"کرماشان و پاوە هەرگیز سەریان بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت نەچەماندووە"

گەریلا دلاوەر جاف خەڵکی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەبارەی گوشارەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر گەلی رۆژهەڵات وتی، "شوێنی وەک کرماشان و پاوە بە قارەمانی و ئازایەتی دەناسرێن. هەرگیز سەریان بۆ دوژمن نەنەواندووە و خۆیان بە دەستەوە نەداوە".

گەریلا دلاوەر جاف لە شاری پاوە لە پاریزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. لە دژی کردار و رەفتارەکانی رژێمی ئێران لە دژی کوردان، بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی بووە.

 گەریلا دلاوەر جاف لەبارەى بەشداربوونی خۆی وتی: "سەپاندن و رەفتارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆ سەر کۆمەڵگەى کورد، بە تایبەتیش بۆ سەر ناوچەکانی پاوە و کرماشان لە مندا ناکۆکی و ناڕەزایەتیی دروستکرد. ئەو رژێمە هەوڵ دەدات بە هێرشکردنە سەر کوردان و هاوکات بە شێوازی نەرم گەل لە کولتورو رۆشنبیریی خۆی دووربخاتەوە. بێگومان ئەوەش گەورەترین کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات. من لە نزیکەوە ئەو دۆخەم بینی. هەموو ئەوانە بوونە هۆکاری ئەوە، کە من وەک کوردێک بە خۆمدا بێمەوە و هۆشیار ببمەوە".

گەریلا دلاوەر جاف سەرنجی خستەسەر هێرشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر گەنجان و وتی، "گەنجان هێزی سەرەکی و بڕبڕە پشتی کۆمەڵگەن. گەنجان دەتوانن داهاتوی گەل بگۆڕن. دەوڵەت زیاتر لە هەموو شتێک لە رێگەى ماددە هۆشبەرەکانەوە گەنجان بە خۆیەوە دەبەستێتەوە. دەیەوێت ئەو گەنجانە سەری بۆ دابنەوێنن و رادەستی ببن تاوەکو پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگە نەکەن. بۆ ئەوەى لە دژی داگیرکەری رانەپەڕن و هەموو کات لە ناو شەرمێکدا بن و بە جۆرێک خۆیان بە کەم بزانن. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەیاندا بە شێوازی جۆراجۆر لە گەنجان نزیک دەبنەوە. ئەوەش بە شێوەیەکی فێڵبازانە و بە برەودان بە بێکاری و لەئەنجامدا جۆرێک لە تەمەڵکردن ئەنجام دەدەن. کرماشان و پاوە بە قارەمانەکانیانەوە دەناسرێنەوە، بەڵام سیستم لە رێگەى ماددەی هۆشبەرەوە و سیاسەتەکانی جەنگی نەرمەوە ئەو ناوچەیەی تەزاندووە. کاتێک مرۆڤ ئەوە دەبینێت، بیەوێت و نەیەوێت ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات، بۆ ئەو هەموو سیاسەتە ورد و فێڵبازانەیە بەرامبەر بە کورد بەڕێوەدەبەن؟ چۆن دەبێت ئێمە لە ناو کۆمەڵگەى کوردداندا بین، بەڵام نەتوانین باسی کوردایەتی بکەین؟ چۆن دەبێت مافی قسەکردن و دەربڕینمان نەبێت، نەتوانین بە زمانی خۆمان بخوێنین؟ دەوڵەت لەو کارانە و لەو قەدەغەکارییانەدا چ ئامانجێکی هەیە؟ دەبێت ئێمە بپرسین و بە دوایدا بڕۆین، کە بۆ کورد بەو رادەیە لە کولتور و رۆشنبیریی خۆی دوورخراوەتەوە؟ بۆ مێشکی گەنجانی کورد پڕ دەکرێت لە عەقڵییەتی دەوڵەت؟ ئێمە بۆ بە ناسنامەى فارسی بژین؟ ئێمەی کورد خاوەن مێژوو و ناسنامەى دێرینین. رژێمی ئێرانی داگیرکەر لەبەر کوردبوونیان تاوەکو ئێستا سەدان کوردی لە سێدارەداوە. دەبێت ئێمە لێپرسینەوە بکەین".

گەریلا دلاوەر لەبارەی ژیان و تێکۆشان و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەم شیکارییەی خستەڕوو، "کاتێک بەشداری ژیانی رێبەر ئاپۆ بووم، من ژیانێکی نوێم بینی. ژیانێکی وەها، کە من پێشتر هەرگیز نەمبینیبوو و نەمبیستبوو. ئەمە ئەو ژیانە بوو، کە رۆحی من بە دوایدا دەگەڕا. لەم ژیانەدا هەزاران شۆڕشگێڕ هەن و دەژین، کە بە فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بونیاتنراوە. فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ مرۆڤ دەخاتە ناو وردبوونەوە و قوڵبوونەوەوە. کاتێک مرۆڤ بە قوڵی دێتە ناو ئەم ژیانەوە ئەوە دەبینێت، کە مرۆڤ چۆن لە مرۆڤایەتیی خۆی دوورخراوەتەوە، چونکە ئەم ژیانە ژیانێکی پڕاوپڕە لە ئەخلاق و ویژدان. ژیان لە چیادا شوێنی دووبارەبوونەوەى تیادا نییە، بە بەردەوامی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە هەیە. بێگومان ئەوەش بۆ دەوڵەمەندیی فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دەگەڕێتەوە. ژیانی رێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای کۆمیناڵ و موراڵ و مەعنەویاتە".

گەریلا دلاوەر لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی بۆ گەنجان هەبوو و وتی، "دەبێت گەنجان لە کۆمەڵگەدا لە دژی لەدەستدانی نرخ و بەهاکانیان هەڵوێستیان هەبێت. دەبێت لە بەرامبەر ئەو دوژمنەدا راپەڕن. بۆ ئەوەى لە کوردستان کۆتایی بە کۆمەڵکوژییەکان بهێنرێت، دەبێت گەنجان راپەڕن. لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هەزاران کەسیان کردووە بە جاش. لە دژی نرخ و بەهاکانی وڵاتی خۆیان شەڕ دەکەن. پێویستە گەنجانی وڵاتپارێز وەڵامی کەسە جاشەکان بدەنەوە. پێویستە لە دژی جاشەکان تێکۆشانی بەو شێوەیە بەڕێوەببەن، کە جارێکیتر نەتوانن بەردەوام بن لەسەر کارەکانیان. لە هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتەدا خوێنی شەهیدان رژاوە. بۆ ئەوەش پیویستە هەموو گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی سەپاندنەکانی دوژمنی فاشیست و داگیرکەر دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و بەشداری بزووتنەوەى رێبەر ئاپۆ ببن. ئەگەر ئێمە خاوەنداری لە رێبەرەکەمان، زمانەکەمان، کولتور و رۆشنبیرییەکەمان، مێژووەکەمان و نرخ و بەهاکانمان نەکەین، ئێمە مەحکوم دەبین بە لە ناوچوون".

ژ.ت