محەمەد ئەمین پێنجوێنی: رێکەوتنەکە بە ئاگاداری تورکیا کراوە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری باشوری کوردستان دەڵێت، رێکەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاگاداری تورکیا کراوە و ئامانج لە ڕێککەوتنە دوورخستنەوەی ئەو هێزانەیە، کە لەدوای داعشەوە ئێزدییەکان بۆخۆیان پێکیان هێناوە.

هەولێر و بە‌غدا لە بەرواری ٩ی ئەم مانگەدا ڕێککەوتنێکیان لەبارەی دۆخی شەنگالەوە ئیمزا کرد، بە گوێرەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئیدارەی شارەکە دەخرێتەوە سەرعێراق و مەلەفە ئەمنییەکەشی ڕادەستی پۆلیسی ناوخۆی عێراق دەکرێت، هاوکات ئەو هێزانەش کە ئێستا لە ناوچەکەدان دووردەخرێنەوە و بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمیش دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شارۆچکەیە.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری ناسراوی کورد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار دەربارەی ئامانجی ئەو ڕێککەوتنە و چۆنییەتیی جێبەجێکردنی و پشتگوێخستنی ئیرادەی ئێزدییەکان و مەترسیی و لێککەوتەکانی ئەو ڕێککەوتنە دەداتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

لەماوەی ڕابردوودا عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان لەسەر دۆخی شەنگال کرد، کە وەک خۆیان دەڵێن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگالە، بەڵام ئەمە بەلای ئێزدییەکانەوە بە پیلانگێڕیی ناودەبرێت، ئێوە چۆن ئەمە دەخوێننەوە؟

ئەم ڕێککەوتنە بە ئاگاداریی تورکیا کراوە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: لەدوای هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر حەفتانین و بەتایبەت کوژرانی ئەفسەرەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق لە ناوچەی برادۆست، پەیوەندییەکی نهێنیی و جددیی لە نێوان عێراق و تورکیا هاتە ئاراوە، داوای تورکیا ئەوەیە ئەو هێزانەی لەدوای داعشەوە لە شەنگال پێکهێنراون، کە بەشێکیان سەر بە خەڵکی شەنگالن و بەشەکەی دیکەشیان سەر بە حکومەتی عێراقین، لە شەنگال دووربخرێنەوە، ئەم ڕێککەوتنەشی کراوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بە ئاگاداریی تورکیا کراوە، بۆ ئەوەی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق بچنە شەنگال و هێزە کوردییەکان ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن، هاوپەیمانان و فەرەنسا و ئەمریکاش لەم ڕێککەوتنە ئاگادارن و پشتگیریی دەکەن، ئەمەش وەک خۆیان دەڵێن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانە، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکاش بەڵێنیان داوە هاوکاربن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، بەومەرجەی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە حوکم بکرێت.

ئەم ڕێککەوتنە چۆن جێبەجێ دەکرێت، لەکاتێکدا ئێزدییەکان دەڵێن پشت بە ئیرادەی ئێمە نەبەستراوە و ڕەتیدەکەنەوە؟

جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە بۆخۆی پرسیارە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە بۆخۆی پرسیارە، بینیمان بەشی هەرەزۆری ئێزدییەکان کۆبوونەوەیان کرد و ئەو ڕێککەوتنەیان ڕەتکردەوە، لەوانەیە قائیمقامێکی کوردی ئێزدیی دابنێن بۆ شەنگال، بەڵام ئیدارەی شارەکە لەسەر عێراق دەبێت.

پێتوایە ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنی پەدەکەیە لەگەڵ عێراق یاخود ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ عێراق؟

ئەمە ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەمە ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمە، چونکە حکومەت لەگەڵ حکومەت مامەڵە دەکات، بۆ نموونە کازمیی لە فەرەنسا باسی ئەمەی کردووە، کە دەڵێت ڕێککەوتنێکی گەورەیان کردووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، واتە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێم کراوە، بۆ ئەوەی وێنایەکی فەرمیی و یاسایی پێبدەن.

بەبڕوای تۆ هەرێمی کوردستان ئەم ڕێککەوتنەکەی لەبەرامبەر چیدا کردووە؟

هەندێک لە سەرکردە کوردەکان ئاگایان لێیە و هەندێکیان ئاگاداری نین

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: بچووکردنەوەی پرۆسەی سیاسییە لە باشوری کوردستان، ئەمە پیلانێکە بۆ چۆنێتیی بچووکردنەوەی ئەم پرۆسەیە و گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی ئۆتۆنۆمیی عێراق، ئەمەش بەشێکە لەو سیاسەتە کە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت، هەندێک لە سەرکردە کوردەکان ئاگایان لێیە و هەندێکیان ئاگاداری نین.

