لە پایگەلانەوە بۆ ناو ریزەکانی گەریلا؛ کچێکی هەورامی

کاتێک فەلسەفەی رێبەر ئاپۆی پێناسە دەکرد، چاوەکانی پڕ دەبوون لە ئەسرین. گەریلا رۆژدا بەهۆی ئەو زۆر و زەحمەتییەی ژنبوون، کە لە ناو کۆمەڵگەدا کێشاویەتی، رووی لە چیا ئازادەکان کرد.

گەریلا رۆژدا ئاپۆچی کچێکی هەوارمییە و لە گوندی پایگەلانی سەر بە شارۆچکەى سەوڵاوا لە دایکبووە. لە تەمەنی منداڵیدا بەبێ خواستی خۆی بە شوودراوە. بە بەردەوامی گوشار، توندوتیژی و ئەشکەنجەی بەرامبەر ئەنجام دراوە. هەموو کات لە خۆی پرسیوە، کوا دەیانوت، لە هەوراماندا ژن بە پیرۆز سەیر دەکرێت. بەها و نرخەکانی سەردەمی نیۆلۆتیک (چاخی بەردینی نوێ) بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ پارێزرابوون، بەڵام بۆ لەم سەردەمەدا ئەو هەموو ناهەقییە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت؟ بۆ هەموو کات ژنان لە ریز و پلەى دووەمدا سەیر دەکرێن؟

گەریلا رۆژدا، کە لەو دۆخ و دەورەدا لە وردبوونەوە و پرسیاردا بوو، بزووتنەوەى ئازادیی بە پێشەنگایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کرد ناسی. گەریلاکانی ناسی و بڕیاریدا بەشداری ریزەکانی گەریلا بێت.

هەستی گەریلا رۆژدا بۆ بزووتنەوەى ئاپۆیی بەمشیوەیە دەخرۆشێت، "مرۆڤ لە ناو گەریلادا زیاتر هێز و توانا شاراوەکانی خۆی بۆ دەردەکەوێت و دەیان بینێت. لە بابەتی خۆناسیندا بزووتنەوەى سەرۆکایەتیی قوڵترین فەلسەفەیە. مرۆڤەکان هۆشیار دەکاتەوە و ئەوەى بۆ روون دەکاتەوە، کە لەگەڵ چ سیستمێکدا رووبەرووە. تێگەیشتن و دیدی هاوڕێیەتی لە بزووتنەوەى رێبەر ئاپۆدا هەڵگری مانایەکی فەلسەفییە. لە راستیدا وەک زیندووبوونەوەى هەموو بەها و نرخەکان دەردەکەوێت و پێشدەکەوێت. بۆ نمونە هاوبەشیکردن، هاوڕێیەتی، ژیانی کۆمیناڵ و هەرەوەزیانە، بە کورتی مەعنەوێت و بەهای ئەو وشە و چەمکانە سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە. خۆی لە خۆیدا هەر بزووتنەوەى ئاپۆیی تاوەکو ئێستا بە هاوڕێیەتی بەهێزی ناو ریزەکانی و ناو هەڤاڵان لەسەر پێ ماوەتەوە".

