پەیامێکی توند لە هاوسەرۆکی یەکێتیەوە بۆ سەرۆکی حکومەت

دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستوەردانی لە کەیسی هێرشکردنی سەر غالیب مەحمەد کرد، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی پەیامێکی توندی ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد.

دوای ئەوەی  دوێنی یەكێتی ڕایگەیاند: سێ  بەرپرسی دەزگای پاراستنی پارتی بە ناوەکانی جەلال سدیق، پلەی ملازمی یەکەمە، مەحمود سەعید دەلاک، پلەی نەقیبە، ئاری عارف ئەحمەد، بەپلەی نەقیبە، بە تۆمەتی هاوکاریکردن لە هێرشکردنە سەر دکتۆر غالیب محەمەد پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا دەستگیر کراون و دواتر میدیای ئەو حزبە ڕایگەیاند، بە فشاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمرۆ ئەو سێ کەسە ئازاد کراون.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بە تۆمەتی دەستوەردان لە کاروباری دادگا پەیامێکی توندی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد و وتی:" سەرۆکی حکومەت لێرەوە پێت دەڵیم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لە دەستداوە".

لاهور شێخ جەنگی پەیامەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردوەتەوە و تێیدا دەڵێت “دەستیان داوەتە کاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ کەسە ئازاد بکرێن و کەیسەکە دیزە بە دەرخونە بکرێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەکرد”.

هاوسەرۆکی – یەنەکە، لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نوسیویەتی: “هەر ئەو حکومەتەی کە لە کەیسی دەستگیرکردنی (٥) چالاکوانەکەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەکان دەکرد کە دەستوەردان لە کاروباری دادگا نەکەن، کەچی هەمان حکومەت بە ئاشکرا و بە هەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەکی هەواڵگریی هەرێم دەکات کە لەسەر کەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر کراون”.

پەیامەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی لە کاتێکدایە دەستگیرکردنی کادرانی یەکێتی لە بادینان  و هەولێر و چالاکوانانی بادینان، پەیوندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تا ئاستێکی باڵا ئاڵۆز کردوە و  ڕاگەیاندنەکانی پارتی بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر لاهور شێخ جەنگی  و دەیان تۆمەتی ئاراستە دەکەن.

ف.ق