کەنەکە کۆنفڕانسی میدیای کوردی سازکرد

رۆژنامەنووسانی کورد لە کۆنفڕانسێکدا، لەبارەی ڕۆڵی میدیا لە خەباتی یەکێتی نەتەوەییدا کۆبونەوە. لە کۆنفڕانسەکەدا کە کەنەکە سازی کرد راگەیەنرا، پێویستە میدیای کوردی، بەپێی زمانی یەکێتی نەتەوەیی کار بکات.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بە ناونیشانی 'لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، ڕۆڵ، دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم رۆژنامەنووسان' کۆنفڕانسێکی ئەنجامدا. بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆنفڕانسەکە بەشێوەیەکی ئۆنلاین لەسەر ئەنتەرنێت سازکرا. لە هەموو پارچەکانی کوردستان ١٠٠ ڕۆژنامەنووس بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا. رەفیق غەفور ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری کەنەکە، رۆژنامەنووس سەبری بەهمەنی و گولێ ئالگون ئەرهان کۆنفڕانسەکەیان بەرێوەبرد.

لە کۆنفڕانسەکەدا، قسە لەسەر دۆخی میدیای هەموو پارچەکانی کوردستانکرا و تیشکخرایە سەر ڕۆڵی میدیا لە خەباتی یەکێتی نەتەوەیی و کێشەی میدیای کوردی.

کۆنفڕانسەکە سەرلەبەیانی دەستیپێکرد و تا دوای نیوەڕۆ بەردەوام بوو. ڕۆژنامەنووسان سەردار ئاڵتان، نیاز عەبدوڵلا، هێمن سەییدی، خەزنە نەبی، ئاسۆس هەردی، ئامانج عەزیزکەندی، ئەلیف جان ئالکانت، بەرلەنیوەڕۆ بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و قسەیان کرد.

دوای نیوەڕۆ رۆژنامەنووسان فەریبا موحەمەدی، شوان محەمەد، عەبدولرەحمان گوک و مزگین گۆرسێ لەبارەی 'رۆڵی میدیا لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا' قسەیان کرد. رۆژنامەنووسان ئەڤین یوسف، ئامەد دیجلە، کەمال رەئۆف و خالید موحەمەدزادە لەبارەی 'ئاستەنگی و دەرفەتی بەردەم میدیای نەتەوەیی' قسەیان کرد.

ئەحمەد کاراموس هاوسەرۆکی کەنەکە لە کۆنفڕانسەکەدا رایگەیاند، لە خەباتی یەکێتی نەتەوەیی وئاسایشی گەلی کورددا، ڕۆڵێکی گەورە دەکەوێت سەر شانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە کوردیەکان و رۆژنامەنووسان. لە کۆنفڕانسەکەدا باسی ئەوەشکرا کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، زۆر کەس لە باشووری کوردستان دەستگیرکران و داواکرا رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن.

لە کۆنفڕانسەکەدا باسی ئەوەشکرا، پێویستە زمانی میدیای کوردی، یەکێتی نەتەوەیی بۆ خۆی بکاتە بناغە، دوور بێت لە زایەندەپەرستی و بێڕێزی بە بەهاکانی گەلی کورد نەکات. لە کۆنفڕانسەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە پێویستە، ڕۆژنامەنووسە کوردەکان، زمانی میدیای هیزە سەردەستەکان بەکارنەهێنن و زمانیان لە بەرژەوەندی ئاسایشی گەلی کورد بەکاربهێنن.

بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە داوایان کرد، پلاتفۆڕمێکی رۆژنامەنووسانی کوردی دروست بکرێت و لەو جێگایانەی کە میدیای کوردی لەژێر هێرشی هێزە داگیرکەرەکاندایە، رۆژنامەنووسە کوردەکان پێکەوە کار بکەن.

پێشنیاز و بریارەکانی کۆنفڕانسەکە دواتر بە ئەنجامنامەیەک ئاشکرا دەکرێن.

ف.ق