مەلازگرد: دەوڵەتی تورک بە گەریلا ناوێرێت، بۆیە گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت

ئامەد مەلازگرد یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەى نەپەگە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەرەقەتی بەرخودانی گەریلا نایەت، بۆیە گازی کیمیایی بەکاردەهێنێت و وتی:"ئەو هەڤاڵانەی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوون، ڕۆحی بەرخۆدانی پەکەکەیان نیشانی دۆست و دوژمن دا".

ئامەد مەلازگرد، یەکێک لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە / NPG) بەشداری بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی بوو و هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، بەرخۆدانی گەریلا و هەڵوێستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کرد.

مەلازگرد ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک هەمیشە هەوڵ دەدات بە شێوازی شەڕی چەپەڵ رۆژەڤ بگۆڕێت. مەلازگرد لەبارەی بانگەشەکانی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک، کە دەڵێن، 'پەکەکە لە باکور کۆتایی هاتووە' وتی، "ئەگەر پەکەکە کۆتایی هاتووە ئەی لەگەڵ کێ شەڕ دەکەن؟ بۆ نموونە؛ لە سەرحەد، لە ئامەد، لە دێرسیم، لە بۆتان گەریلا چالاکیی کاریگەر ئەنجام دەدەن. پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورک بۆ 'بێکاریگەرکردنی گەریلا لە باکور' بە تەواوی درۆیە. با گەلەکەمان باش بزانێت، کە دەوڵەتی تورک لەلایەن گەریلاکانەوە تەنگاو بووە، بۆیە پێویستی بە پڕوپاگەندەی ڕەش کردن هەیە. ئەگەر بەو شێوەیە بووایە، ئایا دەوڵەتی تورک بە پێویستی دەزانی، کە  چەند کوردێکی خائین و نۆکەر لە دژی ئێمە بەکاربهێنێت؟".

ئامەد مەلازگرد راشیگەیاند، ڕۆژانە لە ناوچەکانی ئامەد، دێرسیم، بۆتان و چەندین ناوچەی باکوری کوردستان ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت و وتی: "ئەگەر گەریلا نەبێت ئەو هێرشانە دژی کێن؟ ڕاستییەکە بەو شێوەیەیە؛ گەریلاکان بە چالاکییە کاریگەرەکانیان  گورزی گەورە لە دەوڵەتی تورک دەدەن".

ئامەد مەلازگرد فەرماندەیی نەپەگە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان هەڵسەنگاند و وتی، دەوڵەتی تورک بە پشتیوانیی ناتۆ و بە رێککەوتن لەگەڵ چەند بریکار و نۆکەرێکی ناوچەکە دەیخواست لە ماوەیەکی کورت دا ئەنجام بە دەست بهێنێت.

مەلازگرد وتیشی، "بەڵام تیۆری و پراکتیکیان یەکی نەگرتەوە. بۆ نموونە کاتێک شەڕ دەستیپێکرد، لە زەندورا بەرخۆدانێکی زۆر گەورە ڕوویدا. هەرچەندە دوژمن لە هەموو شوێنێکەوە گەمارۆی دابوو، بەڵام هەڤاڵان بە فیداکارییەکی گەورەوە تێکۆشان و شەڕیان کرد. ئەو پەیامەیان بە دەوڵەتی تورک دا و وتیان: "لەوانەیە هەموو جۆرە تەکنیکێکت هەبێت، بەڵام ناتوانیت بە ئاسانی هەموو شوێنێک داگیر بکەیت". دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئاڤاشین، زاپ و مەتینا دەستپێکرد. هەڤاڵان لە ناوچەی مام رەشۆ بە ڕۆحی پەکەکە لە دژی دوژمن شەڕیان کرد. دوژمن زۆرجار دەیویست بچێتە ناو تونێلەکانی جەنگەوە، بەڵام هەڤاڵان نەیانهێشت.  دوژمن سەرەڕای هەموو جۆرە هێرشێک نەیتوانی بەرخۆدانی گەریلا تێکبشکێنێت، بۆیە دواجار بە گازی کیمیایی هەڤاڵانی شەهید کرد. هەڤاڵان لەوێ بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ سەرحەد و هەڤاڵ ساریا فیداکاری و بەرخۆدانێکی زۆر گەورەیان کرد. گورزی قورسیان لە دوژمن دا. بەڵێ ٧ هەڤاڵ قارەمانانە شەهید بوون، بەڵام ڕۆحی بەرخۆدانی پەکەکەیان بە دۆست و دوژمن نیشان دا.

