خەڵکی کۆمەڵگەی دوهلا لە دژی رێکەوتنەکەی بەغدا ناڕەزایەتیان دەربڕی

ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی دوهلای سەر بە شەنگال، لە لێدوانێکدا ناڕەزایەتیان لە دژی رێکەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر دەربڕی و جەختیشیان کردەوە کە ئەوان جارێکی تر خاکە پیرۆزەکەیان رادەستی کەس ناکەنەوە.

ئەنجومەنی گەلی کۆمەڵگەی دوهلا لە بارەی رێکەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەوڵێر کە لە دژی شەنگال و دانیشتوانی، ئیمزا کراوە، لێدوانێکیان بڵاو کردەوە.

لێدوانەکە لە بەردەم ناوەندی ئەنجومەنی گەلی ناوچەکە بڵاو کرایەوە و بە ئامادەبوونی ئەندامی رێکخستن و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەکە، لە لایەن سالەح ئێزدین هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلەوە خوێنرایەوە.

ئێزدین جەختی کردەوە کە ئەوان، ئەو رێکەوتنەی لە نێوان حکومەتی عیڕاق و هەرێمی کوردستاندا ئیمزا کراوە و رەنجی ئێزدیەکانیان بۆ پاراستنی زێدی خۆیان لە دەستی چەتەکانی داعش لە شەنگال، پشتگوێ خستووە، قبوڵ ناکەن و وتی:"ئەم رێکەوتنە مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر پێکهاتەکانی شەنگال، ئەمە پلانێکی تورکیایە و بە ناوی کوردەوە لە دژی ئێمە پەیرەو دەکریت."

سالح ئێزدین هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی دوهلا راشیگەیاند، لە کاتی هێرشەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ئەو هێزانە لە شەنگال بوون و وتی:"ئەو هێزانەی لە بارەی شەنگالەوە رێکەوتنیان ئیمزا کردووە، بەر لە فەرمانەکە لێرە بوون، بەڵام ئێمەیان نەپاراست و بە بێ ئەوەی بەرگری بکەن، ناوچەکەیان رادەستی چەتەکانی داعش کرد. ئێستا شەنگال لە ئاسایشدایە و رۆڵەکانمان لەگەڵ هێزە عێراقیەکان دەمانپارێزن، لە هەموو شوێنێکی شەنگال پۆلیس و هێزەکانی عێراق بوونیان هەیە. ئێمەش فەرمیەتمان لە گەلەکەمان وەرگرتووە. ئێمە جارێکی تر خاکە پیرۆزەکەمان رادەستی هێچ کەس ناکەینەوە. ئەگەر پێویست بێت، تا دوا دڵۆپی خوێنمان لە خۆڕاگریدا دەبین و لە دژی دوژمن دەجەنگین."

ز.ش