کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی.. ئەو تاوانەی مێژووی ئەردۆغان ڕەشتر دەکات

هەرکە ناوی ڕۆبۆسکی دەهێنرێت، ڕاستەوخۆ تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتیی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بەبیری مرۆڤدا دێت، کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک سەدان کیلۆ بۆمبیان بە سەر ژمارەیەک گەنج و منداڵدا باراند، کە لە سنوور کاریان دەکرد.

تاوانی ڕۆبۆسکی لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١١دا، له ‌کاتژمێر ٠٩:٤٥ بۆ ١٠:٢٠ خولەکی شەودا‌، ٣٤ هاوڵاتی که‌ زۆربەیان مێردمنداڵ بوون لە سەر ڕێگایەکی نزیک لە گوندی ڕۆبۆسکی سەربە شارۆچکەی قلا‌بانی شرناخ، له‌لایه‌ن فرۆکه‌ جەنگییەکانی سوپای تورکه‌وه‌ بۆردوومان و کۆمەڵکوژکران.

دەوڵەتی تورک هەر لە سەرەتاوە هه‌وڵێکی زۆریدا کە کۆمه‌ڵکۆژییه‌کە بشاردرێتەوە، بەڵام خانەوادەی قوربانیان پێداگربوون لە بەدواداچوون بۆ کۆمەڵکوژییەکە و ئەو تاوانەی حکومەتی تورک لە جیهاندا دەنگی دایەوە، سەرەڕای هەموو بەدوداچوونەکان تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکە تاوانبار نەکران، ئەردۆغان کە ئەوکات سه‌رۆک وه‌زیران بوو، بەڵام له ‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی کۆمەڵکوژییەکە لە ئەستۆ بگرێت، هه‌وڵیدا بە بێرێزیکردن بە قوربانیان کۆمه‌ڵکۆژییه‌که‌ بشارێتەوە‌.

هاوڵاتیانی گوندی زێڤێ-ی سەر بە شرناخی باکوری کوردستان که‌ هاوسنووری باشوری کوردستانه‌، له‌ساڵی ١٩٩٣دا له‌لایه‌ن سه‌ربازانی تورکه‌وه‌ به‌ زۆر چوڵ کرابوو، سوپای تورک ئەو هاوڵاتیانەیان دەستگیردەکرد و بە مەرجێک ئازادیان دەکردن کە گوندکە چۆڵ بکەن، وای لێهات ئەو هاوڵاتیانە بەرەو گوندی ڕۆبۆسکی کۆچیان کرد و لەوێ جێگربوون، حکومەتی تورک هیچ هاوکارییەکی ئەو هاوڵاتیانەی نەکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆریان بەرەو باشوری کوردستان ئاوارەبوون.

ئەوانەی دیکەش کە لە ڕۆبۆسکی مانەوە، بەهۆی ئەوەی سوپای تورک لە هەموو زەوییەکانی دەوروبەر مینی چاندبوو،، نەیاتوانی بەردەوامبن لە کاری کشتوکاڵ یان ئاژەڵداری کە پێشتر پێوەی سەرقاڵ بوون، بۆیە دەستیان کرد بە بازرگانیکردن لە سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان باکور و باشوری کوردستان.

نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی ٣٤ هاوڵاتی کورددا تێدەپەڕێت، نەوەکو کەس وەک تاوانبار نەناسێندرا، ئەردۆغان کە لەوەتەی هاتووەتە دەسەڵات دەیان کۆمەڵکوژیی کوردی ئەنجام داوە، سوکایەتی بە شەهیدان و کەسوکاری ئەو کۆمەڵکوژییە کرد.

ئەردۆغان وتی:”چی بووە؟ دادەنیشن، هەڵدەستن، باسی ڕۆبۆسکی دەکەن، بە بۆچونی من هەموو منداڵ لە باربردنێکی تورک وەک کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی وایە، چۆنە باسی کۆمەڵکوژی کوردەکان دەکەن، بەڵام باسی کۆمەڵکوژی تورکەکان (مەبەستی منداڵ لە باربردن بوو) ناکەن؟”.

تەیب ئەردۆغان بەو قسانە هەوڵیدا خۆی لە ژێرباری تاوانەکە دەربکات، بەڵام بەو قسەیەیە هاوکات کە بێڕێزی بە دایکانی تورک کرد، بێڕیزی بە قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی ڕۆبۆسکیش کرد.

وێڕای بارینی بەفرێکی زۆر له‌سه‌ر سنووری نێوان باکور و باشور، گوندییەکان بەردەوامن لە سەر پەیداکردنی بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایە، ئەوانەشی کار دەکەن زۆربەیان لە تەمەنی نێوان ١٣ بۆ ٢٢ ساڵدان.

ز.ش