قەرەیلان: لە گارە لە بەریەک هەڵوەشان و رایانکرد

قەرەیلان رایگەیاند، سوپای تورک گیری خوارد، گازی بەکارهێنا، رێگای چەپەڵی گرتەبەر، ٤ رۆژ هەوڵیدا بڕواتە ناو کامپەکە. کاتێک زانییان لەلایەن هێزەکانمانەوە گەمارۆدراون و لەبەر یەکهەڵدەوەشن، گازیان بەکارهێنان و بە خێرایی رایانکرد.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن، کە تووشی قەیران و گێژاو بوون بو "نمایشی سەرکەوتن و هەڵبژاردنی پێشوەخت" مەترسییان دایە بەرخۆیان و خواستیان گارە داگیربکەن.

قەرەیلان وتی، "لە بەرزترین ئاستدا پلانیان دانا، بەڵام سەرباری ئەوەى دەیانزانی بەدەرە لە عەقڵ و مەترسیدارە، بەڵام ئەوەیان دایە بەرخۆیان. ئەردۆغان قوماری کرد، بەڵام دۆڕا. بۆ داگیرکەری هاتبوو، بەڵام نەیتوانی داگیر بکات، لە بریی ئەوەى دیلەکان رزگار بکات، کوشتنی، بەڵام خۆیشی لە بەریەک هەڵوەشا".

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیی پاراستنی هێزەکانی گەل (نەپەگە) بەشداری بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی بوو و لە بەرنامەکەدا سەرنجی خستەسەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە و ئەنجامەکانی.

قەرەیلان سەرەتا یادی ئەو ١٥ گەریلایە کردەوە، کە لە بەرخودانی گارەدا شەهید بوون و رایگەیاند، ئەوان داستان و ئەفسانەى بەرەنگارییان تۆمار کرد. قەرەیلان وتی، "ئێمە قەرزاری ئەوانین. ئەوان بە فیداکاری ئەو داستانەیان تۆمار کرد. ئێمە بە بەردەوامی یادیان بەرز رادەگرین".

قەرەیلان رایگەیاند، شەڕ و بەرخودانی گارە لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا لە ئێستاوە شوێنێکی گرنگی بۆ خۆی خوڵقاندووە  و وتی، "شەهیدان بە رەنج، ئازایەتی و فیداکاری ئەو داستانەیان تۆمارکرد". قەرەیلان سەرنجی خستەسەر ئەوە، کە لە کاتی هێرشی داگیرکەری بۆ سەر گارە هیچ ئۆپراسیۆنێکی تر ئەنجامنەدرا و لە بەرزترین ئاستدا ئۆپراسیۆنەکەیان رێکخستبوو و بڕیاریان لێدابوو و وتی، "سەرۆک کۆمار، وەزیر و فەرماندە گشتییەکان بۆ خۆیان لەسەری راوەستابوون. چەندین مانگ بوو ئامادەکارییان بۆ دەکرد و لە ئەنجامدا بەو شێوەیە هێرشیان کرد".

"هەموو توانای خۆیان بەکارهێنا، بەڵام سەرنەکەوتن"

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، لەم ٦ ساڵەى رابردوودا لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک شەڕی دژواریان ئەنجامداوە و سەرباری ئەوەی دەوڵەتی تورک هەموو توانای خۆی بەکارهێناوە، بەڵام نەیتوانی سەربکەوێت و بە ئامانجەکەى نەگەیشتووە. قەرەیلان وتی، "لەبەر ئەوەیە قەیرانێکی سیستماتیکیان لێ پەیدا بووە. ئەو رژێمە، کە لە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن پێکدێت، لە گێژاوێکی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیدایە. داهاتویان لە مەترسیدایە. خواستیان سوود لەم هەلومەرجەی زستان وەربگرن و لە دژی ئێمە دەست بە هەڵمەتێک بکەن و درێژە بە رژێمەکەى خۆیان بدەن.

ئەگەر سەربکەوتنایە هەڵبژاردنی پێشوەختیان ئەنجام دەدا. بۆ ئەوە دەستیان بە جموجوڵ کرد. لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا لە باکووری کوردستان، لە سەرحەدەوە بگرە تاوەکو مێردین و دێرسیم لە دژی هێزەکانمان ١٠ ئۆپراسیۆنیان ئەنجامدا. لەو ئۆپراسیۆنانەدا هیچ ئەنجامێکیان بە دەست نەهێنا. ئێمە لە هیچ یەک لەو ناوچانە شەهیدمان نەدا. تەنها لە مێردین ٣ هەڤاڵمان شەهید بوون. هێرشیش بۆ سەر گارە وەک لایەنی رێکخستن و پلاندانان گەیشتبووە بەرزترین ئاستی ئامادەکاری. دەیانخواست گارە داگیر بکەن. دەیانخواست لە  ستراتیژیترین شوێندا خۆیان جێگیر بکەن. بۆ ئەوەش خواستیان هەم بە ئێمە و هەم بە هێزەکانی تری نیشان بدەن، کە لە دۆخ و پێگەیەکی بەهێزدان".

