پارتەکانی باکوور بڕیاریاندا بۆ هەمیشەیی ڕێبکەون

هەشت پارتی باکوری کوردستان ئەندام لە “یەکڕیزیی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنەکان”، کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕێککەوتنەکەیان بکەن بە هەمیشەیی.

ئەمڕۆ لە ئامەدی باکوری کوردستان، هەشت پارتی باکوری کوردستان کە ئەندامن لە پلاتفۆرمی “یەکڕیزیی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان”، لەژێر چەتری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هاوسەرۆکان، بەرپرسان و ئەندامانی ئەو پارتانە ئامادەبوون، بڕیاردرا کە ئەو یەکڕیزییەی پێشتر بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ڕاگەیەندرابوو، بکرێت بە هەمیشەیی.

دوای کۆبوونەوەکە، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارتە کوردییەکان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەچوو و لەوێ مەدحەت سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە بە زمانی تورکی و محەمەد ئەمین کارداش بە زمانی کوردی لێدوانیاندا.

کارداش وتی: بۆ ئەوەی هێڵی سیاسەتی نەتەوەیی بە شێوەیەکی ستراتیژیی لە باکور بکەین بە هەمیشەیی، کۆبووینەوە، موژدەیەکی خۆشمان بۆ گەلی کورد هەیە؛ ئێمە هێڵی نەتەوەییمان لە باکور دروستکرد، هێز و لایەنە کوردستانییەکان پێکەوەن و یەکێتییەک لە مەیدانی سیاسەتی نەتەوەیی بەرز دەکەنەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ هەڵبژاردن نییە، بۆ پێکەوە کارکردنە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لەمەودوا کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبێت.

سانجاریش وتی: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و باش بوو، بەڕوونی لەسەر زۆر بابەت قسەمان کرد، بڕیارێکی گرنگماندا، لەسەر ئەم پلاتفۆرمەمان بۆ یەکڕیزیی لە هەڵبژاردنەکان، پێکهاتین و بڕیاری هەمیشەیی کردنەوەی ئەم یەکڕیزییەماندا، ڕامان یەکێکە و پێکەوە دەجوڵێینەوە.

ئەو حزب و لایەنانەی هاوپەیمانێتیەکەیان پێکهێناوە ئەمانەن:

پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپ

پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان-بەدەپە

تەڤگەری ئیسلامی کوردستان- ئازادی

کۆمەڵەکانی کوردی دیموکرات و شۆرشگێڕ (DDKD)

پارتی ئازادی و مرۆڤایەتی (PIA)

پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP)

پلاتفۆرمی دیموکراتی کوردستان (PDK)

پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیا (PDK-T)

ف.ق