کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان: با ئاستی تێکۆشمان دژی داگیرکاریی بەرزبکەینەوە

کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان دژی تووندوتیژیی و داگیرکاریی ئاماژە بەوەدەکەن، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان سەرچاوەی تووندوتیژیی و کۆمەڵکوژییەکانە و داوا لە ژنان دەکەن، ئاستی تێکۆشانیان دژی داگیرکاریی بەرزبکەنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ کەمپەینی یەکڕیزیی ژنان دژی تووندوتیژی و داگیرکاریی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی ئەنجامدا، لە دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات.

شەیدا مەعروف، ئەندامی حزبی زەحمەتکێشان بەیاننامەی کەمپەینەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: لە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگەدا بە شێوازێکی هۆڤانە و بێ ناسینی هیچ سنوورێک هێرشێکی هەوایی کردە سەر کەمپی شەهید (رۆستەم جودی) لە مەخموور، هەروەها لە چوارچێوەی داگیرکاری سەربازیدا بەبەکارهێنانی زۆرترین چەکی قورس و تەنانەت بەکارهێنانی چەکی کیمیایی (رێگەپێنەدراو) لە هەرێمەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا هێرشێکی بەردەوام دەکاتە سەر ئەو سنوورانە و بەو هۆیەوە چەندین جەنگاوەری رێگای ئازادی و لەپێناو پاراستنی خاکی کوردستاندا شەهید بوون.

ئاماژە بە بڕینەوەی دارستانەکان کرابوو و هاتبوو: چۆن ساڵی رابردوو دار زەیتوونەکانی عەرفرین'ی بڕییەوە و تاڵانی کردن، ئێستاش هەڵساوە بەبڕینەوەی چەندین هەزار داری خاکی باشووری کوردستان و براون بۆ تورکیا و بازرگانییان پێوەکراوە،.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە: بۆیە ئێمە وەك کەمپینەکەمان پێمان وایە سەرچاوەیەكی سەرەكی توندوتیژی و كۆمەڵكوژییەکان داگیركارییەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیایە لەسەر هەرێمی كوردستان و ئێراق. هەر بۆیە گرنگە ئێمەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نادیموكراتی و تەواوی قەیرانەكان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان و هەموو داگیركارییەكان ببینەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەی کەمپەینەکەدا هاتووە: بە یەکریزی و یەک دەنگی ژنان هەموو هێزمان بخەینە یەک و بەچالاكی دیموكراتی و بەهەڵوێست دەربرین لەدژی هەموو داگیركارییەكان ئاستی تێكۆشانی ژنان بڵند بكەین.

ف.ق