دەیانخواست نمایش بە دیلەکان بکەن

لە هەمان ئەو ناوچەیەدا دیلیش هەبوون. لەوەش ئاگادار بوون، ئێمەش دەمانزانی ئەوان لەوە ئاگادارن. دەیانخواست بچنە سەریان، یان بە کوژراوی یان بە ساخی بیانخەنە دەستی خۆیان و نمایش و شانۆییان پێوە بکەن. بۆ ئەوەى درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بدەن، خواستیان نمایشێکی سیاسیی لەو جۆرە ئەنجام بدەن.

بۆ داگیرکردن هاتبوون و نەیانتوانی، وتیان دیلەکان زرگار دەکەین، بەڵام لەبەر یەک هەڵوەشان

هەر چەند لە بەرزترین ئاستدا ئامادەکارییان بۆ کردبوو، بەڵام ئۆپراسیۆنێکی عاقڵانە نەبوو. هیچ لۆژیکێکی تیادا نەبوو، بەڵام مەترسییان دایە بەرخۆیان. ئەردۆغان قوماری کرد، بەڵام دۆڕا. بە تەواوی دۆڕا. بۆ داگیرکردن هاتبوون، بەڵام نەیانتوانی. دەیانوت بۆ رزگارکردنی دیلەکان هاتوون، بەڵام نەیانتوانی ئەوانیش رزگار بکەن و بۆ خۆیان لەبەر یەک هەڵوەشان.

خواستیان لە دەرفەتەکان سوود وەربگرن. هەموو کەس دەزانێت لە هەلومەرجی زستاندا بە فڕۆکەى چاودێری ئەنجامی باشتر بە دەست دێت، هەم زستانە، هەم هەورە و هەمیش ساماڵە، لەو دۆخەدا لەیزەر و چاودێری بە لەیزەر و هەستگرەکان زیاتر کاریگەرە، هەوا ساردە و دار و گەڵا نییە، لەو هەلومەرجەدا دەتوانێت باشتر کاری چاودێری بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان ئەنجام بدات.

دیارە هەڤاڵانمان لە باشووری گارە لە بابەتی رێوشوێنەکاندا بە تەواوەتی ئامادەکارییەکانیان تەواو نەکردبوو، رێوشوێنەکان کەمبوون. ئەوان بەو شێوەیە تێگەیشتبوون. هەڤاڵانمان هەموو کات بەپێی باکوور رێوشوێنەکان دەگرنە بەر. ئەوان ئەوەشیان بۆ روون بووبوویەوە. ئەوان ئەو لاوازییەیان بینی و بە تاکیتێک هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچەیە. خواستیان سوود لەوە وەربگرن و بەوە ئەنجامێکی سوپرایز و سەرسوڕهێنەر بەدەست بهێنن.

گیریانخوارد و نامەردانە شەڕیان کرد و گازیان بەکارهێنا و رایانکرد

بە پێشەنگایەتیی شۆڕش رۆژهات و سەیفییەکان بەرخودانێکی زۆر گرنگ ئەنجامدرا، هاوڕێیانمان هەر لە یەکەم هەنگاودا بە دژواری لێیاندان. سوپای تورک گیری خوارد. هەر کە زانییان گیریانخواردووە، رێگای نامرۆڤانە و نامەردانەیان گرتەبەر. گازیان بەکارهێنا و بە ترسنۆکانە شەڕیانکرد. پەنایان بردە بەر شێواز و رێگا چەپەڵەکان و ٤ رۆژ هەوڵیاندا بچنە ناو کامپەکە...

کاتێک زانییان گەمارۆدراون و هێزەکانمان ئەوانیان گەمارۆداوە و لە بەریەک هەڵیاندەوەشێنن، کاێک بەوەیان زانی، گازیان بەکارهێنا و بە خێرایی رایانکرد.

گوایە ئۆپراسیۆنی بەرفراوان دەکەن، بەڵام رایانکرد

رەنگە قسەکەی یاشار بیوک ئانێت (سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای تورک لە کاتی تێکشاندنیان لە ساڵی ٢٠٠٧ لە زاپ)، کە وتبوی، 'وەک دەرکێشانی موو لە ناو رۆندا، خۆیان دەرکێشا" بەکارنەهێنا، بەڵام لەو مانایەدا قسەى کرد و هەڵسوکەوتەکانی وابوون. ئەوەندە قیڕە قیڕ و هاوار هاواریان کرد، هێرشی ئاسمانیی زۆر و چڕیان ئەنجامدا تاوەکو بە راگەیاندنەکان بڵێن، 'ئۆپراسیۆنی بەرفراوان دەکەن' بەڵام هەر بەدەم قیڕە قیر و هاوارەوە لەو گۆڕەیەدا رایانکرد. ئەو دۆخە بۆ ئەوان دۆڕان و شکستێکی زۆر گەورە بوو.

ئەردۆغان بۆ یەکەمجار ناچاربوو بڵێت، "بەداخەوە ئێمە سەرنەکەوتین". قارەمانەکانی ئێمە ئەردۆغانیان ناچارکرد ئەو قسەیە بکات.

