پەکەکە، یادى شەهیدان ‘عیرفان گولەر و سەعید ئولچو’ی بەرز ڕاگرت

کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، یادى شەهیدبوونى هەردوو گەریلا عیرفان گولەر ‘عادل ئورفا’ و ‘سەعید ئولچو ‘فەرات پیر’، بەرز ڕاگرت، کە بۆ نووسینی ڕۆمانی شۆڕش چووبوونە ڕۆژئاواى کوردستان.

هەردوو پێشەنگی پەکەکە، عیرفان گولەر (عادل ئورفا) و سەعید ئولچو (فەرات پیر) لە ڕۆژی ١٤ و ٢٩ی ئازاری ئەمساڵ بە نەخۆشیی لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون، ئەمڕۆ کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا یادی ئەو شەهیدانەی بەرز ڕاگرت.

کۆمیتەکە لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا، خەمباریى خۆیان بۆ شەهیدبوونی ئەو دوو گەریلایە دەردەبڕن و بە ڕێزەوە یادییان دەکەنەوە، بەڵێنیش دووپاتدەکەنەوە، لە هەموو چرکەساتەکانی ژیاندا لە بیریان نەکەن و درێژە بە ڕێبازەکەیان بدەین.

لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: شوێنی عیرفان گولەر و سەعید ئولچو، کە دوو شۆڕشگێڕی گەورە بوون پڕ ناکرێتەوە، چونکە ئەو دوو شەهیدە هەموو ژیانی خۆیان لە پێناو تێکۆشان بۆ دەستخستنى ئازادیی گەلی کورد و مرۆڤایەتی تەرخان کردبوو، جێدەستیان لەناو تێکۆشانی گەلی کورددا دیارە.

کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لەبارەى خەباتى ئەو دوو شەهیدەوە باسی لەوەش کردووە، ئەو دوو گەریلایە لەسەرەتای شۆڕش لە ساڵانى حەفتاکان بەشداربوون و دواتر هەریەکەیان زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەناو زیندانی داگیرکەران ماونەتەوە، پاش ئازادکردنیشیان، گەڕانەوە بۆ چیاکانى کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٠ و ٢٠٠١دا .

لەبارەى خەباتى ئەو دوو گەریلایە لە بوارى نووسیندا ئەوە خراوەتەڕوو، چەند بەرهەمێکى بەنرخی نووسراویان لە ماوەی ژیانیان پێشکەش بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی و گەلی کورد کردووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە یەکێک لە بەرهەمە دبارەکانى ئەو گەریلا شەهیدە بەمشێوەیەیە کراوە، ئەو دوو گەریلایە بۆ نووسینی ڕۆمانی شۆڕش چووبوونە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەخۆشییەوە شەهیدبوون.

ف.ق