لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٧٩ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و ٢٤یان زیندانیکراون

کۆمەڵەى رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە تورکیا ٧٩ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و سزای زیندانیکردن بەسەر ٢٤ رۆژنامەنووسیاندا سەپێنراوە.

کۆمەڵەى رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە / DFG) لە بارەگای کۆمەڵەکەیان لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا راپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی دژ بە رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە.

دیجلە موفتو ئۆغڵو هاوسەرۆکی کۆمەڵەى رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە / DFG) رایگەیاند، "بۆ ئەوەى راستییەکان بە گەل نەگات، لە ساڵی ٢٠٢٠دا گوشارەکانی سەر میدیای ئازاد گەیشتە بەرزترین ئاست. رێگری لەکاری رۆژنامەنووسان و خەباتکارانی چاپەمەنی دەکرا. گوشاری سەر رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دانراو و سیستماتیک بەڕێوەدەچوو. لە چوارچێوەی ئەو گوشارانەدا هێرشیان دەکردە سەر رۆژنامەنووسان و دەستگیریان دەکردن و سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپاندن. دەسەڵات ئەو رۆژنامەنووسانەى کردە ئامانجی هێرش و پەلامارەکانی، کە بەشێوەیەکی بوێرانە و ئازایانە هەوڵیان دەدا راستییەکان بۆ گەل بڵاوبکەنەوە و کۆمەڵگە و گەل بە راستییەکان روون بکەنەوە".

 دیجلە موفتو ئۆغڵو راشیگەیاند، "دەسەڵات دەیەوێت میدیاکان و چاپەمەنی بێدەنگ بکات تاوەکو کۆمەڵگە کەڕ و کوێر بێت و ئاگاداری راستییەکان نەبێت، چونکە دەسەڵات لە بڵاوکردنەوەى راستییەکان زۆر دەترسێت و راستیی دەسەڵات بۆ گەل ئاشکرا دەبێت. دەسەڵات دەیەوێت ئەو رۆژنامەنووسانە زەق بکاتەوە و پێشیان بخات، کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن. لەبەر ئەوەش لە ئێستادا گوشاری سەر رۆژنامەنووسانی ئازاد لە تورکیا لە هەموو کات زیاتر و چڕترە".

دیجلە موفتو ئۆغڵو لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسانی کورد لە تورکیا باسی ئەوەیکرد، "هەر چۆن کورد لە هەموو ئاست و گۆڕەپانێکی تورکیادا گوشارێکی زۆری دەخرێتە سەر و رووبەڕووی سەختی و دژواری دەکرێنەوە، لە بواری چاپەمەنیشدا هەمان گوشار لەسەر رۆژنامەنووسی کورد و خەباتکارانی چاپەمەنی هەیە. تەنها لە وان ٥ هەڤاڵی رۆژنامەنووسمان زیندانیکراوە. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە رۆژنامەنووسانی کورد لە ژێر گوشارێکی زۆر زیاتردان. لە ساڵی ٢٠٢٠دا جارێکیتر تورکیا بوویەوە بە زیندانی رۆژنامەنووسان. تورکیا لە بواری ئازادیی چاپەمەنی و میدیادا لە جیهاندا لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەدایە، کە زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانیان تیادا ئەنجام دەدرێت. لە وڵاتێکدا کە رۆژنامەنووسان زیندانی بکرێت ئیدی مرۆڤ ناتوانێت باس لە ئازادیی میدیا و چاپەمەنی بکات. هەروەها زۆربەى رۆژنامەنووسان زۆربەى کاتەکانیان لە هۆڵەکانی دادگاکاندا بەسەر دەبەن، چونکە دۆسیەیان لە دژ دەکرێتەوە و بە بەردەوامی دەبێت بڕۆن بۆ دادگاکان و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و وتەیان لێوەربگیرێت".

موفتو ئۆغڵو باسی ئەوەشیکرد، "ئێمە لە ساڵی نوێدا بە دروشمی 'چاپەمەنیی ئازاد، کۆمەڵگەى ئازاد' خەبات و کارەکانمان زیاتر برەو پێدەدەین".

دیجلە موفتو ئۆغڵو هاوسەرۆکی کۆمەڵەى رۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات (دەفەگە / DFG) ئامارێکی لەبارەی پێشێلکارییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان لە تورکیا خستەڕوو و تیایدا هاتبوو:

- ٧٩ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

- ٢٤ رۆژنامەنووس زیندانیکراون.

- ١٩ رۆژنامەنووس هێرشیانکراوەتە سەر.

 - ١٧ رۆژنامەنووس مامەڵەى خراپیان لەگەڵ کراوە و هەڕەشەیان لێکراوە تاوەکو کاری سیخوڕی بۆ هێزە ئەمنییەکان و دەوڵەت بکەن.

- لە کاتی رووماڵکردنی ١٢ رووداودا رۆژنامەنووسان دەستگیرکراون.

- ٥٤ رۆژنامەنووس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

-  ٥٣ رۆژنامەنووس سکاڵایان لە دژ تۆمار کراوە.

- ٤٣ رۆژنامەنووس سزای ١٥٠ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها بە بڕی ٥٦ هەزار و ٣١٠ لیرەی تورکی سزای دارایی دراون.

- ٥٣٩ رۆژنامەنووس بەهۆی ٢٣١ دۆسیەوە دادگایی دەکرێن.

- ٨ رۆژنامەنووس سزای بڵاونەکردنەوەى ئاگاداری و ریکلامیان بەسەردا سەپێنراوە.

- ئەنجوومەنی باڵای رادیۆ و تەلەفزیۆن (رەتوک - RTUK) ٤٣ سزای بەسەر چاپەمەنییەکاندا سەپاندووە.

- ١٩٦٠ هەواڵ و ١٤٥ ماڵپەڕ رێگری لە بڵاوبوونەوە و کاریان کراوە.

- ٦ رۆژنامەنووس کۆتایی بەکاری رۆژنامەنووسیان هێنراوە.

- تاوەکو رۆژی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بە گشتی ٩١ رۆژنامەنووس لە تورکیادا لە زینداندان.

ژ.ت