کەنەکە و یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان "کۆنفرانسی راوێژ بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی" بەڕێوەدەبەن

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان "کۆنفرانسی راوێژ بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی" بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بە دیالۆگ نەک شەڕ، بەڕێوەدەبەن.

کەنەکە و یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا لەوبارەیەوە رایانگەیاندووە، "لەم چەند رۆژەی رابردوودا، گرژییەک کەوتە نێوان هێزە کوردستانییەکانەوە. کار گەیشتە ئاستێك کە بەداخەوە مەترسی شەڕێکی ناوخۆیی لێ ئەکرا. شەڕێکی لەو چەشنە لە بەرژەوەندی هیچ کوردستانییەکدا نییە. تەنیا بە سوودی ناحەزو دوژمنان تەواو ئەبێت. زۆر جار شەڕی ناوخۆیی لە نێوان هێزە کوردستانییەکاندا روویداوە، هەموو جارەکانیش ماڵوێرانییەکی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێناوە. بەداخەوە نەتەوەکەمان  لەو رووەوە ئەزموونێکی درێژ و تاڵی هەیە".

راشیانگەیاندووە، "بۆئەوەی کێشەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەربکرێن، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و یەکێتی   پەرلەمانتارانی کوردستان، لەژێر ناوی " کۆنفرانسی راوێژ بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی "  کۆنفرانسێکی بەرفراوان بەڕێوەئەبەن".

ئەوەشیان راگەیاندووە، "بە داخەوە، بە هۆکاری پەتای کۆرۆنا ناتوانین رووبەڕوو کۆببینەوە. لەبەرئەوە ئەم کۆنفرانسە بە شێوازی ئۆنلاین لە تۆڕی زووم بەڕیوەئەبەین".

بەپێی ئەو راگەیاندراوە هاوبەشە "کۆبوونەوە رۆژی شەمە، 21.11.2020، کات: 11:00 بە کاتی باکورو باشووری کوردستان، 11:30 بە کاتی رۆژهەڵات، 10:00 بە کاتی رۆژاوا. 09:00 بە کاتی ناوەندی ئەوروپا، بەڕێوەئەچێت".

ژ.ت