بە روونی و ئاشکرا دەیڵێم، ئەگەر لە هەلومەرجی هاویندا بوایە و بۆ چەند کاتژمێر هەوا هەوری بوایە، یەکێک لەوان بە ساخی دەرنەدەچوون. هەموویان لە ناودەچوون. ئێستاش بە قارەمانیی هاوڕێکانمان گورزێکی گەورەیان لێدرا، بەڵام ئەگەر هاوین بوایە گورزێکی زۆر گەورەتریان لێدەدرا".

گەریلای سەردەم

قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا رایگەیاند، بینیان ئەو یەکە پرۆفیشناڵانە، کە کاریان لەسەر دەکرێت چۆن ئەنجامیان بە دەستهێنا و راشیگەیاند، گەریلا لە حەفتانین ئەو ئەزمونەى بە دەستهێنا و بە شێوازی جۆراجۆر ئەوە لە گارە پشتڕاستکرایەوە و وتی، "بەپێی ئەو زانیارییانەى کە هاوڕێکانمان پێیانداوین، ٢٠ درۆن، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و ٤١ فڕۆکەى جەنگی بە ئاسمانی گارەوە بوون. کۆپتەرەکانی کۆبرا و ئاتاک و سکۆرسکیش هەبوون. لەو ٤ رۆژەدا دەیان تیم و یەکەی ئێمە لە جموجوڵدا بوون. ئەوان دەڵێن، ٥٠ شوێنیان بۆردومانکردووە، ژمارەیەکەیان بە باشی لێم روون نییە، بەڵام لە ئەنجامی بۆردومانکردنی هەموو ئەو شوێنانەدا تەنها یەک هەڤاڵمان شەهید بووە. هاوڕێکانی ترمان هەمویان لە شەڕدا شەهید بوون. ٣ هاوڕێشمان کاتێک دەڕۆیشتن بۆ شوێنی شەڕ، شەهید بوون.  گەریلایەتییەکی راست و دروست و لە ئاستێکدا، کە قبوڵکراو بێت، بە تونێل و  شەڕی گەریلایەتی و بە بەرخودانی گارە جارێکیتر خۆی سەلماندەوە. بەو بەرخودانە قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد، شێوازێکی سەرکەوتوانەى گەورە دەستنیشان و روونکرایەوە. لەو بڕوایەدام، کە ئەوە بە درێژایی ساڵ دەبێتە رێباز و رۆح و ئیلهام و ورەیەکی نوێ".

با شاند و لیژنەى سەربەخۆ بێن لێکۆڵینەوە بکەن

قەرەیلان سەرنجی خستەسەر شێوازی هێرش و رێچکەى ئەو شەڕە و رایگەیاند، ئەستەمە و هەرگیز بەو شێواز و رێگایە دیلەکان بە ساخی زرگاریان نەدەبوو و وتی، "دوای دەیان بۆردومان، شەڕ کرا و تێکشکێندران. لە دوایدا گازیان بەکارهێنا. هیچ کارێکیان ئەنجام نەدا بۆ ئەوەى ئەو کەسانە بە ساخی بمێنننەوە، بە پێچەوانەوە هەموو جۆرە چەکێکیکان بەکارهێنا. بۆ ئەوە نەهاتبوون ئەوان بە ساخی لەگەڵ خۆیان ببنەوە. ئەوانیان کردە قوربانی بۆ دەسەڵاتی خۆیان.

تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ ئێمە سەدان سەربازی دەوڵەتی تورکمان دیلکردووە، لە هیچ کات و سەردەمێکدا دیلمان نەکوشتوە. هەموو جارێکیش دیلەکانمان بە شێوازێک لە شێوازەکان رادەستی بنەماڵەکانیان کردووەتەوە. لە کاتی خۆیدا ناوبژیوانان دەهاتن و دەڕۆیشتن، بەڵام بۆ ئەم دیلانە هیچ کەس نەهات ناوبژیوانی بکات، چونکە رژێمی ئاکپە – مەهەپە رێگایان بەکەس نەدەدا ناوبژیوانی بکات. کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی داوایانکردبوو، کە ناوبژیوانی بکەن بۆ وەرگرتنەوەى دیلەکان، بەڵام دەوڵەتی تورک رێگای پینەدان.

ئێمە پێبەندین بە یاسا نێونەتەوەیەکانی بواری جەنگەوە. بۆ پاراستنی ئەو دیلانە فیداکاریی زۆر گەورە کرا، ئێمە کراوەین، با شاند و لیژنەیەکی نێونەتەوەیی و سەربەخۆ بێن بۆ ناوچەکەمان. تەرمی هەڤاڵە شەهیدەکانمان هەیە، دەتوانن نمونەیان لێوەربگرن. دەتوانن لە کامپەکەدا لێکۆڵینەوە بکەن. ئێمە ئەو لیژنە و شاندە بانگهێشت دەکەین، کە بێن و لێکۆڵینەوە بکەن بۆ ئەوەى فاشیزمی دەوڵەتی تورک ببینن".

ژ.ت