لە کەرکوک دژبە بڕیاری زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا

لە كەركوك گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجامدرا دژی بڕیاری زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەلایەن دادگای هەولێر.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە لە باخچەی مارف بەرزنجی شاری کەرکوک، بە بەشداری چالاکوان مەدەنی و ماف پارێزان و رۆژنامەنووسانی شارکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا لە ، دژی بڕیاری دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی پێنج چالاکوان ‌و رۆژنامەنووسانی شاری دهۆك.

لە گردبوونەوەکە بە دروشمی (رۆژنامەنووس سیخور نییە) بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی ئاراستەی ڕایگشتی کرا، هەڤاڵ دارا چالاکوانی مەدەنی بەناوی ئامادەبووانی چالاکییەکە بەیاننامەکەی خوێندەوە کە تیدا هاتبوو: " لە شاری کەرکوک ئەمرۆ بەسەر بەرزییەوە، گردبووینەتەوە بۆ بۆ داواکردنی ئازادی، ئازادی وەک بەشێکی گرنگ لە ژیانی مرۆڤەکان، ئازادییەک کە جگە لە دەسەڵاتە ستەمکارەکان، کەسی تر لاریی لێ نییە."

هەڤاڵ دارا بەناوی ئامادەبووانی گردبوونەوەکە: “سەرەتا بۆ فەراھەمکردنی کەشێکی دیموکراسی، پێویستە ئازادیی تاک و ڕێزگرتن لە فرەیی فەراھەم بکرێت، ناکرێت دادگاکان بکرێنە بەشێک لە کێشەی سیاسی و فشار لەپێناوی دروستکردنی بێدەنگی مەدەنیی بە ھێزی خێڵەکیی، پاڵپشتیی دەنگی یاخیی و تێگەیشتنی شارستانی دەکەین لەھەر شارێک بێت و ئیدانەی ئەو بڕیارەش دەکەین کە دراوە و بە پێویستی دەزانین لەڕێگەی فشاری مەدەنیییەوە، ئەم بڕیارە ھەڵبوەشێتەوە."

لە کۆتاییدا هەڤاڵ دارا ووتی بەناوی ئامادەبووانی گردبوونەوەکە چەند داوکارییەک خرانە ڕوو کە بریتی بوون لە ” دەستبەجێ ئازادکردنی پێنج چالاکوانەکەی بادینان، دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەریی لە کوردستان لەو ژێردەستەییە، دەربهێنرێن و وەک دەزگایەکی سەربەخۆ کار بکەن، ڕۆژنامەنووسان بە یاسای ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەگەری، مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت ‌و داوا لە تەواوی ئازادیخوازانیش دەكەین لە بەرامبەر ئەو نادادییەی حکومەتی هەرێم، بێ دەنگ نەبن، داوا لە نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش دەکەین، فشارەکان زیاد بکەن بۆ ئازادکردنی گیراوانی بادینان."

ک-ش