پەکەکە: بەشداری بەرخودانی مێژوویی لە دژی داگیرکەری بن!

کۆمیتەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە رایگەیاند، قەوارەی هەرێمەی کوردستان، ژیانی دیموکراتیک و ئازاد بە بێدەنگی لە بەرامبەر داگیرکەریی تورک دا ناپارێزرێت، بەڵکو پشتیوانیکردن و بەرخودان دەپارێزرێت.

راگەیاندراوی کۆمیتەى پەیوەندیەکانی پەکەکە:

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، پاکتاوکار و فاشیست بۆ سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، گەل و خاکی کوردستان بەردەوامیی هەیە. دەوڵەتی تورک و هێزە هاوکارەکانی ئەوە بە پێویست نابینن، کە ئەو هێرشە پاکتاوکارییانە بشارنەوە. لە کەسایەتیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا هێرش دەکەنە سەر گەل، سروشت، زمان، کولتوری کوردستان و یەکێتیی نەتەوەیی. هێزەکانی گەریلامان بە بەرخودانی فیداییانە و بۆ پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و بەها بنەڕەتییەکانی گەلەکەمان شەڕ دەکەن.

دەوڵەتی تورک، کە لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلا لە بەریەک هەڵوەشاوەتەوە و ناتوانێت بە دڵی خۆی ئۆپراسیۆنە داگیرکەرییەکەى بەڕێوەببات، لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا هێرشی کردە سەر کامپی مەخمور، کە لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراقدایە. سەرباری ئەوەى، کە دەوڵەتی تورک لەو هێرشە بەرپرسیارە، بەڵام دەوڵەتى عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگن بەرامبەر هەڕەشە و هێرشە داگیرکەرییەکانی ئەردۆغانی دیکتاتۆری فاشیست، کە ئەویش لەو هێرشانە بەرپرسیارە. باشە بەپێی کام یاسا فڕۆکەى جەنگی و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەری دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار و فاشیست دەبێت بەسەر کامپی پەنابەراندا بۆمب ببارێنن، کە ئەو کامپە لە ژێر گارانتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراقدایە. هەروەها بەپێی کام یاسا رێگا دەدرێت ئاسمان (ئاسمانی عێراق) بۆ بەکارهێنانی هێرشکردنە سەر کەسانی مەدەنی بەکار بهێنرێت. ئەستەمە بەبێ رەزامەندیی ئەو هێزانە، دەوڵەتی تورک بتوانێت ئاسمانی عێراق بەکار بهێنێت و هێرش ئەنجام بدات.

 لە ئامانجی ئەو هێرشانە بۆ سەرکامپی مەخمور و دانیشتوانەکەى تێدەگەین، دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن، کە لە هەر شوێنێکدا کوردێک بە کولتور، زمان و وڵاتپارێزیی خۆی بژی و مەدەنیش بێت دەیکەنە ئامانج و هێرشی دەکەنە سەر. دەیانەوێت هەڵوێستی تێکۆشەرانە و بەرەنگارانە و خۆڕاگرانەى گەلەکەمان تێکبشکێنن. خەڵکی مەخموور لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە دژی هێرشە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە بۆتان تاوەکو مەخمور هەموو رۆژێکی خۆیان بە بەرەنگاری و خۆڕاگری و وڵاتپارێزی تێبەڕاندووە، بۆیە ئەو هێرشە بەشێکە لە پلانی پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورک، بەڵام بە دڵنیایەوە خۆی دەڕووخێت. بە پێشێلکردنی بەهاکانی مرۆڤایەتی، ویژدان و یاسا نێونەتەوەییەکان هێرش دەکاتە سەر خەڵکەکەمان لە مەخمور. بۆ راوەستاندنی ئەو هێرشانە بەرپرسیاری دەکەوێتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەدەکە. ئەو هێزانە، کە هێرشە فاشیستی و پاکتاوکارانەکان پەسەند و قبوڵ دەکەن، بێدەنگ دەبن و رێگای پێدەدەن، داوایان لێدەکەین، کە خاوەنداری لە ئەرکی خۆیان بکەن. مەخمور شکۆ و قەڵای بەرخودانی کوردستانە. لەم رێگەیەوە ئێمە ئەو هێرشانە، کە لە دژی خەڵکەکەمان لە مەخمور ئەنجام دەدرێت بە توندی ئیدانەیان  دەکەین.

هەواڵەکان لەبارەی هێرشی لە دژی هێزەکانی پەدەکە درۆن و بۆ رێگرتنە لە تێکشکاندنی دەوڵەتی تورک

هەروەها هەواڵێک بە ئەنقەست بە ناو رای گشتیدا بڵاوکرایەوە  و تیایدا راگەیاندرابوو، 'بەیانیی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە مەتینا هێزەکانی گەریلامان لە گروپێک لە هێزەکانی سەر بە زێرەڤانیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)یان داوە'. هەروەها پەدەکە بە ئەنقەست خواستی رووداوی کوشتنی پێشمەرگەیەک لە دەرکار لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا بخاتە ئەستۆی هێزەکانی هەپەگە. هەموو ئەو هەواڵانە راست نیین، مانیپیلاسیۆن و چەواشەکارین و دەیانەویت رەوایی بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بدەن. هەروەها بۆ رێگریکردنە لە تێکشکاندنی دەوڵەتى تورک.

