لە کەرکوک بە مەراسیمێک یادی مامە ڕیشە کرایەوە

لە شاری کەرکوک لە مەراسیمێکدا یادی ٣٦هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید مامە ڕیشە و هاوڕێکانی کرایەوە.

ئەمرۆ لەگەڕەکی شۆریجە لە شاری کەرکوک لە بەردەم پەیکەری مامە ڕیشە، بە مەراسیمێک یادی ٣٦هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید مامە ڕیشە و هاوڕێکانی کرایەوە.

نەجمەدین شکور ڕەئوف ناسراو بە مامە ڕیشه لە ساڵی ۱۹۳٥لە گوندی تاڵەبان لە دایک بووە، فەرماندە و سەرکردەیەکی قارەمان و شۆڕشگێڕ بووە، فەرماندەی کەرتی چواری جەباری بووە، لە ڕۆژی ٢٤ی کانوونی دووەمی ساڵی ۱۹٨٥دا لەگەڵ هاوڕێکانی بەناوی موحسن و سەردار لە بۆسیەکدا شەهید کران.

سەرەتای مەڕاسیمی یادکردنەوەکە بەخولەکیک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد، پاشان ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی:" مامە ڕیشە لە پێناو ئازادی کەرکوک و کوردستان گیانی بەخت کرد، بەداخەوە ئەمڕۆ ، هەرچەندە ئێمە هۆشداریماندا لە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بەڵام گوێیان نەدا و ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا و ئەمڕۆش بەهۆی بڕیاری ڕیفراندۆم و هەڵەی سیاسیەوە، دەبینین کەرکوک لە ژێر دەسەڵاتێکی سەربازی نایاساییدایە و ئێمە بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە ئەو کەرکوکەی مامە ڕیشە و هاوڕێکانی خوێنیان بۆ ڕشت، هەرگیز سازشی لەسەر ناکەین چونکە کەرکوک شارێکی کورستانیە."

سەبارەت بە پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکوک، ڕەوەند مەڵا مەحمود وتی: "ئەوانەی کە هەوڵی بەعەرەبکردنی کەرکوک دەدەن، خەونەکانیان لە خەونی سەدام حسێن گەورەتر نابێت، کە لە کۆتایدا نەیتوانی پلانەکەی سەربگرێت و بە پەتێکدا هەڵواسراو و لەسێدارە درا، ئەوانەی ئەمرۆ هەوڵی بەعەرەبکردنی کەرکوک دەدەن چارەنووسیان لە سەدام حوسێن باشتر نابێت و کەرکوک شارێکی کوردستانیە، هەموو هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٠ەوە تا هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ کورد هەمیشە زۆرینە بووە بۆ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانتاری لەکەرکوک".

لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا لەلایەن بەرپرسانی کوردی شارەکە و کەسوکاری شەهیدانەوە تاجە گوڵینەی ڕێزلێنان لەسەر پەیکەری مامە ڕیشە دانرا.

ف.ق