کەنەکە ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانسی ' ڕۆڵی میداکارلە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا' بڵاوکردەوە

کەنەکە لە ڕێگەی ئۆنلاین و پڕۆگرامی زۆم کۆنفرانسێکی لەسەرناوی' ڕۆڵی میدیاکارلە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی' بەڕێوە برد. کەنەکە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەی کە بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەوان و میدیاکاری هەرچوارپارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، بڵاوکردەوە.

بە ئامانجی لێک نزیک کردنەوەی میدیاکارانی کوردستان، شرۆڤەکردنی دۆخی و میدیای کوردی و رۆڵی ئەو میدیایە لە کایە جۆراوجۆرەکانی ئاسایشی نیشتمانی کوردستاندا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رۆژی شەمە ١٦ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢١ کۆنفرانسێکی ئۆنلاینی بە ناونیشانی " رۆڵی میدیاکار لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان "، بۆ میدیاکارانی کوردستان رێکخست. ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکار و مامۆستایان و شارەزایانی بواری میدیا و خەمخۆرانی میدیای کوردی تیایدا بەشداربوون. ئێمە خوازیاربووین ئەم کۆنفرانسە لە ساڵۆنێکدا و رووبەروو بەرێوەببەین، لە راستیشدا لە مێژ بوو بڕیارێکی لەو چەشنە هەبوو. لێ مخابن بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دواکەوت. بۆئەوەی لەوە زیاتر دوانەکەوێت، بڕیاردرا بە شێوازی ئۆنلاین کۆنفرانس بکەین.

سەرەتای کۆنفرانس بە خولەکێک بێدەنگی بۆ بەبیرهێنانەوە ی هەموو ئەو میدیاکارانەی لە پێناو وشەی ئازاد و دەنگی ئازاد و نیشتمانێکی ئازاددا گیانیان بەخشی، دەستی پێکرد. دوای ئەوە لە چوار تەوەری کۆنفرانسدا میدیاکاران باسیان لە دۆخی میدیا لە پارچەکانی کوردستاندا، رۆڵی میدیا لە بەرجەستەکردنی دۆزی کوردستاندا، رۆڵی میدیا لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا، دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم میدیایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی کرد.

بەشدارانی کۆنفرانس بە گەرمی بەشداری وتووێژەکان بوون و بە تێبینی و سەرنجەکانیان کۆنفرانسەکەیان دەولەمەنتر کرد.

 لە ئەنجامی باس و گفتۆگاندا ئەم راسپاردەو داواکارییە سەرەکییانەی خوارەوە خرانە روو:

1.  هەوڵ بۆ درووستکردنی پلاتفۆڕێک، سەکۆیەک یان تۆڕێکی میدیایی کوردستانی بدرێت کە میدیاکاران بتوانن سوود لە ئەزموونەکانی یەکتر وەربگرن. هەمانکات لە سەرپرسە هاوبەشەکانی کوردستان پێکەوە کاربکەن.

2. ناوەندێکی توێژینەوەی راگەیاندن درووستبکرێت. کە کار لەسەر ئەرکی میدیا و بوارو کەنەاڵە جیاوازەکانی راگەیاندن بکات.

3. میدیای سەربەخۆ پشتگیریی بکرێت و بەهێزبکرێت. بۆئەوەی بتوانێ لە ئاستی دنیادا دۆزی کوردستان فراوانتر بەرجەستە بکات. هەروەها بتوانێ لەسەر پرسە ناوخۆییەکان ئازادانە کار بکات.

4. پێویستە كاری رۆژنامەوانی پیشەیی و بابەتی بێت، رۆژنامەوان و دەزگاکانی راگەیاندن ئیتیك و پرەنسیپەكانی رۆژنامەوانی پەیڕەو بکەن.

5. سەدان میدیاکاری کورد لە زیندانەکانی تورکیادان. هەروەها لە ئێرانیش بەردەوام رۆژنامەوانان دەستگیرئەکرێن. کۆنفراس ئیدانەی دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان ئەکات. داوائەکات بە زووترین کات ئازاد بکرێن.

6. لەژێر دەسەڵاتی خۆماڵیشیدا، بەتایبەتیش لە باشووری کوردستان، گرتن و زەبروزەنگ و ئاستەنگی زۆر بەرامبەر میدیاکاران بەکاردێت، کۆنفراس داوائەکات کۆتایی بە هەموو ئەو رەفتارانە دژی رۆژنامەوانان بهێنرێت و ئەو میدیاکارانەی دەستگییر کراون ئازاد بکرێن.

7. بۆ ئەوەی میدیاکاران بابەتیانەو زانستیانە پرس و رووداوەکان رووماڵ بکەن، پێویستە، دەسەڵات و دەزگاکانی بەڕیوەبردن زانیاری پێوست بخەنە بەردەستیان.

8. میدیاکارانی کورد زیاتر تیشک بخەنە سەر ئەو شوێن و کایانەی هێرشی زیاتریان لەسەرە. ئەگەر هێرشی سەربازی و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی بێت، یان هێرش بێت بۆسەر ماف و ئازادیی و داواکارییەکانی  خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بێتبێت.

9. لاسایی نەکردنەوەی دەزگا راگەیاندنەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، ئەرکێکی گرنگی میدیاکارانی کورستان بێت.

10. لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگادا، پێویستە زمانی راگەیاندن دووربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژە و گوتاری پیاوسالاری

11. هەوڵبدرێت بەپێی پێویست زمان و دەستەواژەی هاوبەش بۆ رووداو لێکەوتەکانی بەکاربهێنرێت. هەروەها پێویستە زمانی رۆژنەموانی دووربێت لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نەژادپەرستیی.

12. هەوڵبدرێت بەلای کەمەوە سالانە کۆنفرانسێکی میدیاکان لەم چەشنە بکرێت.

13. بۆئەوەی بەهۆی  بڵاوکردنەوەی زانیاری ناتەواو و جیاوازەوە کێشە ناوخۆییەکان پەرەنەستێنن، لایەنە کوردستانییەکان لە تەنگژەو ناکۆکیەکاندا راوێژ لەگەڵ میدیاکاران بکەن.

14. یاسا بەركارەكانی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێبكرێن و هەمواركردنەوەیان بۆ ئەنجامنەدرێت، هاوكات رێگری بكرێت لەهەر یاسایەكی نوێی رۆژنامەوانی و تایبەت بە سۆشیال میدیا كە پرەنسیپەكانی ئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ پێشێل ئەكات.

15. دەزگاكانی راگەیندن ببنە هۆكاری لێكنزیك كردنەوەی كوردانی پارچەكان و هەوڵبدەن ئەو جیاكارییەی هەیە هەوڵبدەن نەیانهێڵنهەروەها دووربن لەوەی بکەونە ناو پڕۆژەی وڵاتانی دەوروبەر و هێزە دەرەکییەکان.

16. پێویستە راگەیاندکاران لە بەرەی ئاشتی و دیالۆگدا بن و نەبنە بەشێک لە شەڕی لایەنەکان.

ک-ش