کرداریان و سووربوونیان لەسەر داواکانیان سەلماندووە. بۆ وێنە لە داکۆکی لەسەر دۆسییەی کوژراوانی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ بۆ شوێنگیری و کۆڵنەدانیان بە روونی هەبوونی رێبازی دیمۆکڕاتیانە، بۆمان دەردەکەوێ. دیارە کە تێچووی کار و چالاکی سیاسی لە ئێراندا، نرخی ژیانە، بەڵام گەلان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە بەدیلی ئازادی بدەن. ئەویش بەو مەرجەی کە بەشداری راستەقینەیان لە سازدان و ئاوەدانکردنەوەی ئاییندەدا هەبێ. لەبەر ئەوەش لە ئەگەری هەر ساختەکاری و فێڵ و تەڵەکەیەک لە هەڵبژاردن‌دا، دەتوانێ مێژوو دووپات بێتەوە، ئەمما نەک لەبەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا. ئەندازیاری کردنی هەڵبژاردن، سووکایەتی بە عەقڵانییەتی سیاسی گەلانی ئێرانە. ئەو شێوازەی کە رژێم پەیڕەوی دەکا، واتە نە رێفۆرم و چاکسازی و نە شۆڕش، بۆ هیچ سیستمێک قەبووڵ ناکرێ. زۆر هەتا هەتایی لە پەرگالی سەقەتی خۆی دەڕوانێ. هەر پەرگاڵیک دەبێ بۆ بەردەوامی یا نەرمی بنوێنێ و هێندێ چاکسازی، بە پێی زەمان ئەنجام بدا، یان ئەوەی کە بە رێبازی شۆڕش لەسەر رێگا لایدەبەن. هەموو ئەو هێرشانەی کە وەک رفاندن، ئێعدام، ئەشکەنجە، زیندان و بایکۆت، کۆماری ئیسلامی داگیرکەر ئەنجامی دەدا؛ بۆ ئەوەیە کە بە دونیا بێژێ، تەنیا بەردەنگی ئێوە ئێمەین و نوێنەرایەتی خواست و ویستی گەلانی ئێران، ئێمە دەیکەین. ئەگەر کەسێکیش خۆی وەک بەردەنگ نیشان بدا ئەوە تێکدەر و بشێوێنکەرە و دەیهەوێ پێوەندی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی دیکە خراپ بکا. لە روانگەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە، کێشە لە پەرگالدا نییە و ئەوەی کە ئاریشەمەندە، شێوازی بەڕێوەبردنە. چل ساڵ ماوەیەکی کەم نییە بۆ ئەوەی هەر سیستمێک بتوانێ یەکانگیری لە نێوان فکر و کرداردا درووست بکا. ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە، دەبێ ئەوە قەبووڵ بکا کە لە ئەندێشەکەیدا کێشە هەیە. ئەوە ساکارترین پێناسە بۆ دۆخی ئێستای رژێمە. بۆیەش ئاسانترین رێگا ئەوەیە کە ئیزن بدا، کەسانی دیکە بفکرن و رێوەبەری وەئەستۆ بگرن. بە رێبازێکی ئاشتیانە و بە دوور لە شەڕ و توندوتیژی.

