خەڵکی شەنگال ٤١ رۆژە لە بەردەم ئاسایشی خۆیاندا ئێشکگری دەکەن

گەلی شەنگال بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئێزدخان دەستیان بە چالاکیی ئێشکگری کردووە و چالاکییەکەیان لە ٤١هەمین رۆژدایە.

هاووڵاتییانی شەنگال لە چوارچێوەی دژایەتییان بەرامبەر بە رێککەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر شەنگال و بە ئامانجی پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدخان لە بەردەم ناوەندی ئاسایش لە شەنگال چادریان هەڵداوە.

چالاکییەکە بە دروشمی "ئێمە هەموومان ئاسایشین" بەڕێوەدەچێت و ماوەى ٤١ رۆژە بەردەوامە و لەلایەن ئەنجوومەن و دام و دەزگا و رێکخراوەکانی شەنگالەوە درێژەى پێدەدرێت.

خەڵکی شەنگال دەستە دەستە سەردانی چادری ئێشکگرییەکە دەکەن و پشتیوانی لە چالاکییەکە دەکەن.

خەڵکی شەنگال تاوەکو ئێستا چەندینجار داواکانیان پێشکەشی حکومەتی عێراق کردووە، بەڵام بەرپرسانی عێراق وەڵامی ئەرێنییان بە داواکانیان نەداوەتەوە. بۆ ئەوەش خەڵکی شەنگال رایانگەیاندووە، تاوەکو داواکانیان جێبەجێ نەکرێت درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن.

لە دوایین پێشهاتیشدا دوێنێ جینین هێنس پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق سەردانی شەنگالی کرد و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی شەنگال دا کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، داواکانی شەنگالییەکان بە حکومەتی عێراق رادەگەیەنێت.

ژ.ت