'کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەبێتە وڵام بۆ هێرشەکان' -٣-

ئایەتولا ئاشتی سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی و بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە لە بارەی یەکێتی نەتەوەیی کورد و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قسەیان کرد و جەختیان کردەوە، مەرجی یەکەمی وەستان لە دژی هێرشەکان، ئەنجامدانی کۆنگەری نەتەوەییە.

لە بەشی کۆتایی دۆسیەکەماندا لە بارەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، هەر یەک لە ئایەتولا ئاشتی سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی و بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە قسەیان کرد.

هەر یەک لە ئاشتی و ئوزتورک هەم بنەما سەرەکیەکانی یەکێتی نەتەوەیی و هەم داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر باشوری کوردستان، نرخاند.

ئوزتورک رایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان بە تەواوەتی ئامانج لێیان داگیرکەریە و جەختیشی کردەوە کە باخچەلی و ئەردۆغان نکۆڵی لە هێرشە داگیرکەریەکانیان ناکەن.

ئوزتورک رایگەیاند، ئەم هێرشە داگیرکەریانە نەک تەنها لە باشور، بەڵکو دەکرێنە سەر رۆژئاوای کوردستانیش و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشانەش دەبێت گەلی کورد هەڵوێستێکی گشتگیریان هەبێت.

هۆشمەندی یەکێتی نەتەوەیی

ئوزتورک راشیگەیاند، لە دژی هێرشەکانی سەر هەر چوار پارچەی کوردستان، یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان، ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە و بەم شێوەیە باسی لێوە کرد:"

"ئەو خاکەی داگیر کراوە، خاکی کوردستانە. ئەوە روون و ئاشکرایە و دەبێت ببینرێت کە ئەو هێرشانەی ئەنجام دەدرێن، تەنها لە دژی رێکخراوێک یان پارتێک نیە، بەڵکو هێرش دەکرێتە سەر گشت گەلی کورد و بوونی کورد. بۆیە پێویستی بە هۆشمەندی و یەکێتی نەتەوەیی کورد هەیە. بۆیە دەبێت لە دژی ئەم هێرشانە، وڵامێکی هاوبەش و گشتگیر بدرێتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا کۆنگرەی نەتەوەیی مەرجی یەکەمە. لەوانەیە نەتوانرێت کۆنگرەکە راستەوخۆ ساز بکرێت، بەڵام زۆر گرنگە کە مەبەست و ئامانجی ئەنجامدانی ئەو کۆنگرەیە لە ئارادا هەبێت."

بەردان ئوزتورک راشیگەیاند، یەکێتی نەتەوەیی کورد، بە واتای یەکێتی حزبەکان یان رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نایەت و وتی:"ئێمە باس لە یەکێتی کلتوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلی کورد دەکەین. بێگومان کەسایەت، پارت یان نوێنەر هەن کە پێشەنگایەتی بۆ ئەم هەنگاوە  بکەن. لە راستیدا چەندین ساڵە ئێمە بۆ ئەمە هەوڵ دەدەین. ئەو هاوپەیمانیەی کە سەرەتا بۆ هەڵبژاردنەکان ئیمزامان کرد، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، گۆڕا بۆ هاوپەیمانیەکی هەمیشەیی. بێگومان بۆ پەرەپێدانی ئەم هاوپەیمانیە ئێمەش هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە. مۆدێلی یەکێتی و یەکڕیزی کە گرتوومانەتەبەر، تەنها بۆ باکوری کوردستان نیە، بەڵکو بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە. هەر لەم چوارچیوەیەشدا چەندین ساڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی باشوری کوردستان دانوستاندان و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەین. بەڵام لەم ماوەیەدا هیچ چاوپێکەوتنێک لەم بارەیەوە ئەنجام نەدراوە."

تا ئەو کاتەی کۆنگرە ساز نەکرێت، کۆتایی بە هێرشەکان نایەت

ئایەتولا ئاشتی سەرۆکی گشتی پارتی ئازدیش لە سەرەتای قسەکانیدا رایگەیاند، داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان جێگای قبوڵکردنی نیە.

ئاشتی رایگەیاند، ئەو مرۆڤانەی خاوەن ویژدان و ئەخلاقن، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان قبوڵ ناکەن و بەم شێوەیە دوا: "بە هۆی رێکنەکەوتنی پارت و رێکخستە کوردیەکان، ئەمڕۆ چی لە باشوری کوردستان و چی لە باکور و رۆژئاوای کوردستانیش هێرشی داگیرکەری ئەنجام دەدرێت. تا ئەو کاتەی هاوپەیمانی و رێکەوتن بەدی نەیەت، کۆتایی بەو داگیرکەریانەش نایەت. تا ئەو کاتەی کۆنگرەیەکی کوردستانی ساز نەکرێت، کۆتایی بەو داگریکەریەکان نایەت."

'بۆ ئەوان هەموو کوردێک دوژمنە'

ئاشتی راشیگەیاند، هاوپەیمانی نەتەوەیی کوردستان، هێرشی دوژمن بۆ سەر پارچەکانی کوردستان بە رەوا نابینێت و وتی:"چونکە ئەم هێرشانە لە دژی گشت گەلی کوردە و رۆڵێکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە و سیاسەتی کورد. دەبێت ئەو راستیە بزانین کە دوژمنی گەلی کورد، هیچ کات لە مێژوودا جیاوازی نەکردووە لە نێوان هیچ کوردێکدا. بۆ ئەوان هەموو کوردێک دوژمنە. بۆیە دەبێت ئەو راستیە بزانرێت' ئەو زوڵمەی ئەمڕۆ لە تۆ دەکرێت، سبەینێ لە منیش دەکرێت' و بە بێ جیاوازی دەبێت لە هەموو پارچەکانی کوردستان خۆڕاگری بەڕێوە بچێت و ناڕەزایەتی دەربڕن. واتە هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە پارچەکان یان یەکێک لە رێکخستنەکان، لە دژی هەموو کوردێکە. دەبێت بەم شێوەیە تەماشا بکرێت و ناڕەزایەتیش بەم شێوەیە بخرێتەڕوو. واتە دەبێت هۆشمەندی نەتەوەیی هەبێت."

ز.ش