ئاژانسی هەواڵی رۆژ نیوز بڵاویکردووەتەو، کاتژمێر ٠٦:٤٠ بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی کرێکارانی کامپی پەنابەرانی مەخمور لەسەر رێگای شەڕگات و بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کرێکارانی کامپی پەنابەرانی مەخمور بەهۆی گەمارۆدانی کامپەکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە بۆ کارکردن و دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان روویان کردە شاری بەغدا تاوەکو لەوێ کار بکەن.
بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلەى کرێکارەکانی تیادا بوو تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و بەو هۆیەوە ٤ کرێکاری کامپەکە گیانیان لە دەستدا و ٢ کرێکاری تریش بریندار بوون.
ناوی ئەو کرێکارانەى گیان لە دەستداوە:
دەنیز خەلیل دەنیز
مەحمود سیسۆ تاهیر
هۆگر موسا یوسف
جیهاد محەمەد حەجی محێ
ناوی کرێکارە بریندارەکان:
فەرهاد خەلیل دەنیز
سەربەست نازمی زیاڤ
خەڵکی کامپی پەنابەرانی مەخمور دوای ئەوەى بە رووداوەکەیان زانی رویان کردووەتە بازگەى بەردەم کامپەکەیان و چاوەڕێ گەڕانەوەى تەرمەکانن.
چاوەڕێ دەکرێت دەزگای بنەماڵەى شەهیدان مەراسیمێک بۆ ئەو کەسانە رێکبخات، کە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوەکە گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور و رێگا نادەن دانیشتوانی کامپەکە لە کامپەکە بڕۆنە دەرەوە. بە هۆی ئەو گەمارۆیەیەوە، کە رێگا نادرێت دانیشتوانی کامپەکە بڕۆن بۆ سەر کارەکانیان لە هەولێر و ناوچەکانی تری پارێزگای هەولێر، سەدان کەس کارەکانیان لە دەستداوە.
هەروەها هێزەکانی ئاسایشی پەدەکەوە رێگری لە کەسە نەخۆشەکان دەکەن، کە بڕۆن بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و دەورووبەری و بەو هۆیەوە چەند کەسێک لە دانیشتوانی ئەو کامپە گیانیان لە دەستداوە، کە ٢ کەسیان ٢ ژنی دووگیان بوون و بەهۆی ئەو رێگرییە پەدەکەوە خۆیان و کۆرپەڵەکانیان گیانیان لە دەستدا.
ژ.ت