کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان لە چواردەیەمین ساڵیادی گرتنی جەلالیاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە

کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان رایگەیاند، بەرخوەدانی بێوێنەی زەینەب جەلالیان لە بەرامبەر گوشار و ئەشکەنجە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیرادە و هێز بە ژنان و کۆمەڵگا دەبەخشێت.

کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان لە چواردەیەمین ساڵیادی گرتنی جەلالیاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بەرخوەدانێکی بێ وێنەی لە لایەن زەینەب جەلالیان لە بەرامبەر ئەو گوشار و ئەشکەنجەی لەسەری بەڕێوە دەچێت و سووربوونی لە سەر خواستەکانی هێز و متمانەیەک دەداتە ژنان و کۆمەڵگا بۆ بەردەوام بوونیان لە سەر مافە رەواکانیان و هێز بۆ تێکۆشانی زیاتر بەرامبەر دیکتاتۆر و سیستەمە دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران.

راگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"وا چواردە ساڵە ژنە سیاسی کورد زەینەب جەلالیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. ماوەی چواردە ساڵە کە زیندان بە زیندان رایدەگوازن و ئەشکەنجەی روحی و جەستەیی جۆراوجۆری لەسەر تاقی دەکەنەوە بۆ ئەوە کە لە خواست وداخوازییەکانی پاشگەز بکەنەوە. ئەو داخوازییانەی کە لە چوارچێوەی مافی رەوای گەل و کۆمەڵگایەتی. خوازیاری بە ئازادی ژیان کردن لە سەر بنەما مرۆڤییەکان و رێزگرتن لە مرۆڤ بوونیانە. ئەو ئەشکەنجەی لە سەر ژنە زیندانی سیاسی کورد بەڕێوە دەچێت نیشان لە ئەشکەنجەی چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا دەکات بە تایبەت چینی چەوساوەی ژنان کە لە بنەماییترین مافەکانیان وەک ژن لە لایەن سیستەمی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوازی جیاواز و بە توندترین شێوە زەوت دەکرێن. ئەوە ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە لە کەسایەتی زەینەب جەلالیان ژنان و هەموو ئەو مرۆڤە ئازادیخوانەی بۆ مافەکانی خۆیان و بۆ ژیانێک تێدەکۆشن کە شایانی مرۆڤ بێت دەچەوسێندرێنەوە. نموونەی هەری دوایی رەشبگیری زیاتر لە سەد چالاکوانی مەدەنی رۆژهەاڵتی کوردستان و لە سێدارە دانی رێژەیەکی زۆر لە هاوواڵتیان لە بەلوچستان بوو. چالاکانی ژینگە پارێز، شاعیر و هونەرمەند، خوێندکاری زانکۆ و مامۆستای زمانی کوردی و لە ناویان دا زارا محەمەدی کە لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە پێنج ساڵ زیندان سزا درا تەنیا بە هۆی وتنەوەی وانەی کوردی و فێر کردنی زمانی کوردی بە منداڵان. ئەو شێوازەی تۆقاندن و رەشبگیرییانە هیچ پاساوێکی سیاسیان نییە و سەربەخۆیانە بۆ باڵوکردنەوەی ترس و هەروەها سەرکووتی هیزی مەدەنی ناو خۆی کۆمەڵگا بە سەر چالاکوانان دا دەدەسەپێت. ئەوەی لێرە دا ئاشکرایە بەردەوامی ئەو سیاسەتە سەرکوتکارانەی رێژیمی ئێرانە کە چواردە ساڵ پێش لەسەر زەینەب جەلالیان هەتا ئەوڕۆ بەڕێوە دەچێت و ئەوڕۆلە سەر دەیان و سەدان گەنجی دیکە بەردەوام دەکات. ئەو سەرکووتانەش تەنیا بە قەدەغە کردنی ئازادی ڕادەربرین و گرتن و زیندانی کردنی چالاکان سنووردار نەکراوە بەڵکوو بێبەش کردنیان لە مافی دەرمان و چارەسەر بۆ نەخۆشیەکانین و ئەو پێداویستییە پزشکییانەی کە هەیانە دەکەوێتە چوارچێوەی بەردەوامی ئەو ئەشکەنجانە بۆ بەچۆک داهێنان یان خود لە ناوبردنیانە. هەمووی ئەو ئەشکەنجانە لە سەر زەینەب جەلالیان تاقی کراونەوەتە جا ئەشکەنجەی جسمی یان روحی یان ژێر فشار خستنی بۆ دانپێدانان بە خواستەکانی هێزەکانی ئەمنی بێت یان بێبەش کردنی لە دەرمان و هەروەها دیتنی بنەماڵەی سەرەرای راگواستنی بۆ چەندین زیندان و تووش بوونی بە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ .لە لایەکی ترەوە بەرخوەدانێکی بێ وێنەی لە لایەن زەینەب جەلالیان لە بەرامبەر ئەو گوشار و ئەشکەنجەی لەسەری بەڕێوە دەچێت و سووربوونی لە سەر خواستەکانی هێز و متمانەیەک دەداتە ژنان و کۆمەڵگا بۆ بەردەوام بوونیان لە سەر مافە رەواکانیان و هێز بۆ تێکۆشانی زیاتر بەرامبەر دیکتاتۆر و سیستەمە دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەر بۆیەش لەسەر هەر تاکێکی مرۆڤ دۆستە کە خاوەن لە ژنە زیندانی سیاسی کورد دەربکەوێت و ئیمەش وەک کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان خوازیاری ئازادی زەینەب جەلالیان و هەموو زیندانیانی سیاسین کە ئێستا لە گرتووخانەکانی ئەو رێژیمە دان."

کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان

#FreedomForZeynabJalalian

ف.ق