کەجەکە: کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی نە لە بیری دەکەین، نە رێگەش دەدەن لە بیر بچێتەوە

کەجەکە رایگەیاند، کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی لە بیر ناکرێت و وتی، لەبیرکردنی کارێکی نائەخلاقی، بێویژدانی و خیانەتە. بۆیە نە لە بیری دەکەین، نە رێگەش دەدەین لەبیر بکرێت."

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە بە بۆنەی نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەم دەوڵەتە قڕکەر و داگیرکەرە کە سەرکێشی دژایەتیکردنی کوردە، دەوڵەتێکی وەهایە کە ئەو مرۆڤانەی دەیانکوژێت، تاوانباریشیان دەکات و فشاریش لەسەر خانەوادە و کەسوکاری قوربانیەکان دروست دەکات و لەم چوارچێوەیەشدا، خانەوادەی قوربانیانی کۆمەڵکوژیەکەی رۆبۆسکی، لە بەر دەرگای قەرەقۆل و دادگاکان سزا دەدرێن.

لە بەردەوامی راگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:" ٩ ساڵ بەر لە ئێستا ٣٤ رۆڵەی ناوچەی رۆبۆسکی بە فڕۆکەی جەنگی کۆمەڵکوژ کران. بە رێز و حورمەتەوە یادی ئەو کەسانە دەکینەوە کە لاشەکانیان پارچە پارچە کران. هاوکات بەڵێنی بونیادنانی کوردستانی ئازاد دووپات دەکەینەوە، کوردستانێک کە هیچ سنوورێکی نابێت، ئەو سنوورانەی دروست کراون بێ واتە دەبن و خەڵکی ئێمە لە هیچ شوێنێکی ئەم کوردستان رووبەڕووی کوشتن و بڕین نابێتەوە."

لە راگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

"دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەرپرسیاری سەدان کۆمەڵکوژی لەم شێوەیەیە، بۆیە بۆ دەوڵەتی تورک کوشتنی کورد، ئاساییە. کۆمەڵکوژی لەم چەشنە بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی گەلی کورد، بە زانابوون و پلان بۆ داڕێژراو، ئەنجام دەدرێت. ٣٤ رۆڵە و گەنج بە فەرمانی تەیب ئەردۆغان کوژران، بۆیە هیچ لێپرسینەوەیەک لەو دۆسیەیە نەکرا، هیچ کەسێک سزا نەدرا. چونکە ئەوەی فەرمانی کۆمەڵکوژیەکەیدا، خودی تەیب ئەردۆغان بوو. بەم کۆمەڵکوژیە هەوڵیاندا، گەلی کورد چاوترس بکەن. بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتبوونە بەر دەستیان، گوایا لە ناو ئەو ٣٤ کەسەدا، 'پێدەچێت کەسێکی هەپەگەیی' هەبێت، بۆیە لە ئەردۆغانیان پرسیوە، "لەگەڵ ئەو ٣٤ گەنج و منداڵەدا، بیکوژین؟' ئەردۆغان پێی وتوون 'دەتوانن بانکوژن'.

ئەردۆغان کەسێکی وەها بێ ئەخلاق و بێ ویژدانە و خاوەنی هیچ نرخێکی مرۆڤایەتی نیە. فەرمانی دەیان کۆمەڵکوژی لەم چەشنەداوە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا کاتێک خەڵک لە ئامەد راپەڕی، دەیوت، 'منداڵیش بێت، ژنیش بێت، چی پێویستە لە دژیان بیکەن'. دوای ئەم قسانەی ئەردۆغان، چەندین منداڵ کوژران.

تا ئەو کاتەی تورکیا بە دیمۆکراتیک نەبێت، کێشەی کورد چارەسەر نەبێت و لێپرسینەوە لەم جۆرە کۆمەڵکوژیانە نەکرێت، کوشتن و بڕین و کۆمەڵکوژی بەردەوام دەبن. لە باکوری کوردستان کوشتنی کورد بۆ خۆیان وەکو سەروەری تەماشا دەکەن. لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان و شەنگال لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکاندا، بە سەدان ژن، منداڵ و پیر کوژران. دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی وەهایە کە کورد دەکوژێت و کۆمەڵکوژیان دەکات. خودی ترەمپیش کە لەگەڵ ئەردۆغان رێکەوتبوو، دەیووت، تورکیا دوژمنی کوردە. لە راستیدا هەموو جیهان، تورکیا وەکو دوژمنی گەلی کورد دەبینێت و دەزانێت کە کورد کۆمەڵکوژ دەکات. هەموو کەسێک ئەوە دەزانێت کە دەوڵەتی تورک سیاسەت و دیپلۆماسی خۆی لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی گەلی کورد بونیاد ناوە.

