کەژەکە: توندوتیژیی و نێرسالاریی و فاشیزم لە ڕیشەوە دەردەهێنین

بە بۆنەی ٢٥ تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی لە بەرامبەر ژنان، کۆما ژنێن کوردستان- کەژەکە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردووەتەوە، کە لەدژی ڕەشەکوژیی ژنان بەرگریی لە ژنی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد دەکەن و ژیانێکی ئازاد بونیاد دەنێن.

بە بۆنەی ٢٥ تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی لە بەرامبەر ژنان، کۆما ژنێن کوردستان- کەژەکە، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی کردووەتەوە، کە لەدژی ڕەشەکوژیی ژنان بەرگریی لە ژنی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد دەکەن و ژیانێکی ئازاد بونیاد دەنێن، دەڵێن: بە تێکۆشانمان توندوتیژیی و نێرسالاریی و فاشیزم لە ڕیشەوە دەردەهێنین.

کۆردیناسیۆنی کۆما ژنێن کوردستان (کەژەکە) ڕاگەیەندراوێکی بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان، بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە بۆ گەیشتن بە واتای ڕاستەقینەی ٢٥ی تشرینی دووەم و لەڕیشەوە هەڵکێشانی توندوتیژیی تێکۆشانی خۆیان لەگەڵ ژنانی جیهاندا دەکەنە یەک.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکە-دا سەرنج خراوەتەسەر ئەوەی، کە هەر ڕۆژ لە جیهاندا بە سەدان ژن لە لایەن دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە دەکوژرێن، دەستدرێژییان دەکرێتەسەر و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ڕژیمە فاشیستە نێرسالارەکان بە مەبەستی ئەوەی تێکۆشانی دیموکراسی کۆمەڵگا تێکبشکێنن، سەرەتا ژنانی پێشەنگ دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە ڕیزی زۆرمان بۆ تێکۆشانی ئازادی ژنانی کوردستان، لەدژی توندوتیژیی ڕەگەزی نێرینە و ئەو بەرخۆدانییە چاونەترسانەی کە لەدژی داگیرکاریی و فاشیزم دەیکەن، هەیە."

کەژەکە لەبەردەوامیدا ڕایگەیاندووە، ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکان هەڵمەتێکیان لەژێر ناوی ” لەدژی ڕەشەکوژیی ژنان، کاتی ئازادی ژن و کۆمەڵگایە” ڕاگەیاندووە، دەشڵێن: دیاردەی توندوتیژیی لە دژی ژنان وەکو پرسێکی گرنگی کۆمەڵاتی دەبینن، بەو مەبەستەش داوا لە پیاوان دەکەین، کە نەبنە هاوکاری فاشیستان، خۆیان لە ژەهری باوکسالاری پاک بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ‘عەبدوڵا ئۆجالان’ بە نموونە بۆ خۆیان بە بنەما بگرن و لەسەر ئایدۆلۆژیا و هزری ئەو قووڵ ببنەوە، بەو شێوازە “عەقڵیەتی پیاوسالاریی” لەخۆیاندا لەناو ببەن.

کۆما ژنێن کوردستان، بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژیی لە بەرامبەر ژنان، ‘بونیادنانی ژنی ئازاد و دروست کردنی هێزی بەرگریی لەناو ژناندا’ بە تاکانە ڕێگەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دەزانن، دەڵێن، کە دەبێت هیچ ژنێک بێ بەرگریی نەمێنێتەوە.

لەکۆتاییدا کەژەکە داوا لە سەرجەم ژنانی جیهان دەکات کە لە دژی توندوتیژیی ڕەگەزیی نێر و فاشیزم، یەکێتی و خەبات و تێکۆشانی هاوبەش بکەن.

ف.ق