پەرلەمانتارانی ئەوروپا کەمپەینێکیان بۆ ئازادیی دەمیرتاش دەستیپێکرد

پەرلەمانتارانی ئەوروپا بۆ ئازادیی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کەمپەینێکیان دەستپێکرد.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسەر تاوانی بێ بنەما زیندانیکراوە. تا ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ٢ جار داوای ئازادیی دەمیرتاشی کردووە، بەڵام سەرباری ئەوەش هێشتا لە زینداندایە. پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە دژی زیندانیکردنی دەمیرتاش ناڕەزایەتیان نیشاندا و بۆ ئازادیی دەمیرتاش کەمپەینێکیان رێکخست.

کەمپەینە بە پێشەنگایەتیی ئەڤین ئینجیر پەرلەمانتاری پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، کە خەڵکی باکووری کوردستانە بەڕێوەدەچێت. ئەڤین ئینجیر بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، دەمیرتاش بە پاساوی سیاسیی زیندانکیراوە و دەبێت بە خێرایی ئازاد بکرێت. ئەڤین ئینجیر خۆی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە ٢٦ی ئایاری ٢٠١٩دا لەسەر لیستی حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی سوید بۆ پەرلەمانی ئەوروپا هەڵبژێردرا.

٥٩٠ پەرلەمانتار داوای ئازادیی دەمیرتاشیان کردوە

ئینجیر رایگەیاند، سەرباری ئەوەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ جاری دوەم بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەمیرتاش دەرکردووە، بەڵام دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە هێشتا لە زینداندایە و ئازاد نەکراوە. راشیگەیاند، "ئیمە چاوەڕێ بووین تورکیا رێز لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بگرێت، بەڵام تورکیا ئەو بڕیارەی رەتکردووەتەوە، کە ناچارە بە جێبەجێکردنی. لەبەر ئەوەش لە مانگی کانوونی دووەمەوە من دەستم بەم دەستپێشخەرییە کرد. بۆ ئەوەى پەرلەمانی ئەوروپا بڕیار بدات پرۆژەیەکم پێشکەشی پەرلەمانی ئەوروپا کرد".

ئینجیر باسی ئەوەیکرد، ئەو پرۆژەیە، کە بۆ ئازادیی دەمیرتاش پێشکەشی کردووە لەلایەن زۆربەى پەرلەمانتارەکانەوە پەسەند کراوە و لە کۆی ٧٠٥ پەرلەمانتار ٥٩٠ پەرلەمانتاریان پرۆژەکەیان بۆ ئازادیی دەمیرتاش پەسەند کردووە.

بابەتەکە لە ١٠ی ئادار دا دەبێتە رۆژەڤی ئەنجوومەن

ئینجیر رایگەیاند، وەک بەشێک لە کەمپەینی ئازادی بۆ دەمیرتاش، پەرلەمانتارانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەستیان بە کەمپەین کردووە و وتی، "پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە ٤٧ وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئەوروپا بەشداری کەمپەینەکە بوون. ئێمە ئیمزا کۆکراوەکانمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی یەکێتیی ئەوروپا ناردووە. بابەکەش لەم هەفتەیەدا و لە ١٠ی ئاداردا دەبێتە رۆژەڤی ئەنجوومەنەکە و لێکدانەوەى بۆ دەکرێت".

ژ.ت