ئەم دەوڵەتە قڕکەر و داگیرکەرە کە سەرکێشی دژایەتیکردنی کوردە، دەوڵەتێکی وەهایە کە مرۆڤ دەکوژێت و تاوانباریشی دەکات، هاوکات فشار لەسەر خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان دروست دەکات. لەسەر کەیسی رۆبۆسکی تەنانەت کەسێکیش سزا نەدراوە، بەڵام خانەوادەی کەسوکاری کۆمەڵکوژیەکە، بە هۆی ئەوەی بە دوای کەیسەکەدا دەڕۆن، لە بەر دەرگای قەرەقوڵ و دادگاکان سزا دەدرێن. چەندین کەسوکاری قوربانیان دەستگیر کراون و هەندێکیشیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. هاوکات ئەوانەی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیان ئیدانە کرد، دەستگیرکران و خرانە زیندانەوە. تەیب ئەردۆغان کۆمەڵکوژیەکە پەردەپۆش دەکات و دەڵێت هەڵەیەک بوو روویدا، وەکو ئەوەی بڵێی بە کوشتنی ٣٤ کەس، هیچ شتێک رووی نەدابێت.

دایکی قوربانیانی کومەڵکوژی رۆبۆسکی کاتێک یادی رۆڵەکانیان دەکەنەوە، دەڵێن، 'خەومان لێناکەوێت و نەخۆش دەکەوین'. تا ئەو کاتەی بکوژەکان سزا نەدرێن، ئەم حاڵەتەی خانەوادەکان بەردەوام دەبێت. ئەم بارودوخە، هەموو مانگێک، هەموو ساڵێک، چەندین ساڵە خانەوادەکان ئەشکەنجە دەدات. دەوڵەتی تورک کە پارەی ئەو گولەیەی دەنرێتە گەریلاکان لە خانەوادەکانیان دەسەنێتەوە، لێپرسینەوە لە بکوژی ئەو گەنجانە ناکات کە پارچە پارچە کراون. دەوڵەتێکە کە سزای ئەو پۆلیسانە نادات کە لە بەر چاوی کامێرا کەمال کورکوتیان کوشت، ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو کە بکوژی کورد سزا نادرێن. بەم شێوەیە رێگە بۆ پۆلیس و سەربازەکانی خۆش دەکات کە بە ئاسانی کورد بکوژن. ئەو راستیەى دەیان ساڵە، سەدان ساڵە لەبەر چاوە، ئەمەیە.

دەبێت گەلی کورد کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی لەبیر نەکات، دەبێت واز لەو کەیسە نەهێنێت. لێپرسینەوەی ئەم کۆمەڵکوژیە، سەرەتا بە بەهێزکردنی تێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئازادکردنی گەلی کورد دەبێت. ئەوانەی لە رۆبۆسکی کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا، گەلی کورد لە ریزی مرۆڤدا نابیننەوە. لە دژی ئەو دەسەڵاتەی ئەم کۆمەڵکوژیەی ئەنجامدا، ئەگەر تێکۆشان بەهێز نەکرێت، ئەوا بەردەوام دەبن لە رەشەکوژکردنی کورد دا، هاوکات سیاسەتی سزا نەدانیش بەردەوام دەبیت و کورد بەردەوام رووبەڕووی کوشتن و بڕین دەبنەوە.

کومەڵکوژی رۆبۆسکی لە بیر ناچێتەوە. لەبیرکردنی کارێکی نائەخلاقیە، بێویژدانانە و خیانەتە. بۆیە نە لەبیری دەکەین، نە رێگەش دەدەین لەبیر بچێتەوە. بە ئازادکردنی کوردستان و گەلی کورد، خاوەنداریان لێدەکەین. بکوژە داگیرکەر و قڕکەرەکان بێگومان لەناو ئەو خوێنەی رشتوویانە، دەخنکێن."

ز.ش