کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: لە هەولێر دەسەڵات ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، لە بازنەی سێ و چواری هەولێر بە بەرنامە ساختەکاریی کراوە.

عەبدولستار مەجید، کاندیدی دەرنەچووی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە شاری هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا، هەڵوێستی حزبەکەی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.

عەبدولستار مەجید وتی:” لە بازنەی سێ و چواری هەولێر لافاوێک لە خەڵک دەنگیان بە ئێمە داوە، ئەو دەنگانە ئامانەتە و وەک چاومان دەیپارێزین. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی هەرێم کە دەزانێت خەڵک بێزار و ناڕازییە، ناتوانێت هیچ پرۆسەیەکی دەنگدان بێ ساختەکاریی بەڕێوەببات.

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەڵگەیان لەبەردەستە کە لە پارێزگای هەولێر ساختەکاریی، پێشێلکاریی و چەواشەکاریی هەبووە و کۆمسیۆنیشیان لێ ئاگادارکردووەتەوە و سبەینێ بەڵگەکانیان ڕادەست دەکەن.

عەبدولستار مەجید، ڕاشیگەیاند: من نزیکەی ١٥ هەزار دەنگم بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا ئەو کەسەی لە شوێنی من بە دەرچوو ئەژمار کراوە، کەمتر لە ١٤ هەزار دەنگی هێناوە.

جەختیشکردەوە”ئەنجامی بازنەی سێ و چواری هەولێر ڕەتدەکەینەوە و قبوڵمان نییە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین، هەموو ڕێگایەکی یاسایی و مەدەنیی دەگرینە بەر و دەنگدەرانمان دەهێنینە سەر شەقام، ڕێگانادەین مافمان بفەوتێت، دڵنیابن سەری خۆمانی لەسەر دادەنێین”.

ف.ق