لە باشووری کوردستان فشاری سەر رۆژنامەنووسان زیاد بووە

لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠دا فشاری سەر رۆژنامەنووسان زیادی کردووە.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ بۆ بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە باشووری کوردستان لەدژی رۆژنامەنووسان ٣٨٥ هێرش، فشار و پیشێلکردنی مافەکان ئەنجامدراوە.

لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوەکراوە، ١٦٣ جار رێگری لە کاری رۆژنامەنووسان کراوە، هەروەها ٧٦ گرتن، ٤٠ سووکایەتی و هەڕەشە ئەنجامدراوە و دەست بەسەر کەلوپەلی ٤٢ رۆژنامەنووسدا گیراوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لەساڵی ٢٠٢٠دا، ٤ دەزگای راگەیاندن لە لایەن دەسەڵاتەوە داخراون.

سەنتەری میترۆ ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بەپێی ساڵی ڕابردوو، فشاری سەر رۆژنامەنووسان زیادی کردووە و یاساکانی رۆژنامەنووسی لەلایەن دەسەڵاتەوە جێبەجێ ناکرێن.

ف.ق