هەروەها لە ٧ی حوزەیرانەوە لە ناوچەی وەرخەل بەرخۆدانێکی زۆر گەورە هەیە. دەوڵەتی تورک بە هەموو توانا و هێزی خۆی و شێوەیەک هێرش دەکات، چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڤاڵان ڕێگە بە دوژمن نادەن. هەروەها لە شاخە سووردا بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵان بۆتان و زنارین بەرخۆدانێکی زۆر گەورە ڕوویدا، هەڤاڵان ڕێگەیان نەدا دەوڵەتی تورک لە تونێلەکان نزیک بێتەوە. دوای چەند مانگێک لە بەرخۆدانی هەڤاڵان، لە ئەنجامی بەکارهێنانی گازی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستەیەک لە هەڤاڵان شەهید بوون، بەڵام بەرخۆدانی هەڤاڵانمان لە شاخە سوور بەردەوامە و بە قورسی شەڕ لە دژی دوژمن دەکەن. هەروەها لە مام رەشۆ-یش هەڤاڵان بە هەمان شێوە شەڕ دەکەن. لەو ناوچانەدا دوژمنیش هەیە و هەڤاڵانیش هەن. ڕەنگە شەڕ لەو ناوچانە قورستر و دژوارتر بێت و لەوانەیە ئەو شەڕە لە ناوچەکانی تریشدا پەرە بستێنێت. هەڤاڵان ئامادەکارییەکانیان بەو شێوەیە و بۆ ئەوەش ئامادەن".

فەرماندە ئامەد مەلازگرد لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ سوپای تورک، ڕێگری و گەمارۆی هێزەکانی گەریلا و هێرشی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە دژی گەریلاکان کرد.

مەلازگرد وتی: "بڕیارگەی ناوەندیمان لەو بارەیەوە چەندین لێدوان و ڕاگەیاندراوی بڵاوکردووەتەوە. ئێمە هەرگیز ڕێگەمان نەدا بارودۆخێکی نەرێنی لەناو هێزە کوردییەکاندا رووبدات، کە دەوڵەتی تورک پێی دڵخۆش بێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە دەبینین، کە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەوڵ دەدەن ناوچەکەمان بەر تەسکتر بکەنەوە و رێگریش لە هاتوچۆی هەڤاڵانمان دەکەن. ئەگەر ئەو هەوڵە نیاز خراپانە بەردەوام بن، لەوانەیە هەندێک ڕووداوی نەرێنی ڕوو بدات. با گەلی کورد و ڕای گشتی بزانن؛ ئەگەر بەڕاستی دەڵێن، ئێمە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراومان لە دژیان هەیە، ئەگەر بتوانن ئەوە بسەلمێنن، ئێمە ئامادەین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرین، بەڵام ئەگەر ئێوە ڕێگری لە هەڤاڵانمان بکەن و هێرش بکەنە سەر هەڤاڵانمان، ئەوە یانی پلانتان بۆ ئەو کارانەتان داناوە، کە لە ئەنجامدا هەڤاڵانمان شەهید دەبن، ئیدی ئەو دۆخە دوای ماوەیەک دەبێتە هۆی جەنگ.

ئەم بابەتە هەستیارە. ئێمە بە دان بە خۆداگرتن و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت دەکەین، بەڵام ئەگەر ئەوان سوور بن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ بێزارکردنی ئێمە و بەردەوام بن لە گەمارۆکانیان، ئەوا ئێمەش دەزانین چۆن ناوچەکە بۆ خۆمان فراوان بکەین. ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، بمانەوێت و نەمانەوێت ئێمە ئەوە دەکەین. لە جیاتیی ئەو رەفتار و ڕێبازانە، پێویستە زەمینەیەک بڕەخسێنن، کە ئێمە بتوانین بە ئاسانی جموجوڵ بکەین. جگە لەوە ئێمە هیچ شتێکی ترمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ناوێت. ئەگەر کێشەی سیاسییان هەیە، ئەو کێشانە، کە ئەوان بە شیاوی نازانن، ئەوا لەو کاتەدا هێزە سیاسییەکان و بەردەنگ و لایەنەکان ڕوونن. لەناو خۆیاندا دەتوانن گفتوگۆ بکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام با لە رووی سەربازییەوە هەوڵ نەدەن ڕێگە لە هەڤاڵانمان بگرن. ئەگەر ئەو گەمارۆ و رێگرییانە بەو شێوەیە بەردەوام بێت گەلی کورد بەتەواوی تیادەچێت، بەتایبەتی باشووری کوردستان.

مەلازگرد لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی: "ئەوانەی دەڵێن 'دەوڵەتی تورک دژی پەکەکە شەڕ دەکات، پەکەکە تەنگەتاوبووە، هەرچی بڵێین ناچارە قبوڵی بکات و سازش دەکات'، ئەوە خۆیان دەخەڵەتێنن، بەوە کەوتونەتە ناو هەڵەیەکی گەورەوە، ئێمە دەزانین شەڕی  براکوژی دەوڵەتی تورک چەند پێی دڵخۆش دەبێت و چەندیش زیان بە گەلی کورد دەگەیەنێت. بۆیە ئێمە زۆر بە هەستیارییەوە نزیک دەبینەوە. ئەوانەی ئەو هەستیارییەی ئێمە بە لاوازی دەزانن لە هەڵەیەکی زۆر گەورەدان".

ئامەد مەلازگرد لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، ئەوان لە قۆناغ و پرۆسەیەکی زۆر هەستیاردان و داوای لە گەنجانی کورد کرد، کە بچنە ڕیزی گەریلا و بۆ کوردستانێکی ئازاد تێبکۆشن و شەڕ بکەن.

ژ.ت