لە گرتووخانەی خارپێت ١٥ گیراو ئەشکەنجە دران

گیراوێک بە ناوی لوقمان ئاسلان لە گرتووخانەی خارپێت رایگەیاند کە پاسەوانەکانی گرتووخانەکە ١٥ گیراویان ئەشکەنجە داوە.

لوقمان ئاسلان کە ٢٣ ساڵە لە گرتووخانەی ژمارە دووی ئاسایشی باڵای خارپێتی باکوری کوردستاندایە، بە تەلەفون لەگەڵ خانەوادەکەیدا قسەی کردووە و رایگەیاندووە کە پاسەوانەکان ١٥ گیراویان سزاداوە.

ئاسلان وتی، " خواردنیان زۆر خراپە. لە نانی بەیانیدا تەنیا دوو زەیتون، پارچەیەک پەنیر و نیو نانیان پێدەدرێت. هەموو شەوێک پاسەوانەکان هەڵدەکوتنە سەر قاوشەکان. هەندێک جار بە ئاوی فشارەوە دەستوەردان دەکەن. ئێمە نارەزایەتیمان دەربڕی. بۆیەش پاسەوانەکان من و ١٥ گیراوی دیکەیان ئەشکەنجەدا."

سوعاد ئاسلان برای لوقمان ئاسلان رایگەیاند، دوای دوو ساڵ دوو حەفتە لەمەوبەر توانیویەتی براکەی ببینێت و وتی، " بە تەنیا ٢٠ خولەک یەکمان بینی. گیراوان لەو شارانە دوور دەخەنەوە کە خانەوادەکانیان لەوێ دەژین. ئەمەش لەلایەک و لەلایەی دیکە هەموو رۆژێک ئەشکەنجە دەدرێن. ئێمە ئەو پێشێلکاریانە رەت دەکەینەوە. بانگەوازیمان بۆ بەرپرسان ئەوەیە کە لە چوارچێوەی یاساکاندا مامەڵە لەگەڵ گیراواندا بکەن."

ف.ق