ئێمە ئەو هەواڵ و راگەیاندراوە بێ بنەما و درۆیانە ئیدانە دەکەین، کە لە چوارچێوەی زمانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتى تورک دا گەریلا و بزووتنەوەکەمان دەکاتە ئامانج. سەرباری ئەوەى هەپەگە رایگەیاندووە، هیچ پەیوەندییەکیان بەو دوو رووداوەوە نییە، بەڵام پەدەکە و راگەیاندنەکانی بە پێداگرییەوە دەیانەوێت ئەو رووداوانە بخەنە ئەستۆی هێزە گەریلا شکۆمەندەکانمان. هێزەکانی گەریلا ٤٦ رۆژە لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر قارەمانانە و سەرکەوتوانە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن و سوپای تورکیان گەیاندووەتە ئاستی رووخان و هەڵوەشان.

لەم سەردەمەدا، کە لە دژی داگیرکەری، تاڵانی، دزی و کوشتاری دەوڵەتی تورکی فاشیست گەلەکەمان لە باشوروی کوردستان و هەموو گەلەکەمان و رای گشتیی جیهان هەڵوێستیان وەرگرتووە، بەڵام پەدەکە بە ئەنقەست هەواڵی لەو شێوەیە بڵاودەکاتەوە. هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە درۆیانەدا لەم رۆژانەی دوایدا دەوڵەتی تورکی فاشیست لە هەولێر لەگەڵ پەدەکە کۆبووەتەوە و ئەوەش بە تەواوەتی سەرنجڕاکێشە.

 هێزەکانی گەریلامان دەوڵەتى تورک دەکاتە ئامانج، چونکە دەوڵەتى تورک دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو باشووری کوردستان داگیر بکات. هێزەکانی گەریلا دەیان ساڵە بەرخودانی نەتەوەیی مێژووی بەڕێوەدەبەن و ئەوەیان سەلماندووە. ئەو هێزانە، کە ناتوانن لە بەرامبەر داگیرکەریی دەوڵەتى تورک دا بەرەنگاری و خۆڕاگری بکەن، دەیانەوێت سوود لە پێگە و دۆخی گەریلا وەربگرن، چونکە گەریلا لە دژی داگیرکەری بەرەنگاری و خۆڕاگری دەکات. ئەوە قبوڵ ناکرێت ئەو هێزە بچێتە ناوچەیەک، کە ٢٥ ساڵە لە ژێر دەستی گەریلادایە و ئەویش بیەوێت بیخاتە دەستی خۆی و کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی تیادا بکات. پەدەکە هەم رەوایی بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دەدات و هەم رێگری لە تێکۆشانی گەل و هێزە سیاسییەکانی دژ بە دەوڵەتی تورک دەکات و دەیەوێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورک رەوا بکات، بەڵام دەبێت پەدەکە هەم لە مەتینا و هەمیش لە گۆڕەپانی بەربزێن هێزەکانی بکشێنێتەوە.

قەوارەی هەرێمی کوردستان و ژیانە ئازاد و دیموکراتیکەکەى بە بێدەنگی بەرامبەر بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک ناپارێزرێت، بەڵکو بە پشتیوانیی هێزەکان لە دژی ئەو داگیرکەرییە و بە بەرخودان و بەرەنگاری دەپارێزرێت. ئەوەش ئەرکی پەرلەمانی باشووری کوردستانە. پەرلەمانی باشووری کوردستان بەرامبەر بەو رووداوانە دەبێت بە هەستیاریی وڵاتپارێزی کوردانەوە بجوڵێتەوە، لە بەرامبەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دا داوای بەرخودان لە هەموو حیزبەکانی باشووری کوردستان بکات. ئێمە داوا دەکەین، کە دەبێت ئەو هێزانە خۆیان بە دوور بگرن لەو هەوڵ و هەنگاوانە، کە رێگا بۆ داگیرکەری خۆش دەکات، دەبێت هەموو هێزەکان لە دەوری هەوڵەکان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی بن.

هێزەکانی گەریلامان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی فاشیست بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند شەڕ دەکەن و تێدەکۆشن. ئێمە داوا لە هەموو هێزەکانی کوردستان و گەل دەکەین ئەو بەرخودانە گەش و بەهێز بکەن، بەشداری هەموو پروسە و قۆناغەکە بکەن، لەگەڵ گەریلا بن و ئێمە پێکەوە داگیرکەری تێکدەشکێنین".

ژ.ت