لیژنەی میسر بۆ ئازادیی ئۆجالان ئامادەیە و لە سبەینێوە بە فەرمی دەست بە چالاکیەکانی دەکات

لیژنەی میسر بۆ ئازادیی ئۆجالان کە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی لەخۆدەگرێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا داوای ئازادی بۆ سەرۆک ئۆجالان دەکات، دووپاتیدەکەنەوە کە ئازادی بۆ ئەو، زامنی ئاشتی و برایەتی گەلانە لە ناوچەکە.

بەپێی بەیاننامەیەکی لیژنەکە، سبەینێ “یەک شەممە ١ی تشرینی دووەم” ماڵپەڕی لیژنەکە بە فەرمی دەکرێتەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “ئێمە ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، کەسایەتیەکانی مافی مرۆڤ، نووسەر، سیاسەتمەدار، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، چالاکوانان و نیشتیمانپەروەرانی هەموو گەلانی ناوچەکە، لە عەرەب، کورد، ئەرمەنی، سوریانی، ئاشووری و گەلی دیکە، جەخت دەکەینەوە کە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئێمە و بۆ ناوچەکە زامنی ئاشتی و برایەتیە”.

دەقی بەیاننامەکە:

"عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ لە پیلانێکی نێودەوڵەتی چەتەگەرایی ڕفێنراو پاشان ڕادەستی تورکیا کرا، ماوەی ٢١ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالییە لە سەختترین جۆری گۆشەگیری و ئەشکەنجەدا دەژی، هیچ مافێکی نییە و ڕێگەی پێنەدراوە لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکەیدا چاوپێکەوتن ئەنجام بدات، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسا و پەیماننامە و پێوانە نێودەوڵەتییەکانە.

بەداخەوە لیژنەی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەشکەنجە (سی پی تی) کە بەرپرسیارە لەم دۆسیەیە، شکستی هێناوە لە وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بەرامبەر بە دەوڵەتی تورک لەوکاتەوەی کە بەو ڕۆڵە هەستاوە، هەروەها بێدەنگیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و نەبونیان لە کەمپەینەکان بۆ پشتیوانی لە ئازادیی ئۆجالان، پاڵپشتی تورکیا دەکات لە بەردەوامیدان بەو گۆشەگیرییە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئۆجالان گەورەترین بەشداریکرد لە هەردوو تێکۆشانی ئازادی بۆ کوردان و ژیانی هاوبەشی دیموکراتیی گەلانی ناوچەکە بە فکر و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی کە گەشەی کردبوو.

ئەمڕۆ لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا، ئۆجالان بۆ ئازادی، ئاشتی و سەقامگیری شەڕ دەکات، بەڵام دەوڵەتی تورک ئەو ئارامی و سەقامگیرییە قبوڵ ناکات کە تا ئێستا ئۆجالان ویستوویەتی، بەڵام بە پێچەوانەوە گۆشەگیری و داپڵۆسێنی زیاتر بەسەر هەزاران سیاسەتمەدار و جێگر و سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی دیموکراتیانە و ئەندامانی ئەنجومەن جێبەجێ دەکات، هەروەها دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و دەستبەسەرکردنی ئەو شارەوانیانەی کە سەرۆکەکانیان لە دەنگدانی جەماوەریدا هەڵبژێردران.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تەنها بە ناوخۆوە سنووردار نییە، بەڵکو پشتیوانی گروپە تیرۆریستییەکان دەکات لە سوریا و تاوانی جەنگ دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدات، بە تایبەت لە شارەکانی عەفرین، گرێ سپی و سەرێ کانی و باب و جەرابلوس، پاکتاوی ڕەگەزی و گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجام دەدات، زیاتر لە ٣٠ بنکەی سەربازی لە عێراقدا جێگیر کردووە و بەو تەکنەلۆژیا سەربازییەی لەوێ دایناوە، هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی کوردستانی عێراق، دەیان هاوڵاتی مەدەنی لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچانە دا شەهید و برینداربوون، هەروەها سەدان گوند چۆڵ کران و وێران کراون، هەروەها تورکیا بۆردومانی کامپی پەنابەرانی مەخمور و شارۆچکە و گوندە ئێزدیەکانی شەنگال دەکات و چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید کردووە.

حکومەتەکەی ئەردۆغان بۆ ئەوەی وەهمی خۆی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێدا جێبەجێ بکات، جوگرافیای عەرەب داگیر دەکات، ڕاستەوخۆ شەڕ و ئاژاوەی لە سوریا و عێراق و لیبیا و یەمەندا بڵاوکردەوە و پاڵپشتی گروپە تیرۆریستی و تێکدەرەکانی کرد بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە وڵاتی میسر، هەر بۆیە گەلی عەرەبی میسر و ئوردن و سعودیە بە سیاسەت و کارەکانی ئەردۆغان تووشی شۆک بوون، کە بەردەوام کار بۆ بەسەربازگەکردنی ناوچەکە دەکات و ماڵوێرانی تێدا بڵاودەکاتەوە.

گەلی هەرێمەکە ئەم سیاسەتە فراوانخواز و شەڕانگێز و داگیرکەریانەی دەوڵەتی تورکیا قبوڵ ناکات و دژایەتی دەکات، بەڕێز ئۆجالان لە زۆرێک لە کتێب و هەڵسەنگاندنەکانیدا هەمیشە ئەو هەڵوێست و سیاسەتە نەرێنیانەی دەوڵەتی تورکیای بەرامبەر بە ناوچەکە دەربڕیوە، هەروەها گرنگیی بەرخۆدانی هاوبەشی لە بەرامبەردا دەربڕیوە، لەمبارەیەوە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەسەر ئەم پرسە تێکۆشانی ئۆجالان سەرکوت بکات، ئێمە لەو باوەڕەداین کە کلیلی چارەسەری سەقامگیری و پێکەوە ژیانی نێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پرۆژەی دیموکراتیکی ئۆجالانەوە دەردەکەوێت.

لەگەڵ ئەوەشدا هەتا بەڕێز ئۆجالان لە زینداندا بمێنێتەوە، کێشەی کورد چارەسەر نابێت و ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا بەدی نایەت، بۆیە دەتوانین بڵێین، ئازادیی ئۆجالان زامنکردنی ئاشتی، سەقامگیری و چارەسەرییە لە تورکیا، کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێمە لە کۆمیتەی میسر بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ئەمڕۆ بەرگری لە ئازادی ئۆجالان دەکەین، پێشنیار بۆ فکر و ڕێکخراوی تێکۆشانی گەلی ناوچەکە دەکەین لە دژی داگیرکاری تورکیا، ئەو هەڵمەتە نێودەوڵەتیەی بۆ ئازادی ئۆجالان دەستی پێکردووە، بەو شێوەیە زۆر گرنگە و هێز بە ئێمە دەبەخشێت، ئازادی ئۆجالان داواکاری گەلانە.

ئێمە لەم کۆمیتەیە داوای پشتیوانی لە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، داکۆکیکارانی یاسا، دیموکراتەکان و هەموو وڵاتپارێزان دەکەین کە بەرگری لە پێکەوە ژیانی دیموکراتی و برایەتی گەلان بکەن لە هەرێمەکەماندا، بە تایبەت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە پێناو ئازادی ئۆجالاندا."

ز.ش