کەنەکە و حزبی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە

کەنەکە و حزبی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، هاوسەرۆکی کەنەکەش دەڵێت: کۆبوونەوەکەمان بەرهەمدار بووە.

سەردانی شاندی کەنەکە لە باشوری کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسیەکان و توێژە جیاوازەکان بەردەوامە، لەو چوارچیوەیەدا ئەمڕۆ، شاندەکە کە پێکهاتبوون لە ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە، ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کەنەکە، شوکروڵا حەمەدەمین ئەندامی کەنەکە لە شارۆچکەی کۆیە، سەردانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ی کرد و هەردوولا کۆبوونەوە.

شاندەکەی حدک، پێکهاتبوون لە خالید عەزیزی سکرتێری گشتی (حدک) و مستەفا مەولود، جێگری سکرتێر و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو حزبە.

دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لە کۆبوونەوە سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ لای حدک، ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکە ڕاگەیاند: لە سەردانەکەمان بۆ باشوری کوردستان لە سەر ئەم ئاڵۆزیانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە نێوان بەشێک لە هێزەکانی کوردستان هاتووەتە ئاراوە سەردانی لایەنە سیاسیەکان و توێژەکانی باشورمان کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ سەردانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)مان کرد و سەردانەکەمان بۆ لای حدک بەرهەمدار بوو، ئێمە سوودمان لە ئاڵۆگۆڕیی ڕای سیاسی یەکتری وەرگرتووە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان یەک بیرو بۆچوونمان هەیە و هەر دوو لامان هەوڵی بۆ چارەسەری کێشەکان دەکەین.

ز.ش