ئەم بابەتانەی کە وەک هێرش و گوشار لەناو ئێراندا باسکرا، بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان چەند ‌هێندەیە. هەم کۆماری ئیسلامی و هەم ئۆپۆزیسیۆن لە ئاستی سیاسی گەلی کورد لە رۆژهەڵات ئاگادارن و گرانی کورد لە هاوسەنگییە سیاسییەکاندا دەزانن. هەڵبەت گەلی کورد نە وەک رابردوو دەژی و نە وەک رابردوو شەڕ دەکا. لە قۆناغێک داین کە دوژمنانی گەلی کورد و داگیرکەرانی کوردستان، هەوڵدان دەکەن بۆ توند‌وتۆڵکردنی پێوەندیەکانیان و هەماهەنگ کردنی هێرشە‌کانیان بۆ سەر گەلەکەمان. تا بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێ، کاریگەری فکری و کرداری کورد لە ئازادی و دیمۆکڕاسی‌خوازیدا لەناوبەرن. بڕوامان وایە کە کورد لە بواری پاڕدایمی و جیهان‌بینیەوە، کاریگەری ئەوتۆی هەیە لەسەر گەلانی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رێبەر ئاپۆ لە سەردەمی بەهاری گەلاندا(بەهاری عەرەبی) وتی: “دەبێ هەرکەسێ کاریگەری خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە سەرهەڵدانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینێ”. گەلی کورد بە تایبەت لە مژاری ژن و رێبازی چالاکیدا، ئیلهام‌دەر بووە. لە هەموو شتێک گرینگ‌تر پەیام و بانگەوازی ئێمەیە، کە هەموو گەڵان و جیاوازییەکان و بە گشتی مرۆڤایەتی بە بنەما دەگرین. بەو روانگەیەوە هەر لە سەرەتای ساڵی رابردوودا، هەوڵی خۆ بەڕێكخستن كردنمان دا. بە بەرێوەبردنی کۆنگرەکانی پژاک، کۆدار و کەژار لە چوارچێوەی بەڕێکخستن‌کردنی ناوخۆییدا، ئەو قۆناغەمان دەست‌پێکرد کە بە سەرکەوتوویی پێک‌هات. ئەوانە هەڵمەت‌گەلێکی جددی بوون، چوونکە پێشبینی هێرش و گوشاری زیاتری رژێمی ئێرانمان دەکرد. پێویست بوو کە لە بواری بە پارتی‌بوون و رێکخستنی گەڵ، هەنگاو هەڵگیردرێ. لە هەل‌ومەرجێکی دژواردا ئەو ئەرکەمان بەجێ‌هێنا. بە درێژایی ساڵ هەوڵدانمان ئەوە بوو کە بڕیارەکانی کۆنگرەکان، کرداری بکەین و لە گەلێک مژاردا دەسکەوتی بەرچاو هەیە و پێشکەوتنمان هەبووە و بەردەوامی بە تێکۆشانمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان دەدەین. بە باشی لەوە ئاگادارین کە لە ئەگەری هەر جۆرە سازانێک لەتەک رۆژئاوا، قۆناغیکی سەرکوت و پاکتاوکاری لە ئاستی ئێراندا، دەست‌پێدەکات. دەسەڵاتی ئێرانی، کاتێک لە هێرشی دەرەکی ئاسوودە دەبێ، سەرکوتی ناوخۆیی دەست‌پێدەکا. بۆیەش لە داهاتوودا رۆڵی هەموو گەلانی ئێران و چۆنێتی پێوەندی و مامەڵە‌کردن و هاوکاریان لەتەک یەک، دەور دەبینێ. کۆمەڵێ خاڵ هەیە کە دەبێ بۆ بەربەرەکانی و تێکۆشانی هاوبەش کە ئێمە بەردەوام جەختی لەسەر دەکەینەوە، لەبەرچاو بگیردرێ. لە سەرووی هەموویانەوە، گۆڕانکاری لە چۆنێتی و رێبازی بەشداری سیاسیدایە. یەکەم ئەوەی کە سیاسەت سنووردار کردن بە بەشداری لە سیاسەتی دەوڵەتی