بەشێک لە لایەنەکان دەوترێت بوون بە بەشێک لەو پیلانە، ئایا ئەوە لە “بێ ئاگاییە” وەک تۆ دەڵێیت یاخود لە “ئاگادارییە”؟

بەگوێرەی بەرژەوەندیی حزبیی مامەڵە بە پرسی سیاسیی کوردەوە دەکرێت

حەمەد ئەمین پێنجوێنی: هەتا ئێستاش ئەقڵی سیاسیی لە باشوری کوردستان بەشێوەیەکە، بەرژەوەندیی حزبەکەی بە سیاسەتی کوردیی دەزانێت، هەر شتێک بەرژەوەندیی حزبیی تێدابێت بەشداریی دەکەن، بەڵام بەرژەوەندیی حزبەکانیانی تێدا نەبێت بەشداریی ناکەن، ئیتر ئەمە بە نەزانیی هەژمار دەکرێت یاخود بە زانین، ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە، بەڵام هەتا ئێستاش بەگوێرەی بەرژەوەندیی حزبیی مامەڵە بە پرسی سیاسیی کوردەوە دەکرێت.

بەبڕوای تۆ ئەمە دووبارەکردنەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەرێکی دیکە نییە لە شەنگال؟

شەنگال بەشێوەیەکی فەرمیی و یاسایی ڕادەستی عێراق دەکاتەوە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەم ڕێککەوتنەکە شەنگال بەشێوەیەکی فەرمیی و یاسایی ڕادەستی عێراق دەکاتەوە بە ئاگاداریی هاوپەیمانان و تورکیا.

دەتوانین بڵێین حکومەتی هەرێم لەژێر فشاری تورکیادا ئەم ڕێککەوتنەی لەگەڵ عێراق کردووە؟

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: دوور نییە، بۆچی نا!؟

بۆچی لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠دا تەنها شەنگال کراوەتە ئامانج؟ لەکاتێکدا کەرکوک و ناوچەکانی دیکەش لەژێر ڕکێفی حکومەتی عێراقییدان؟

شەنگال لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گرنگیی پێدەدەرێت

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: شەنگال لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گرنگیی پێدەدەرێت، چونکە لەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ عێراق و هەرێم کراوە، هاوپەیمانان هەمووکات باسی پاراستنی پێکهاتەکانیان کردووە، ئەمانە لەلایەن دەوڵەتە جیهانییەکانەوە گرنگیی پێدەدرێت، کازمییش دەڵێت ئەم ڕێککەوتنە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان جێبەجێ دەکرێت.

ئەی کەواتە بۆچی ئیرادەی ئێزدییەکان قبوڵ ناکرێت؟ نزیکەی پێنج ساڵە ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەر لە شەنگال پێکهێندراوە بۆچی لەلایەن وڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە دانیپێدانەنراوە؟

خاڵی لاوازی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە، کە ئێزدییەکان بەشدارییان پێ نەکراوە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: خاڵی لاوازی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیە، کە ئێزدییەکان بەشدارییان پێ نەکراوە تێیدا، لەکاتێکدا بانگەشەی پاراستنی مافەکانیان دەکەن، بۆچوونیان وەرنەگیراوە، تەنانەت ئەو هێزانەی حەشدی شەعبیش کە لەو ناوچانەن ئەو ڕێککەوتنە ڕەتدەکەنەوە.

دەبێت لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان چی بێت لەسەر ئەو ڕێککەوتنە؟

دەبێت کورد یەک گوتاری سیاسیی هەبێت بەرامبەر عێراق و تورکیا و ئێران

محەمەد ئەمین پێنجوێنی: لایەنە کوردییەکان لەبەر ئەوەی یەکدەنگ نین لەسەر ئەو پرسانە و پارچە پارچەن، بۆچوونیان یەک نییە لەسەر شێوازی مامەڵە کردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، کورد کاتێک دەتوانێت هەوڵ بدات بۆ گەڕانەوەی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ یان جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، کە کورد بە هەموو هێزەکانییەوە یەک گوتاری سیاسیی هەبێت بەرامبەر هەم عێراق و هەم تورکیا و ئێران.

ز.ش