لە سلێمانی و ڕانیە یادی گەریلا باوەڕ ئاگر کرایەوە

لە سلێمانی و ڕانیە، یادی شەهید باوەڕ ئاگر کرایەوە، کە ساڵێک لەمەوپێش لە کاتی بەرگریکردن لە گرێ سپی لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەیشتبووە کاروانی شەهیدان.

لە شاری سلێمانی و شارۆچکەی ڕانیە، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، بە ئەنجامدانی دوو سیمینار یادی شەهید باوەڕ ئاگر، یەکێک لەو گەنجانەی باکوری کوردستانیان کردەوە، کە لەکاتی هێرشی سوپای تورک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە گرێ سپی شەهیدبوو.

لە سیمینارەکاندا، کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر ژیان و خەباتی شەهید باوەڕ نمایشکرا، پاشان لەلایەن ئامادەبوانەوە باس لە ئیرادە و باوەڕیی شەهید باوەڕ کرا، کە ئەو باوەڕیە وایکردبوو، کە ڕوو لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات و ڕووبەڕووی داگیرکاریی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ببێتەوە.

باوەڕ ئاگر، لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان لە خێزانێکی وڵاتپارێز و كوردپەروەردا لەدایک بووە، برایەکی بەناوی ئاگر، لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئازادیی خوازی گەلی کورد-دا شەهید بووە، دوای شەهیدبوونی براکەی بەشداریی ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئازادیی خوازیی گەلی کورد دەبێت و لە چەندین شوێن و پێگەی جیاوازدا خەبات دەکات، ساڵێک پێش ئێستا، لەکاتی بەرگریی کردن لە گرێ سپی لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورک شەهید بوو، بووە دووەم شەهیدی نێو خێزانەکەی.

ف.ق