و حاکمییەتی، هەڵەیە و دەبێ رەهەند و رێبازەکانی دیکە تاقی بکرێنەوە، هەڵبەت لێگەڕێن لە رێبازی کۆمەڵایەتی دروست‌ و بەجێیە. هەروەها دەبێ هەوڵبدرێت بە شێوازی گونجاو یەکتر لە بێ‌هەڵوێستی و موحافزەکاری بەدوورخەین. یەکتر پەلکێشی ناو جەرگەی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و هەڵوێستی گشتی بکەین. لەبەر ئەوەی کە بتوانین ویست و داخوازییەکانمان بە گوێی کەسانی دیکە بگەیەنین، تۆڕی پێوەندیەکانمان بەرفراوان بکەینەوە. یەک کاسەکردن و کۆکردنەوەی داخوازییەکان، گرینگە و دەبێ هەر داخوازییەک وەرگەڕێتە سەر، ویستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تا بتوانرێ بکرێتە وتار و پێشکەش بکرێ. تەنیا بەوجۆرە دەکرێ پێشگیری لە بە لاڕێدابردنی بکەین. لەو قۆناغەدا لە هەمووشتێک زیاتر پێویستیمان بە متمانە‌سازی و متمانە‌دان هەیە. ئەوە ئەرکێکی کۆمەڵایەتیە و دەبێ هەر کەسێک هەوڵبدا، کەلەبەرەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی داپۆشێ، تا دەسەڵات خۆی تێدا بەجێ نەکا. پێویستە هەر کەسێک بزانێ، حەقیقەت لە لای کۆمەڵگا و گەلانی ئێرانە و هیچ راستەقینەیەک لە لای دەسەڵات بوونی نییە. لە هەر تێکۆشانێکدا و بە هەر هەنگاوێک، نرخێک و بەهایەکی کۆمەڵایەتی و ژیانی ساز دەبێ. کۆمەڵگا دەبێ لە دەوری ئەو نرخانە کۆبێتەوە، بە هی خۆی بزانی و بیپارێزی. هەر نرخێک ناوەندێکی بەرخۆدانە و ماڵیکی گشتیە، نابێ بهێڵین دەسەڵات دەستی بەسەردا بگرێ، یان بێ‌ڕێزی پێ بکا. مەسەلەیەکی دیکە پشتیوانی کردنە لەیەکتر، کۆمەڵگا بێ‌پاراستن و بێ‌چەک کراوە. هەموو جۆرە دەرفەتێکی پاراستنی لێ زەوت‌کراوە و داماڵراوە. لێرەدا خاوەندارێتی و پاڵپشتی یەکتری کردن لە بەرامبەر دەسەڵاتدا، پێویستە و ئەرکێکی ئەخلاقی مرۆڤی ئازادیخوازە. کۆمەڵێ خاڵ هەیە کە یەکڕیزی و یەکانگیری کۆمەڵگا تێکدەدات و پەڕتەوازەی دەکا و دەبێ خۆی لێ‌ ببوێرین. نەفرەت و قین نانەوە، دووبەرەکی سازکردن، ئاژاوەگێڕی، ئەویتر‌سازی، خۆناوەنددیتن، دوودڵی‌ و راڕایی ‌سازکردن و بەرژەوەندی‌خوازی کە وەک کرم بنەماکانی کۆمەڵگا دەخۆن و دژی پێکەوە ژیانن. دەبێ گەلەکەمان و هەموو گەلانی ئێران خۆیان لەو ئاکارە ناشیاوە بەدوور بگرن. بە جێی ئەوانە دەبێ تاقەت و پشوودرێژی لە هەمبەر یەکتر، بەرینەسەرێ، یەکتر قەبووڵکردن زۆرگرینگە، هەوڵبدەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مەعنەویات و ورەی گشتی، بەجێی هەڵایساندنی سۆز و کرداری عاتیفی، بەرەو عەقڵانییەتی سیاسی و عەقڵی گشتی، هەنگاو هەڵگرین. زۆر گرینگە کە هێڵی خیانەت و دوژمن‌كاری بناسین و مەحکووم و شەرمەزاری بکەین. لێی خافڵ نەبین و بۆ ریسواکردنی هەوڵدانمان هەبێ. ئەوانەی کە باسکران پێوانی درووستی کۆمەڵایەتی بوونە و کۆمەڵایەتی بوون، مەرجی سەرەکی بەشداری‌کردنە لە سیاسەتدا.

ژ.ت