لە قەندیل و ڕانیە یادی سارا و رۆناهی و رۆژبین کرایەوە

لە بناری قەندیل و شارۆچکەی ڕانیەش بە پێشکەشکردنی سیمینار و چەند چالاکییەک یادی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی بەرز ڕاگیران، جەخت لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی شەهیدان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و داگیركاریی و كۆمەڵكوژییەكانی سەر ژنان کرایەوە.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک، بە دروشمی “نا بۆ قڕکردنی ژنان، لە سەر ڕێبازی شەهیدانی مانگی چلە ئازادی مرۆڤایەتی مسۆگەر دەبێت”، لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین و گوندی ئێندزێی بناری قەندیل و ئەمڕۆ بە پێشکەشکردنی سیمینار و چەند چالاکییەک هەشتەمین ساڵیادی شەهیدانی پاریس (ساکینە جانس، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز)ی بەرز ڕاگرت.

لە شارۆچکەی ڕانیە، لە مەراسیمێکدا یادی ئەو شەهیدانە کرایەوە و لە سەرەتادا بە خولەکێک وەستان ڕێز لە شەهیدان گیرا و پاشان، باڵا عومەر، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک، سیمیناریکی پێشکەشکرد و ژیاننامەی شەهید ساکینە و هەڤاڵانی خوێندەوە، لە بەشێکی ژیاننامەکەدا باسی ڕۆڵ و تێکۆشانی ساکینە جانسز کرا، کە وەک ژنێکی پێشەنگ لە گۆڕەپانی سیاسی و ئایدۆلۆژیا و سەربازی لە ناو ڕێزەکانی پەکەکەدا جێگەی گرتووە و بۆوەتە سەرکردەیەکی پێشەنگی ژنانی ئازادیخوازی هەموو گەلان.

ئەوەشخرایەڕوو کە “پێشەنگەكان لەژیاندا سیمبولی واتادانی ژیانن و مردنەكەشیان وانەی گرنگی ژیانی ئازاد دەداتە كۆمەڵگا، بەتایبەتی ئەگەر ئەم پێشەنگە ژن بێت تەواو دەبێتە فێرگەی ژیان، ژن خۆی لەخۆیدا هەڵگری زۆرترین بەها مەعنەوییەكانی ژیانە، هەر بۆیە سیستەمە زۆردار و دەسەڵاتدارەكانیش سەرەتا لە ژن دەدەن و لەڕێگەی لێدان لە ژنەوە كۆمەڵگا ڕووبەرووی زۆرترین كۆیلایەتی دەكەنەوە”.

لە کۆتایدا وتی: ئێمە وەك ڕێكخراوەكەمان بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و داگیركاری و كۆمەڵكوژییەكانی سەر ژنان و پەیمان بۆ شەهیدان دووپات دەكەینەوە كە هەڵگری ئەو مەشخەڵانەبین كە شەهیدان دایان گیرسان هەتا سەركەوتنی شۆڕشی ژنان.

دواتر بە پیشاندانی بەڵگە فیلمێک لە سەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ساکینە و هەڤاڵانی و بە دروشمی، شەهید نامرن، ژن ژیان ئازادی کۆتایی بەمەراسیمەکەهات.

هەر ئەمڕۆ لە گوندی ئێندزێ، لە بناری قەندیل، بەشێکی زۆری گوندنشینان کۆبوونەوە و یادی ساکینە جانسز و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیان بە بیر هێنایەوە، هاوکات لە لایەن کەنار ئەحمەد، دانیشتوی قەندیل سمینارێک پێشکەش کراو تێیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی “لە ڕۆژئاوای کوردستان ناوی شەڕڤانانی یەپەژە لە هەموو جیهان ناویان دەرکرد و سەرکەوتنیان بە سەر داعشدا ڕاگەیاند، هەموو ئەمانەش بەشێکی زۆری بناغەی خەبات و تێکۆشانی شەهیدانی وەک ساکینە جانسز بووە کە توانیوێتی هێز و ئیرادە بەو ژنانە ببەخشێت” ئاماژەی بەوەشکرد کە شەهیدانی وەک (ڕۆزا لوكسەمبورگ، ساكینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەماز، دۆلیس سێبتەمبەر و پاكیزە و سێوێ و فاتمە) لە بەرامبەر زەهنیەتی پیاوسالاری تێکۆشانیان کرد و گەیشتنە کاروانی نەمران”.

لەدرێژەی سیمینارەکەیدا کەنار ئەحمەد، باسی لە كەسایەتی و نوسەر و ڕۆژنامەنووسی کۆچکردوو ئەحلام مەنسور کرد، کە كۆچكردنەكەی كەوتە هەمان مانگەوە و وتی: ئەحلام مەنسور بە قەڵەمەكەی بوێرانە بەرەنگاری هەموو زهنیەتە ناموسپەرستەكان بوویەوە، بەهیچ شێوەیەك ژیانی كۆیلایەتی پەسەند نەكردووە.

پاش سیمینارەکە هاوشێوەی مەراسیمەکەی ڕانیە، بەڵگە فیلمێک لە سەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ساکینە و هەڤاڵانی نمایشکرا.

ف.ق