پۆلیسی دەوڵەتی تورک هەڵیکوتایە سەر بسملی ئامەد و هاووڵاتییانی ئەشکەنجە کرد

پۆلیسی دەوڵەتی تورک هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکەکانی ناوچەى بسملی ئامەد و دەستیانکرد بە ئەشکەنجەکردنی خاوەن ماڵێک و ماڵەکەیان تێکوپێکدا و چاڵیان لە ماڵەکەیدا هەڵکەند و تورەکەیان کردە سەری و هەڕەشەى کوشتنیان لێکرد.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، لە ٦ی نیساندا پۆلیسەکانی دەوڵەتى تورک لە کاتژمێر ٠٢:٠٠ بەرەبەیاندا هەڵیانکوتاوەتە سەر گەڕەکەکانی دیجلە، دوملوپنار و حاجی کوردان لە ناوچەى بسملی ئامەد.

پۆلیسەکان تاوەکو کاتژمێر ٠٨:٠٠ و بۆ ماوەى ٦ کاتژمیر بەردەوام بوون لە هەڵکوتانەکەیان و بۆ هەڵکەندنی ناو ماڵەکان حەفارەیان هێنا بۆ گەڕەکەکان.

لەو هەڵکوتانەدا پشکنین بۆ ٣ ماڵ کراوە و لە گەڕەکی دیجلە ناو ماڵ، باخچە و کۆڵیتی ماڵی ئیبراهیم خەلیل ئەرجانیان بە حەفارە هەڵکۆڵیوە.

ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتە میزاجییانەی پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە گەڕەکەکانی دوملوپنار و حاجی کوردان دووبارە بوویەوە.

پۆلیس لەو هەڵکوتانەیاندا ئیبراهیم خەلیل ئەرجانیان ئەشکەنجە کردووە. ئەرجان لە میوانی بووە و پۆلیسەکان دەڕۆن بە لێدان و ئەشکەنجە دەیبەنەوە بۆ گەڕەکەکەی خۆی و کاتێکیش دەگەنەوە گەڕەکەى خۆی دەستدەکەنەوە بە ئەشکەنجە و لێدانی.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک چاوی ئەرجانیان بەستوە و تورەکەیان کردووەتە سەری و ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆریان کردووە.

ئەرجان لەوبارەیەوە رایگەیاند، من لە ماڵەوە نەبووم و لە کاتی پشکنینی ماڵەکەمەدا لە ماڵێکی تر میوان بووم. راشیگەیاند، "هەڕەشەیان لێکردووم و پێیان وتوم، تۆ دەبێت ئەمانە بخەیتە ئەستۆی خۆت ئەگەر نا دەتکوژین". لە کاتی پشکنینەکەدا ئەرجان دەستگیرکرا و بردیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد و لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا لەسەر زەوی رایانکێشابوو.

ئەرجان بە پارێزەرەکەى خۆی وتووە، چەندین کاتژمێر ئەشکەنجەیان کردووە. پارێزەرەکەى رایگەیاندووە، لە کاتی دەستگیرکردنەکەیەدا وێنە گیراون و لە وێنەکانیشدا دیارە، کە ئەرجان ئەشکەنجە کراوە.

ژ.ت