خەڵکی مەخمور: تا هەوڵەکان و پلانەکان کۆتاییان پێدێت، ئێمە خۆڕاگری دەکەین

خەڵکی مەخمور جارێکی دیکە رێگرییان لە هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ ئابڵوقەدانی کەمپەکە گرت. دانیشتوانی کەمپەکە پێداگرن لەسەر ئەوەی رێگریی لە گەمارۆدانەکە بگرن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق هەوڵیدا کە لە شوێنە ستراتیژییەکان سەربازەکانی جێگیر بکات و دەستی بە هەڵکەندنی خەندەق کرد. بەوهۆیەوە خەڵکی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی بەرەوڕوویان خرۆشان و رایانگرتن.

دانیشتوانی خۆڕاگری مەخمور کەلەبەردەم سوپای عێراق خێمەیان هەڵداوە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

ئەحمەد هیلالی: بانگەواز درا کە سوپای عێراق دەستی بە هەڵکەندی خەندەق کردووە. خەڵکی لەخۆبوردوو و خۆڕاگری مەخمور هەندێکیان لەلای کانی ئاوی سیسۆ و هەندێکیش لە لایەکی دیکەوە چوون. لەنێوان ئێمە و ئەواندا گرژی روویدا. تائاستێک پاشەکشێمان پێکردن. خێمەمان هەڵدا. تا کۆتایی بەو هەوڵانە نەهێندرێت، شوێنی خۆمان چۆڵ ناکەین، دەچینە سەریان و بەرەنگاریان دەبینەوە. ئەگەر قەبوڵمان بکردایە، لە باکوور ئەوەمان قەبوڵ دەکرد. ئێمە ناچینە ژێرباری ئەوەوە، لەگەڵ گەلەکەمان خۆڕاگری دەکەین. تاپاشەکشێ نەکەن چالاکی ئێمە بەردەوام دەبێت.

فەرحان ددێری: ماوەی شەش رۆژە خۆڕاگری دەکەین. پێنج رۆژی رابردوو هەندێک کۆبوونەوە ئەنجامدران، بەڵێنیان دا، بەڵام ئەمڕۆ کاتژمێر نزیکەی ٠٥:٠٠ جارێکیتر دەستیان بە هەوڵەکانیان کردەوە. بە هێزێکی زۆرەوە ویستیان ئابڵوقەی کەمپەکە بدەن و چواردەوری بگرن. دەیانەوێت بە تەواوەتی کامپەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. بە بەرخودانی گەورە و ئیرادەی گەل ئەوە تێکدەشکێندرێت. بانگەواز ئاراستەی تەواوی جیهان دەکەین، هەموان هەڵسنە سەرپێ. دەیانەوێت بەش بەش بێنە پێشەوە و ئەو پلانە جێبەجێ بکەن کە دایانناوە. خێمەمان هەڵداوە، بە ئیرادەی خۆمان خۆڕاگری دەکەین. بڕوامان بە گەلەکەمان هەیە. ئێمە تێکیان دەشکێنین. ئەوان ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن".

هـ . ب