کەنەکە لەسەر شەپۆلێکی نوێ لە ڕەشبگیری چالاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازیی بڵاوکردەوە

کەنەکە بە ئاماژەدان بە هێرشی ڕەشبگیری چالاکان وهاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمی ئێران دەسەڵاتی بانگەوازییەکی بڵاوکردەوە و داوای دەستێوەردانی بە پەلەی کرد.

ئەمرۆ کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، دەربارەی  ئەو شەپۆلە نوێیەی دەستگیرکردنی چالاکانی ژینگەیی ، مەدەنی و هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە بانگەوازییەکی ئاراستەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمنستی ئیترناشناڵ، چاودێری مافەکانی مرۆڤ، پەرلەمانی ئەورووپا، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، باڵیۆزخانەی وڵاتان و ڕاگەیەندنەکان بڵاوکردەوە.

کەنەکە دەربارەی چارەنووسی گیراوای کوردی خەڵی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداری دەدات و دەستنیشانی دەکات کە ڕژیمی ئێران بەردەوام بۆ چاوترسێن کردنی گەلانی ئێران بەردەوام هاووڵاتیانی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەکاتە ئامانج.

لە بەشێک لە بانگەوازییەکەدا هاتووە:

بەپێی سەرچاوەکانی هەوال ژمارەی ئەو خوێندکار وچالاکوانانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیرکراون گەیشتووەتە لانیکەم ٢٠ کەس. کە بریتین لە :

" لە شاری تاران ٧ خوێندکارو چالاکی کورد بە ناوەکانی؛ “سوهەیب بادرووج خەڵکی مەریوان، فەرزاد سامانی، سالار ڕەهەوی، دەریا تاڵەبانی، شەپۆل خزری، ئەفشین مام ئەحمەدی و سیروان نووری خەڵکی شاری مەهاباد” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە لە زانکۆی خواڕەزمی تاران دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەرلە شاری مەهابادی سەربە پارێزگای ورمێ، ٢ کەسی دیکە بە ناوەکانی؛ “ئیمان عەبدی و سۆران حسێن زادە ” دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ ناوەندی ئەمنییەکان.

لە ناوچەی ڕەبەتی سە بە سەردەشت ٣ کەس بە ناوەکانی؛ “بەهمەن یووسف زادە، فەرهاد مووساپوڕ و فەرەیدوون موساپوڕ”، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

لە شاری مەریوانی سەربە پارێزگای سنەی ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی؛ “ دانا سەمەدی، زانیار موعتەمدی، سیروان کەریم نەژاد، کاروان مینویی و کارۆ عەلیداد” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیر کراون و گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان.

هەروەها لە شاری ‘بۆکان’ی سەربە پارێزگای ئورمیەش، بە لانیکەمەوە، ٤ کەس لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە دەستگیر کراون کە تەنیا ناسنامەی کەسێکیان بە ناوی ‘عەزیمە ناسری’ ئاشکرا بووە.

بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی ئێران خاوەن سیاسەتێکی دژبە کوردە، بەردەوام مەترسی، ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی گیراوانی کورد لە ئارادایە.

ک-ش