لە سلێمانی شاندێکی شەنگال لەگەڵ پەیەدە کۆبویەوە

لە چوارچێوەی ڕیزە سەردانەکەی شاندی شەنگال لە سلێمانی بۆ لای پارت و لایەنە سیاسیەکان ئەمرۆ ئەو شاندە لەگەڵ نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) کۆبووە.

شاندەکەی شەنگال پێکهاتبوو لە عومەر ساڵح  سەرۆکی پارتی ئازادی ئێزدیان، نەعام کرو سندی ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ژنانی ئێزدی، سەهام دەخیل رەشۆ ئەندامی پەیوەندیەکانی تەڤگەری ئازادی ژنان ئێزدی لە شەنگال، میرزا بەکر بیسو ئەندامی ئەنجومەنی عەشایەری شەنگال و سلێمان شەنگالی نوێنەری پارتی ئازادی دیموکراتی ئێزدیان لە سلێمانی. شاندەکە ماوەی  چوار ڕۆژە لە شاری سلێمانیە، بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

شاندەکە لە لایەن هەریەک لە عەفاف بیلال و یوسف کوتی ئەندامانی پەیوەندیەکانی نوێنەرایەتی پەیەدە لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە عەفاف بیلال رایگەیاند، هەردوو لایەنی سیاسی جەختیان لە تێکۆشان کردوە بەرامبەر داگیرکاری دژی دەوڵەتی تورکیا کە هەوڵدەدات کوردستان و بەتایبەتیش شەنگال داگیربکات.

هەروەها ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتی پەیەدە وتیشی: هەردوولا جەختمان لەوە کردوەتەوە کە دەبێت پشتگیری گەلی شەنگال و خۆبەرێوەبەری  شەنگال بکرێت و پارتە سیاسیەکان بە بەرپرسیارێتیەوە لەو دۆخە بروانن.

عەفاف بیلال وتیشی: ئێمە چۆن لە ڕابردوودا وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و پارتی یەكێتی دیموکراتی پشتگیری گەلی شەنگالمان کردوە، بەهەمان شێوە پشتگیریەکانمان بۆ گەلی شەنگال بەردوامە، داواش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و عێراق دەکەین، خۆبەرێوەبەری شەنگال بە فەرمی بناسێت و مامەڵەی لەگەڵ بکەن چونکە تەنها خۆبەرێوەبەری شەنگالیەکان. دەتوانێت دەلالەت لە گەلی شەنگال بکات.  

ف.ق