لە سلێمانی لەدژی پیلانگێڕی سەر شەنگال گردبوونەویەک ڕێکخرا

لەدژی پیلانگێڕیی نوێی حکومەتی عێراق و پەدەکە لە دژی گەلی ئێزیدی، لە سلێمانی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەڕێوەچوو و تێیدا داواکرا “ئیرادە و خۆسەری شەنگال بە بنەما بگیرێت و شەنگال نەکەنە قوربانی سیاسەتی هەڵە”.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری پارتی ئازادی و دیموکراتی شەنگال ـ پادێ، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەڕێوەچوو، لەدژی پیلانگێڕییەکانی سەر شەنگال و گەلی ئێزدیی.

لە گردبوونەوەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەدار، کەسایەتی، چالاکوان، ژنان و توێژە جیاوازەکان بەشدارییان کردبوو، وێنەی شەهیدانی شەنگال و ئاڵای پادێ-یان بەرزکردبوویەوە.

شەهێن محەمەد، بەیاننامەی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: ئەو هێزانەی ئێستا بە فەرمانی کازمی پڕچەک کراون و بۆ شەنگال بەڕێدەکرێن، هەر ئەو هێزانەبوون لەگەڵ چەکدارانی پەدەکە لە شەنگال هەڵهاتن و گەلی ئێزیدییان خستە بەردەستی چەتەکانی داعش، دەیانەوێت بەم ڕێککەوتنە فەرمانی ٧٤مین بەسەر ئێزیدییەکاندا بسەپێنن.

ئەوەش هاتبوو تێیدا: هەریەک لە نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتی تورک بە ڕاستەوخۆ بەشدارن لەم پلانگێڕییەدا، ئێمە داوا دەکەین گەلی ئێزدی بە ئیرادەی خۆی ئیدارەی خۆی بدات و عێراقیش لە چوارچێوەی دەستوریدا دان بنێت بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری شەنگال و بە فەرمی بیان ناسێنێت، داوا لە گەلی کوردیش دەکەین دژی ئەو پیلانگێڕییە بێنە مەیدان.

هەروەها هاودەنگ محەمەد بەیاننامەی دەستەی دەستپێشخەری کۆنفرانسی نیشتمانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان پارتی و عێراقدا کراوە لە بارەی شەنگال، لەدەرەوەی ئیرادە و خواستی ئێزیدییەکانە، بۆیە داواکارین چیتر ئێزیدییەکان نەکرێنە قوربانی سیاسەتی هەڵە، لێگەڕێن با خۆیان ئیدارە و پاراستنی خۆیان بکەن، چونکە لە ڕابردوودا بینیمان کە نە حکومەتی عێراق و نە پارتیش ئێزیدییەکانیان نەپاراست لە هێرشی داعش.

هێمن مامەند، بەیاننامەی گروپی ویژدانی خوێندەوە، تێیدا ئاماژە بەوەکرابوو: ئەوەی کە داعش پێی تەواو نەکرا لە دژی ئێزیدییەکان ئێستا لە ڕێگای پیلانگێڕییەکەوە بە سەرمەشقی پارتەکەی بنەماڵەی بارزانی و حکومەتەکەی کازمی و ئەردۆغان دەیانەوێت تەواوی بکەن، گەلی ئێزدی و هێزە شۆڕشگێڕەکەی لە شەنگال شایەنی پاداشت و ڕێزلێنانن نەک جارێکیتر کۆمەڵکوژکردنیان.

دواتر لەلایەن بەیان فەرەجەوە وتاری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان پێشکەشکرا و وتی: ئەوەی کە لەسەر شەنگال بەڕێوەدەچێت دەرئەنجامی خیانەتی ناوخۆیە و پلانی داگیرکەرانە لەدژی گەلەکەمان بەتایبەتی گەلی ئێزیدی، داواکارین لە هەموو گەلی کورد لەدژی خیانەت و داگیرکاری بڵێن نا و چیتر بیوەستێنن.

ف.ق