لە بەر زوڵمی دەوڵەتی تورک کۆچی بۆ باشوور کرد، بەڵام لە زیندانی پەدەکەدا گیانی لە دەستدا

مەتین داود یەکێک لە دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بوو، کە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرابوو. سەرباری ئەوەى هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسی مەتین لەبەردەستدا نەبوو، دوێنی لە زیندانی (پەدەکە) گیانی لە دەستدا.

مەتین داود یەکێک لە دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بوو، کە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرابوو. سەرباری ئەوەى هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسی مەتین لەبەردەستدا نەبوو، دوێنی لە زیندانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) گیانی لە دەستدا.

حکومەتی باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩ەوە گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) و لەو کاتەوە رێگا نادات هیچ کەسێک بڕوات بۆ ئەو کامپە، یان لە کامپەکەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بچێتە دەرەوە.

 لە ماوەیەدا چەندین کەسی نەخۆش بەهۆی رێگریی پەدەکەوە نەیانتوانی بڕۆن بۆ نەخۆشخانە و لای پزیشک و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەستدا. سەدان کرێکاریش کارەکانیان لە دەستدا.

 لە کاتی داسەپاندنی ئەو گەمارۆیەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کامپی مەخمور بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان لە هەولێردا بوون و لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکران.

مەتین داود تەمەن ٤٥ ساڵ یەکێک لەو کەسانە بوو، کە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکرا و دوێنێ لە زیندانی پەدەکە لە هەولێر گیانی لە دەستدا.

مەتین داود بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەى لە شاری هەولێر کاری دەکرد و لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا.

ئاسایش لە کاتی دەستگیرکردنی مەتین داود رێگای نەدابوو بنەماڵەکەى سەردانی بکەن و هەواڵی بزانن. سەرباری هەموو هەوڵەکان ئاسایش هیچ هەواڵ و زانیارییەکی لەسەر مەتین بە کەسوکارەکەى و پارێزەرەکەشی نەدابوو و کەس نەیدەزانی مەتین لە چ بارودۆخێکدایە.

دوێنێ کاتێک پارێزەری مەتین رۆیشتبوو بۆ ئاسایشی هەولێر تاوەکو هەواڵێک لەبارەی چارەنووسی مەتینەوە بە دەست بهێنێت، بەرپرسانی ئاسایش بە پارێزەرەکەیان وتووە، "مەتین بەهۆی جەڵدەى دڵەوە گیانی لە دەستداوە!".

مەتین داود لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢ سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) لە ناوچەى ئەبخ لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بوو، بەڵام دواتر بەهۆی زوڵم و زۆردارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوو لەگەڵ بنەماڵەکەى کۆچ بۆ باشووری کوردستان بکەن.

 مەتین لە کامپی پەنابەرانی مەخمور دەمایەوە. لەو رۆژەوە، کە مەتین رۆیشتووەتە کامپی پەنابەرانی مەخموور، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەى کرێکاریی دەکرد.

مەتین باوکی ٥ منداڵە و شەڕڤانێکە، کە لە ناو ریزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستاندا شەهید بووە.

چاوەڕێ دەکرێت تەرمی مەتین رەوانەى باکووری کوردستان بکرێت و لە ناوچەى ئەبخێ لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بە خاکبسپێردرێت.

ژ.ت