گەریلا رۆژدا ئاپۆچی دەڵێت، پیشتر لە هەوراماندا ژن بە پیرۆز سەیر دەکرا، بەڵام دوای ئەوەى سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بە تایبەتیش سیستمی شەریعەت خزێندرایە هەورامان، دۆخ و پێگەى ژن گۆڕانکاریی خراپی بەسەردا هات و دەڵێت، "پێشتر لە هەوراماندا ژن رێزێکی زۆری هەبوو. ژن وەک خوڵقێنەر و بەری ژیان سەیر دەکرا و لەو سۆنگەیەشەوە پیرۆز سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا ناتوانین باسی ئەو گەوهەر و ناوەرۆکە بکەین. کۆنترین و دێرینترین بەها و نرخی کوردبوون لە هەورامان دا دۆزراوەتەوە و هەر بەوەشەوە دەناسرێت. ئێستاش لە هەوڵێکی زۆردایە بۆ ئەوەى ئەو کولتور و کەلەپوورەی خۆی بپارێزێت، بەڵام پێویستە ئەو هەوڵە وەرچەرخێت بۆ هەوڵێکی زانستی و زۆر زیاتر لەوەى هەیە گەشەى پێبدرێت. بە تایبەتی بۆ ئەوەى لەبارەی ژنەوە گۆڕانکاری رووبدات، گرنگە و دەبێت ژنان هەوڵەکانی خۆیان زۆر زیاتر و بەرفراوانتر بکەن. لە هەورامان شانبەشانی سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست یاسای شەریعەتیش داسەپێنراوە و ئەوانەش هەر دووکیان رۆڵێکی خراپ بەرامبەر بە ژن دەگێڕن".

گەریلا رۆژدا لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "من ئەو جیهانەم دۆزییەوە، دەمخواست بە ورە و ئیرادەی خۆم رێ بکەم، بڕیار بدەم و بژیم".

گەریلا رۆژدا لەبارەی بزووتنەوەى ئاپۆیییەوە و هەستەکانی خۆی بەمشێوەیە خستەڕوو و وتی، "ژنێک کە بەپێی یاساکانی شەریعەت بژی لە هەموو مافە سروشتییەکانی بێبەش دەکرێت. ئێمەش ناچار بووین، کە بەپێی ئەو یاسایە بژین. من لە تەمەنی منداڵیدا بە شوو درام. توندوتیژیم بەرامبەر ئەنجام دەدرا، بۆیە بە دوای شوێنێکدا دەگەڕام، کە فیکری کراوە بێت تاوەکو تیایدا بژیم، تاوەکو بە ئیرادەی خۆم بژیم. من بە دوای شوێنێکدا دەگەڕام، کە هەناسەى تیادا بدەم. لە ئەنجامدا من ئەو شوێنەم لە بزووتنەوەى ئاپۆیی دا دۆزییەوە".

لە کۆتایی وتەکانیدا داوای لە سەدان کچ و ژنی هەورامی کرد، کە وەک خۆی لە ژێر هێرشی پیاوسالاریدان و داوای لێکردن خۆیان بە فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئاشنا بکەن.

گەریلا رۆژدا وتیشی، "کاتێک بزووتنەوەى ئاپۆییم لە نزیکەوە ناسی، زیاتر و قوڵتر بۆم روون بوویەوە، کە چیان بەسەرماندا هێناوە. لە ناو بزووتنەوەی ئاپۆیدا بە تایبەتی لە ناو ژناندا زۆر بە ئازایەتی، بڕوا و هاوڕێیەتییان کاریگەر بووم و ئەوانەش کاریگەریی زۆر لەسەر کۆمەڵگە دروست کردووە و دەیشیکەن. بۆ ئەوەى ئازایەتی و بوێریی ژنانی هەورامان دووبارە بە شێوەیەکی زانستی و رێکخستنکراو دەربکەوێتەوە، پێویستە لە رێگای ئازایدا رێ بکەن و تیایدا بەشدار بن. چونکە دەبێت ئەو نرخ و بەهایانەى هەورامان، کە ونکراون دووبارەی زیندوو بکەینەوە، ئەوەش ئەرکێکی مێژووییە. ئەم بزووتنەوەیە شوێنی گەورەترین تێکۆشانە لە دژی سیستمی کاپیتالیست و لە دژی شەریعەت. بۆ ئەوەش پێویستە، کتێب و نووسراوەکانی رێبەر ئاپۆ بخوێنرێندرێنەوە، لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و بەشداربوون بۆ ناو ریزەکانی بزووتنەوەى ئاپۆیی زیاتر ببێت".

ژ.ت