لە سلێمانی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغان راگەیەنرا

لە سلێمانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک دەستیپێکرد و بڕیارە هەڵمەتەکە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک)، لە بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغان دەستیپێکرد.

ڕژاک، فۆرمێکی بۆ کۆکردنەوەی واژۆکان ئامادەکردووە و هەرکەسێک واژۆ بکات دەبێت ناوی سیانی خۆی و پیشەکەی بنووسێت و پاشان واژۆی خۆی بکات.

هاوڵاتیانیش پەیتا پەیتا لە توێژە جیاوازەکان ڕوویان لە ستاندەکە دەکرد بۆ واژۆکردن، هەڵمەتەکە تا دوو ڕۆژی دیکە بەردەوامە.

ڕۆژی سێشەممە کۆتایی بە کۆکردنەوەی واژۆ لە سلێمانی دەهێنرێت و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەنجامی هەڵمەتەکە ئاشکرا دەکرێت.

کۆکردنەوەی واژۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی ‘١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر‌دایە کە ٢٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن بزوتنەوەی ژنی کورد لە ئەوروپا بۆ دادگاییکردنی تەیب ئەردۆغان دەستیپێکردووە.

هەڵمەتەکە تا ٨ی ئازاری ئەمساڵ درێژەی دەبێت و ئامانجیانە ١٠٠ هەزار واژۆ کۆبکەنەوە و بیگەیەنن بە دەزگا نێودەوڵەتییەکان، جگە لەوەش بڕیارە دادگای گەل بەشێوەی کۆنفرانسێکی کراوە ڕێکبخرێت و تێیدا ١٠٠ کەیسی تیرۆری ژن و منداڵی کورد بەدەستی دەوڵەتی تورک بخرێتەڕوو.

ف.ق